ناتانیاهو: ئێران هاوشێوەی حزبوڵڵا و حەماس پەشیمان دەبێتەوە

ناتانیاهو: ئێران هاوشێوەی حزبوڵڵا و حەماس پەشیمان دەبێتەوە

سوپای ئیسرائیل: ئامادەکارییەکان بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامن و ئێران باجێکی گەورە دەدات.

دوای نزیکەی نیو سەدە لە هەڕەشەکردن لە یەکدی، خەریکە ئێران و ئیسرائیل دەست بۆ بژاردەی سەربازی دەبەن تا وەڵامی یەکدی بدەنەوە و تەنیا ئەمساڵ ئێران دوو جار هێرشیکردووەتە سەر ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت: هەر کەسێك و لایەنێك هێرش بکاتە سەرمان، وەڵامی دەدەینەوە.

 تا دێت گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵات و ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیاتر دەبێت، هاوکات سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت، دەتوانن خۆیان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان بەدووربگرن.

45ساڵە ئێران و ئیسرائیل بە بەردەوامی و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە یەکدی کردووە، بەڵام تا مانگی نیسانی ئەمساڵ بەئاشکرا هێرشی سەربازییان بۆ سەر یەکدی ئەنجامنەدابوو، ئێران بۆ جاری دووەم لە یەکی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشیکردەوە سەر ئیسرائیل، حکوومەتی ئیسرائیلیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران دەکات.

بەگوێرەی دامەزراوەی کارنیگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، وەڵامی ئەمجارەی ئیسرائیل توندتر دەبێت لەو هێرشەی کە لە مانگی نیسان بۆ سەر سیستەمێکی رادار لەنزیك بنکەیەکی ئاسمانی ئەسفەهان ئەنجامیدا.

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەری هەیە ئیسرائیل دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و دامەزراوە نەوتییەکان و شوێنی دروستکردنی ئەو مووشەکە بالیستییانە بۆمباباران بکات کە ئێران لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریهێنان.

دوای هێرشەکەی ئێران چەندین بەرپرسی باڵای ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کردووە، هەریەکە لە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی وڵاتەکە ڕایانگەیاند، هەر کەسێک هێرش بکاتە سەرمان، هێرش دەکەینەوە سەریان و ئێران هاوشێوەی حزبوڵڵا و لوبنان و حەماس پەشیمان دەبێتەوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، ئامادەکارییەکان بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامن و ئێران باجێکی گەورە دەدات.

دوای هەڕەشەکانی حکوومەتی ئیسرائیل، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆیبکات، بەڵام ئەگەر لەشوێنی ئەوان بێت، هێرش ناکاتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئێران، هەروەها جەختیشیکردەوە لە توانایاندایە خۆیان لە هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدووربگرن.

پوستێن ھەمان بەش