لە 10 شاردا 72 کەس بە هۆی پەکەکە دەستبەسەرکران

لە 10 شاردا 72 کەس بە هۆی پەکەکە دەستبەسەرکران

لە تورکیا و باکوری کوردستاندا ڕۆژانە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت، بە بیانووی پەکەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیان و دەسبەسەریان دەکەن.

لە 10 پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستاندا، 72 کەس بە گومانی “ئەندامێتی و پشتیوانی و پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە” دەستبەسەرکراون.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “X” نووسیویەتی:

“لە 10 شاردا 72 کەس دەستبەسەر کراون کە کاریان بۆ پەکەکە کردووە، لە نەورۆز و کۆبوونەوەکاندا پڕوپاگەندەیان بۆ پەکەکە کردووە، بەشدارییان لە یادکردنەوەکان و شینی ئەندامانی ڕێکخراوەکە کردووە ودروشمیان بەرز کردۆتەوە، هاوکاری داراییان پێشکەش بە زیندانیانی سەر بە پەکەکە کردووە، بڕیاری دەستبەسەرکردن و سزادانیان بۆ دەرچووە”.

ئەو کەسانە لە شارەکانی ئامەد، ڕووها، ماردین، خارپێت، سەمسوور و جۆلەمێرگ لە باکوری کوردستان و لە شارەکانی ئەستەنبوڵ، بالکەسیر، ئانتالیا و ئەسکیشەهیر لە تورکیا دەستبەسەر کراون.

لە تورکیا و باکوری کوردستاندا ڕۆژانە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیان و بە بیانووی پەکەکەوە خەڵکی سڤیل و چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری کورد دەسبەسەر دەکەن.

پوستێن ھەمان بەش