تورکیا: “لە ھەفتەی ڕابردوودا 108 گەریلای پەکەکە کراونەتە ئامانج”

تورکیا:"لە ھەفتەی ڕابردوودا 108 گەریلای پەکەکە کراونەتە ئامانج"

پەکەکە: لە مانگی ڕابردوودا 12 چەکداری تورکمان کوشتوون.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان داون، 108 گەریلای پەکەکە/یەپەگە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە، هاوکات پەکەکەش ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ڕابردوودا 12 چەکداری تورکی سزاداوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/5/2024، ئامارەکانی حەوتووی ڕابردووی شەڕی لەگەڵ پەکەکە ڕاگەیاند و ئییدیعای ئەوەی کرد کە لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا 108 گەریلای “پەکەکە/یەپەگە”یان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کردۆتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

وەکوو لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورکدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەوتووی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا، 67 گەریلا لە باشووری کوردستان و 41 گەریلاش لە ڕۆژئاوای کوردستان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

تورکیا ئیدیعای ئەوەش دەکات کە لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تا ئەمڕۆ 953 گەریلای پەکەکە لە ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان کراونەتە ئامانج کە وەکوو وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورک باسی دەکات، لەو ژمارەیە 443 گەریلا لە باشووری کوردستان و 510 گەریلای دیکەش لە ڕۆژئاوای کوردستان بوون.

هاوکات پەکەکەش ئاماری شەڕی مانگی ڕابردووی بڵاو کردۆتەوە و بەپیی ئامارەکە 12 چەکداری تورک لە ئەنجامی هێرشی گەریلاکانی ئەو حیزبەدا کوژراون.

تورکیا و پەکەکە ناوەناوە ئاماری شەڕی گوماناوی نێوانیان بڵاو دەکەنەوە و هەرکامەیان ئیدیعا دەکەن کە ئەوەندەمان لە لەلایەنی بەرانبەر کوشتووە، بەڵام ئامارەکانی هەردوولا زۆر لە ڕاستیەوە دوورن و هیچکات لەلایەن ناوەندە سەربەخۆکانی هەواڵەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. دەوڵەتی تورک و پەکەکە ئەم ئامارانە وەکوو شەڕێکی دەروونی و بۆ کاریگەریی دانان لەسەر جەماوەرەکەیان بڵاو دەکەنەوە دەنا لە ڕاستیدا قوربانیان شەڕی ساختەی نێوان تورکیا و پەکەکە خەڵکی کوردستان بەگشتی و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتین.

پوستێن ھەمان بەش