ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان، تەنیا ڕستەیەکی ڕاستی تێدابوو!

ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان، تەنیا ڕستەیەکی ڕاستی تێدابوو!

ئەگەر گەلی باشوور بیهەوێت لە چنگ داگیرکەران ڕزگاری بێت و ژیانێکی باشتر بژی، دەبێ دەنگ بە هێزە نیشتمانپەروەرەکان بدات.

مەمەت مێردینی

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشووری کوردستان بڵاو کردۆتەوە کە بڕیارە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا بەڕێوەدەچێت و ڕایگەیاندووە: “گەلی کورد دەبێت لە دژی هێڵی داردەستەیی و خیانەت هەڵوێست نیشان بدات، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە”. ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە ـ پەکەکە، هەتا ئێرە هیچ کێشە وهەڵەیەکی تێدا نیە. هەتا ئەوێ ئەوان ڕاست دەکەن و پێویستە هەموو کوردێکی بەشەرەف و نیشتمانپەروەر لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەردا دەنگ بە حزب و کاندیدە نیشتمانپەروەرەکان بدات و دژ بە خیانەتکاران بوەستێتەوە. بەڵام لە کاتی دیاریکردنی کاندیدەکان و لایەنە نیشتمانپەروەرەکاندا، بێگومان لەبەر ئەوەی کەجەکە-پەکەکە و سەرۆکەکەیان نوێنەرایەتی هێڵی خیانەت و هاوکاری داگیرکەران دەکەن لە ناو کورد و کوردستاندا، نابێت مرۆڤ گوێیان پێبدات، چونکە ئەوان حزب و لایەنە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرەکان ڕەش دەکەن و لایەنە خیانەتکارەکانی وەکوو خۆیان بە نیشتمانپەروەر پیشان دەدەن.

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: “گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی لە هێز وکاندیدە وڵاتپارێز، دیموکراتیک و نەتەوەیەکان بدەن و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵوێست نیشان بدەن. دەبێت لە دژی پەدەکە و بارزانییەکان کە نوێنەرایەتی هێڵی داردەستەیی و خیانەتن، پشتیوانی لە کاندید و هێزە نیشتمانپەروەرەکان بکرێت. ئەنجامەکان بۆ رزگارکردنی باشوری کوردستان و تەواوی کوردستان لە ژێر پەنجەی داگیرکەری و قڕکردن و بۆ پێشخستنی سیستمێکی دیموکراتیک و ئازادیخواز، زۆر گرنگ دەبێت”. سەیری بکەن، لێرەدا دوو ڕوویی کەجەکە-پەکەکە بە ڕوونی دەردەکەوێت. با هەندێک پرسیار بکەین، ئایا ئەوە پەدەکە و بارزانی بوون، کە گرێ سپی، سەری کانی و عەفرین، کەرکوک و مەخموور و هتد…ی رادەستی داگیرکەران کرد و خیانەتی کرد؟ ئایا ئەوە بارزانی بوو کە داوای لێبووردنی لە دایکی چەکدارە کوژراوەکانی تورک کرد؟ ئایا پەدەکە و بارزانیەکانن کە دەڵێن ئەگەر ئێمە نەبوایەین ڕژێمی سوریا نەیدەتوانی خۆی ڕابگرێت؟ ئایا پەدەکەیی و بارزانیەکانن کە دەڵێن “ئێمە ئاڵای عێراقمان لە شنگال هەڵکرد”؟ ئایا ئەوە پەدەکەییەکان و بارزانیەکانن کە بوونەتە پارێزەری سنووری ئێران؟ ئایا پەدەکە و بارزانی بوونەتە هاوپەیمانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و میحوەری مقاومە و دەوڵەتی قووڵی تورکیا و زیاتر و زیاتر خاکی پیرۆزی کوردستان ڕادەستی داگیرکەران دەکات؟

ڕاستە هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر لە باشووری کوردستان هەم بۆ باشووری کوردستان و هەم بۆ هەموو کوردستان گرنگە و پێویستە دەنگدەرانی باشوور ئەوەیان لەبەر چاو بێت کە کێ هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی باشوور دەدات و کێشە کە هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی نیشتمان لەناو ببات و لەسەر سینییەکی زێڕێن تەسلیمی داگیرکەرانی بکات.

