ئەردۆغان: “دەمانهەوێت ئاشتی و سەقامگیری و دادپەروەری لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتدا زاڵ بێت”.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، “ئیدی دەزانین، کێشەی تیرۆر کە 40 ساڵە وزەی ئێمە دەخوات، برایەتیمان لاواز دەکات، لە ئامانج دوورمان دەخاتەوە، ئێمە دەبێ تیرۆر لەژێر خاک بنیین”.
ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی ئۆکتۆبەر، پەیامێکی لە یادی 101 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەیانهەوێت ئاشتی و سەقامگیری و دادپەروەری لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتدا زاڵ بێت.
ئەردۆغان گوتیشی: “دەزانین کە ئیدی پێویستە بە بەکارهێنانی هەموو تواناکانمان بەڵای تیرۆر لە مێژوودا ژێر خاک بنێین، کە 40 ساڵە وزەمان دەقۆزێتەوە و برایەتیمان تێکدەدات و دوورمان دەخاتەوە لە ئامانجەکانمان. دەمانەوێت کێبڕکێ لەسەر خۆشییەکانمان بکەین نەوەک ئازارەکان، دەوڵەمەندیەکانمان بەش بکەین نەوەک هەژاریی، ئومێدەکانمان چەکەرە بکەن نەوەک ڕەشبینیی”.
گوتیشی: “هەموو ئامانجەکانمان تورکیایەکی بەهێز و مەزنن. لەم سەردەمە نوێیەدا وڵاتەکەمان بەهێزتر دەکەین. بەبێ گوێدانە ڕەگەز و بۆچوونیان، ئێمە پێمان وایە هەموو میللەت لەگەڵمانە”.