شنگال.. هۆزێکی عەرەب لە سەر ڕفاندنی 5 کیژۆڵەی هۆزەکە لەلایەن پەکەکەوە هەڕەشەی شەڕ دەکات

پەکەکە ئیدیعا دەکات کە ئاگاداری ڕفاندنی ئەو کچانە نیە و دانیشتوانی گوندەکەش هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەکانی پەکەکە.
دوای ڕفاندنی 5 کیژۆڵەی کەم تەمەنی هۆزێکی عەرەب لە گوندی “ئوم زیبان” لە سنووری شەنگال، ئاژاوەیەک دروست بوو و گەنجانی ئەو هۆزە چەکیان هەڵگرت و هەڕەشەی شەڕ لەدژی پەکەکە دەکەن.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکامازی” ئاشکرایان کرد، دوێنێ چوارشەممە 29/5/2024، پێنج کچی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵی هۆزێکی عەرەبی نیشتەجێی کۆمەڵگەی “ئوم زیبان” لەسەر سنووری شنگال، بێسەروشوێن بوون. دوای ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە لەلایەن دامودەزگا مەدەنییەکانی پەکەکەوە فریودراون و دواتر ڕفێنراون.
سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کردووە، ئەو 5 کیژۆڵە مێرمنداڵە، سەر بە هۆزێکی عەرەبن و نیشتەجێی کۆمەڵەی “ئوم زیبان”ی ناحیەی قەحتانی نزیک شەنگال بوون کە پەکەکە بەناوی ئەنجومەنی ساختەوە فریوی داون و بەرەو شوێنێکی نادیاری بردوون.
ناوی کچە ڕفێنراوەکان بریتین لە:
1ـ زەحیە موتلەگ ساڵح ئەحمەد دلێمی – لەدایک بووی ساڵی 2010 – ناوی دایکی: زەهرە حمێدی.
2ـ دوعا عەواد محەممەد دلێمی – لە دایکبووی 2014 – ناوی دایکی: جەواهر جاسم حموود.
3ـ شاهە سەمیر حمێدی ساڵح دلێمی ـ لەدایکبووی ساڵی 2009 – ناوی دایکی: حەیات محەممەد حموود.
4ـ ڕەهەف ناسر جاسم حموود دلێمی – لە دایکبووی ساڵی 2013 ـ ناوی دایکی: مەشاعل محەممەد حموود.
5ـ ریودە میەسر جاسم حموود دلێمی – لە دایکبووی 2013 – ناوی دایکی: منیب سەبیعی محەممەد.
سەرچاوەکانی “دارکا مازی” هەروەها دەستنیشانیان کرد کە ئەو هۆزە عەرەبە، هەڕەشەی شەڕیان دژی پەکەکە کردووە و بنکەکانی پەکەکەیان لە کۆمەڵگەی “ئوم زیبان” کۆنترۆڵ کردووە و بارودۆخی کۆمەڵگەکە زۆر ئاڵۆز بووە، سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پەکەکە لە خانەسۆر کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
سەرچاوەکانی ئێمە ئاشکرایان کردووە کە بابی یەکێک لە کچەکان کە لەگەڵ پەکەکە کار دەکات و ئەو کچانە لە ڕێگای ئەو کەسەوە فریو دراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانمان، لەئێستادا دانوستان لەنێوان هۆزە عەرەبەکە و فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە ئارادایە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کچانە و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هۆزەکە مۆڵەتێکی بۆ پەکەکە دیاری کردووە تا کچە ڕفێندراوەکانیان بۆ بگەڕێننەوە.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” سەبارەت بە مژاری ڕفاندنی ئەو 5 کیژۆڵە عەرەبە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەوشی گوندی “ئوم زیبان” هێشتا هەر ئالۆزە و پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئاگاداری ڕفاندنی ئەو کچانە نیە و دانیشتوانی گوندەکەش لەلای سوپای عێراق سکاڵایان لەسەر پەکەکە تۆمار کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدولڕەحیم شەمێری پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، پەکەکە بە ناوی ئەنجوومەنی ژنانەوە کچان هەڵدەخەڵەتێنێت و دواتر ئەو کچانە لە بەرانبەر پارەیەک بە بڕی 100 بۆ 200 دۆلار ئەرکدار دەکەن.
سەبارەت بە ڕفاندنی کچان و منداڵانی کورد و نەتەوەکانی دیکە لەلایەن میلیشیا و چەتەکانی پەکەکەوە، دانیشتوانی گوندی “بئر جاری”ش هێرشیان کردە سەر بنکەی ئەنجومەنی کاروباری عەشایەری سەر بە پەکەکە و ویستیان بنکەکە بسوتێنن، چونکە کچێک بە ناوی “نەجود وسمی محەممەد ئەل شەرابی” کە لەدایکبووی ساڵی 2010یە، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە فریو دراوە بۆ ئەوەی بچێتە ڕیزەکانی یەبەشە لە چیای شنگال. بەڵام ریش سپیەکانی گوندەکە ڕێگرییان لە خەڵکی گوندەکە کرد و نەیانهێشت بچنە ناو بنکەکەی پەکەکە و بیسووتێنن تا کێشەکە گەورەتر نەبێتەوە و ئاڵۆزی دروست نەبێت.