هەرچەندە کەجەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا بەشێوەی ئاشکرا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە پاڵپشتی لە کێ دەکات، بەڵام نەک جارێک بەڵکوو بە دەیان جار ئاماژەی بە یەکێک لە نەتەوەییترین و نیشتمانپەروەرترین حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانەوە کردووە و وەک حزبێکی خیانەتکار ناوی بردووە و داوای لە دەنگدەرانی باشوور کردووە کە جگە لە پەدەکە دەنگ بە هەر لایەنێک دەدەن دروستە. بەڵام لە ڕاستیدا دەنگدەرانی باشوور وشیارن و دەزانن و دەبینن کە کێ هەوڵ دەدات باشوور و قەوارە سیاسی ـ نەتەوەییەکەی لەناو ببات وکێشە کە هەوڵی بەرگری کردن لە باشوور و بە دەوڵەت کردنی ئەو بەشەی نیشتمانی کوردان دەدات.

بێگومان مەبەستی کەجەکە-پەکەکە لە حزب و لایەنی نیشتمانپەروەر ئەو کەس و لایەنانەیە کە لەسەدا 51ی خاکی باشووری کوردستانیان ڕادەستی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی داگیرکەری عێراق کرد و ڕۆژانە لەباتی ئەوەی کە هێرش بکەنە سەر داگیرکەرانی کوردستان، پەلاماری پەدەکە و بارزانی دەدەن. چونکە کەجەکە-پەکەکە پێیان وایە هەر کەسێک و هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر پارتی و بارزانی، نیشتمانپەروەر و نەتەوەییە.

بەڵێ ئەوانەی سەرکردایەتی هێڵی خیانەت و هاوکاری داگیرکەران دەکەن، ئەوانەی کە ناتوانن یەک مەتر لە خاکی کوردستان بپارێزن، ئەوانەی ئاڵای عێراق لە شنگال و مەخمور، ئاڵای سوریا لە ڕۆژئاڤا و ئاڵای تورکیا لە باکوور دەدەنە دەست لاوانی کوردەوە، نەک هەر ناتوانن نیشتمانپەروەر و خیانەتکاران لە یەکتر جیا بکەنەوە، بەڵکوو دەتوانن زیانێکی گەورە بە گەلی کورد بگەیەنن. ئەوەی کە لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا خیانەتی پەرەپێداوە و بووتە دارەدەستی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، خودی پەکەکەیە.

