سەرجەم پەکەکەییەکان دەزانن کە گوڵستان تەکیک کادیری پەکەکە بووە و دەوڵەتی تورکیاش ئەمە دەزانێت.
ڕۆژی هەینی 23ی تەباخ، ئۆتۆمبێلێک لە قەزای سەیدسادق-ی سەر بە شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج. دواتر ڕاگەیەندرا کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا 2 کەس گیانیان لەدەستداوە. میدیاکانی پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، چالاکنی سڤیلی بواری میدیا بوون. دەوڵەتی تورک هیچ ڕاگەیاندراوێکیی سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاو نەکردۆتەوە.
سەرچاوەکانی پەکەکە لە سلێمانی بڵاویانکردەوە، ئەو دوو ژنەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، بەشدارییان لە چالاکییەکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە کردووە. بەپێی سەرچاوەکان، “هێرۆ بەهائەدین” ژنێکی نیمچە سڤیل بووە و لە کارەکەی لە ڕێکخراوی گەنجانی پەکەکەوە لە سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ چالاکی ڕۆژنامەوانی و “گوڵستان تارا”ش ماوەی 25 ساڵە کە کادیری پەکەکەیە.
گوڵستان تارا کێیە؟
گوڵستان تارا کە ناوی ڕاستەقینەی “گوڵستان تەکیک”ـە، لە ساڵی 1982 لە شاری “ئێلهـ”ی باکووری کوردستان لەدایکبووە و لە ساڵی 1999دا لەکاتێکدا کە قوتابیی قۆناغی ئامادەیی بووە، تێکەڵ بە ڕیزەکانی پەکەکە بووە. دوای ئەوەی کە بۆ ماوەیەک لە ناوچەی بۆتان ماوەتەوە، ڕەوانەی دەڤەری قەندیل لە باشووری کوردستان کراوە. لە ساڵی 2004دا لە بەشی میدیایی و ڕاگەیاندنی پەکەکەدا دەستی بەکار کردووە. لەو ماوەیەدا و لە نێوان ساڵانی 2008 تا 2011 لە سکرتاریەتی موراد قەرەیلان دانراوە و لە نزیک قەرەیلان ماوەتەوە. لەم قۆناغەدا بزووتنەوەی ژنان بەهۆی ئەوەی کە گوڵستان تارا لە قەرەیلانەوە نزیکە، بەڵام لە بزووتنەوەی ژنانەوە دوورە، گوڵستان دەگوازنەوە بۆ ناوەندی چالاکییەکانی ژنان. ئەم گواستنەوەیە ناڕەزایەتیی گوڵستانی لیدەکەوێتەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەریی ژنان دەکەوێتە ناکۆکیەوە.
دواتر گوڵستان وەکوو کارمەندی ڕۆژنیوز ڕەوانەی سلێمانی کرا.
لە دوای ساڵی 2017 گوڵستان تەکیک لە ڕۆژئاڤا بەشداری چالاکییەکانی ئاژانسی “ئانها”ی کرد، پاشان گەڕایەوە بۆ سلێمانی و وەک ئەندامی لیژنەی چالاکییەکانی ڕاگەیاندنی گشتیی پەکەکە لە بەرزترین ئاستدا ئەرکدار کرا. تەنانەت باس لەوەش کراوە کە گوڵستان تەکیک ڕێکخەری گشتی چالاکییەکانی ڕۆژنیوز بووە.
پەکەکە ڕاستیەکان لە کێ دەشارێتەوە؟
گوڵستان تارا کادیری پەکەکەیە، بۆ ماوەی 25 ساڵ لەگەڵ مستەفا قەرەسو و موراد قەرەیلان لە ناو پەکەکەدا کاری کردووە و کادیرێکی ئاسایی نەبووە، کەچی دوای ئەوەی گوڵستان تارا گیانی لەدەستداوە، پەکەکە هەوڵدەدات بیشارێتەوە کە کادیری پەکەکە بووە.
مەحاڵە کەس ئەوە نەزانێت کە گوڵستان 25 ساڵە لە پەکەکەدایە. پەکەکە بە کادیر و جەماوەرەکەیەوە هەموویان دەزانن کە گوڵستان تەکیک کادری پەکەکە بووە و دەوڵەتی تورکیاش ئەمە دەزانێت. بەڵام کەواتە پەکەکە دەیهەوێت ئەم ڕاستییە لە کێ بشارێتەوە؟
پەکەکە بۆیە حاشا لەو چالاکانەی خۆی دەکات کە 25 ساڵ خزمەتیان بەو حیزبە کردووە، تا سیاسەت لەسەر زیانە مرۆییەکان بکات و دەیهەوێ گەل فریو بدات و ژیانی مرۆڤەکان ئیستیسمار دەکات.
بێگومان پەکەکە وەک هەمیشە لەم ڕووداوەشدا ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەهێنێت و هەوڵ دەدات ڕق و توڕەیی خەڵکی کوردستان ئاراستەی پەدەکە بکات. بەڵام ڕووداوەکە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی (یەنەکە) ڕوویداوە و جگە لە خودی پەکەکە و خاڵەکانی پشکنینی یەنەکە، کەسی دیکە نەیزانیوە کێ لەو ئۆتۆمبێلەدا بووە و کەی و بەرەو کوێ ڕۆیشتوە. پەکەکە دەیەوێت بە ئێش و ئازاری زیانە گیانیەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و چەواشەکارانە، شکستەکانی خۆی بشارێتەوە و ڕەوایەتی بە تێوەگلانی خۆی لە بەرەی دژە کورد بدات.