حزبوڵڵای لوبنان بە 320 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

حزبوڵڵای لوبنان بە 320 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

ئیسرائیل: لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، 280 هێرشی ئاسمانیمان بۆ سەر حزبوڵڵا و حەماس لە لوبنان و غەززە ئەنجامداوە.

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە 13/10/2024 ڕایگەیاند، چەکدارانی حزبوڵڵا لە “ڕۆژی لێبوردن”دا کە ڕۆژێکی پیرۆزی یەهوودیەکانە، 320 موشەکیان لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

هاوکات حزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە چەند پێگەیەکی ئیسرائیلیان بۆردومان کردووە، لەوانە بنکەی حۆما لە بەرزاییەکانی گوڵان و باشووری شاری حەیفای ئیسرائیل.

حزبوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە کە چەکدارەکانیان، بارەگای پیشەسازیی سەربازی زۆفلۆنیان بۆردومانکردووە و ئیدیعای ئەوەش دەکات کە بارەگاکە بە وردی کراوەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، 280 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر حزبوڵڵا و حەماس لە لوبنان و غەززە ئەنجامداوە.

ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ڕۆژی هەینیەوە تا ئێستا 26 کەس لە لوبنان کوژراون و 144 کەسیش برینداربوون. بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتی کوژراوان گەیشتۆتە دوو هەزار و 255 کەس و زیاتر لە 10 هەزار و 520 کەسیش بریندار بوون.

پوستێن ھەمان بەش