هەرکەسێک باسی وڵاتپارێزی و کوردایەتی دەکات با بیکات، بەڵام پەکەکە بۆی نیە باسی بکات. با پەکەکە و پەکەکەییەکان، بە خێری خۆیان تاقە یەک دەسکەوتی نەتەوەیی خۆیان و سەرۆکەکەیان باس بکەن و بڵێن کە بە درێژایی مێژووی حزبەکەیا هەر لە دامەزراندنیەوە هەتا ئێستا، هیچ دەسکەوتێکی بۆ نەتەوەی کورد هەبووە؟ چەند شارۆچکە و گوندی کوردستانیان ئازاد کردووە؟ پەکەکە جگە لە خیانەت و هاوکاری لەگەڵ دوژمنانی کورد هیچی دیکەی نەکردووە و بۆ شاردنەوەی ئەم ڕاستییەش هەوڵدەدات بە پەلاماردانی پارتی و بارزانیەکان، ڕووی ڕەشی خۆیان سپی بکەنەوە. بەڵام پیسایی سەر ڕووی ڕەشیان بە هێرشکردنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیەکان پاک نابێتەوە، ئێستا ئیدی گەلی کورد زۆر باش دەزانێت کە کێ کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەکات و کێ بووەتە دارەدەستی دوژمن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا، کەجەکە-پەکەکە دەڵێت: “پەدەکە و بارزانی هێزێکن کە هاتوونەتە سەر تێکۆشانی گەلی باشووری کوردستان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بازرگانی بە کوردایەتی و کوردستانەوە لەگەڵ دوژمن و هێزە دەرەکییەکان کردووە”. ئێمە لەم بارەیەوە هیچ ناڵێین، تەنیا ئەوە نەبێ، ئایا بەڕاستی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتۆتە سەر خەباتی خەڵکی باشووری کوردستان و بازرگانی بە کوردایەتیەوە دەکات یان پەکەکە؟ هەمووان دەزانن کە گەلی باشووری کوردستان بە سەرکردایەتی پارتی و بارزانی، توانیان خۆیان لە دەوڵەتی داگیرکەری عێراق ڕزگار بکەن و قەوارەیەکی ئازاد بۆ کورد دابمەرزێنن، کە بۆتە سیمبۆلێک بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لە ڕاستیدا ئەوانەی کە هاتوونەتە سەر خەباتی خەڵکی باشوور، ئەوانەن کە ڕێگا نادەن خەڵک بگەڕێنەوە سەر گوند و زێدی خۆیان و ئاوەدانی بکەنەوە، ئەوانەن کە دەڵێن ڕژێمی سەدام ئەم شوێنەی بە ئێمە فرۆشتووە، ئەوانەن کە بە ڕێکەەوتن و هاوپەیمانەتی خۆیان، هەوڵ دەدەن جارێکی دیکە باشوور بخەنە ژێر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و “پلانی هەولێر” جێبەجێ بکەن کە سەرۆکەکەیان بە بەرپرسانی “میت”ی تورکیای پێشنیار کردووە.

حیزبێک لەلایەن کەسێکەوە دامەزرابێت کە بەکرێگیراوی میت بێت، لەگەڵ کچی بەرپرسێکی میت، هاوسەرگیری بکات و پێمان بڵێت کە بە هاوکاری لۆجستیکی میت خۆمان ڕێکخستووە و هەروەها کاتێکیش دەستبەسەر کرا، نەتوانێ بۆ تاقە یەک خولەک بەرگری بکات و بەبێ ئەوەی زللـەیەک وە دەموچاوی بکەوێت، دان بە هەموو شتێکدا بنێت و بپاڕێتەوە و بڵێ لێم مەدن، دایکم تورکە و من ئامادەم خزمەتی دەوڵەتەکەم (تورکیا) بکەم و هتد…، بێگومان ناتوانێت نیشتمانپەروەر لە خائین جیا بکاتەوە و هەموو شتێک بە پێچەوانەوە شرۆڤە دەکات. واتە پەکەکە بە هەر شتێک بڵێ هەڵەیە، بەدڵنیاییەوە ئەو شتە هەڵە نییە و بۆ گەلی کورد باش و بەسوودە و بە هەر کارێک بڵێ خراپە، بێگومان کارێکی باشە و لە بەرژەوەندی گەلی کورد و کوردستاندایە.

هەر بۆیە دەڵێم ئەمجارە کەجەکە ڕاستی کرد، بەڵام تەنها لە یەک ڕستەدا کە ئەویش گوتی: “گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی لە هێز وکاندیدە وڵاتپارێز، دیموکراتیک و نەتەوەیەکان بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵوێست نیشان بدەن”. بەڵێ، ئەگەر گەلی باشوور بیهەوێت لە چنگ داگیرکەران ڕزگاری بێت و ژیانێکی باشتر بژی، دەبێ دەنگ بدەن بە هێزە نیشتمانپەروەرەکان و هیچ هێزێک لە باشووری کوردستان بە ئەندازەی پەدەکە نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی نیە، مێژوو شایەتحاڵی ئەم ڕاستیەیە.

پوستێن ھەمان بەش