داواکاری گشتیی ئەستەنبۆڵ: “ئۆزەر پەیوەندیی لەگەڵ “ڕەمزی کارتال” و ڕێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیلدا هەبووە”.
پرۆفیسۆر د.ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانی “ئەسەنیۆرت”ی ئەستەنبوڵ لە لیستی جەهەپە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە مالەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا. پۆلیسی تورکیا ماڵ و باڵەخانەی شارەوانیی پشکنی. ئۆزەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆردا دەستبەسەر کراوە. لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “بە هۆی ئەوەی چەندین جار بە تەلەفۆن قسەی کردووە و پەیوەندیی لەگەڵ ئەندامێکی ‘ڕێکخراوی تیرۆریستی’ پەکەکەدا هەبووە کە ناوی لە لیستی سووری داواکراوانی دەوڵەتدایە، دەستبەسەر کراوە”.
ئۆزەر لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیادا لە 31ی ئازاردا لەسەر لیستی جەهەپە وەک سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیۆرت هەڵبژێردرا.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن داواکاری گشتی ئیستەنبوڵدا بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: ” ئۆزەر کە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تیرۆر و تاوانە ڕێکخراوەییەکانی سەربە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئیستانبوڵ لە بارەی ئاشکراکردنی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە و چالاکییەکانیان بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، دەرکەوت کە بەپێی نووسراوەکان لە بارەی گفتوگۆ کە لە ئەنجامی ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە پەیوەندییەکان بەدەست هاتوون، بەدواداچوونەکان، جووڵە بانکییەکان و دروستکردنی پەیوەندی چڕ و بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکە ئەو تاوانانەی ئاڕاستەی کراون، ئەنجامی داون. تۆمەتبار “ئەحمەد ئۆزەر”، کە ئێستا ئەرکدارە و سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ئەسەنیۆرتی ئەستەنبوڵە، دەرکەوتووە کە گومانبارە”.
جگە لەوەش، سەرۆکی داواکاری گشتی ئیدیعای ئەوەش دەکات کە ئۆزەر لەگەڵ ڕەمزی کارتال پەیوەندیی هەیە، لەکاتێکدا کە ڕەمزی کارتال ناوی لە لیستی سووری داواکراواندایە. لەلایەکی تریشەوە دەڵێت، پەیوەندی لەگەڵ قەندیل هەیە و ئەمەش بە بەڵگەنامە پشتڕاستکراوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، سەبارەت بە ناوبراو، کۆنووسی پشکنینی جەستەیی و ئەو بەڵگەنامانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بە تایبەتی ڕەمزی کارتال یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوە ‘تیرۆریستی’یە، (هاوسەرۆکی کۆنگرە-گەل-ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە- یەکێک لەو کەسانەی کە ناوی لە لیستی سووری داواکراوەکاندایە). تێگەیشتووە کە گومانی توندی ئەندامێتی پەکەکە/کەجەکە، لەگەڵ پەیوەندی بەهێزی ئۆرگانیک لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە ‘تیرۆریستی’یەی لەسەرە.
لە درێژەی بەیاننامەکەی داواکاری گشتیدا هاتووە: هاوکات لەسەر داوای داواکاری گشتی و دادگای تاوانە قورسەکانی ئیستەنبۆڵ، دادگای ئێشکگری ئیستەنبوڵ بڕیاری پشکنین و گەڕانی دەرکرد. دواتر بە تەعلیماتی بەڕێوەبەرایەتی لقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیستەنبۆڵ، بۆ پشکنینی ماڵ و شوینی کار و ئوتۆمبێلەکەی، تۆمەتبار دەستبەسەرکرا. تۆمەتبار ئۆزەر بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30/10/2024، کاتژمێر 6:00ی سەرلەبەیانی دەستبەسەر کرا و هێشتا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بەردەوامن”.
ئەکرەم ئیمامۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ، لەهەمبەر دەستبەسەرکردنی ئۆزەر کاردانەوەی پیشاندا
لە کاتی هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا، پارتی دەم (DEM) چالاکانە پشتیوانی ئیمامئۆغلوی کرد. تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکرا کە جەهەپە دەرئەنجامی شارەوانی ئەسەنیۆرتی بە DEM داوە. بە واتایەکی تر دەگوترا لە بنەڕەتدا ئۆزەر سەرۆکی شارەوانیی سەر بە “پارتی دەم”ـە، بەڵام لە لیستی جەهەپەدا بوو بە سەرۆکی ئەم سەرۆکایەتی شارەوانییە. تەنانەت باس لەوە دەکرا کە ئیمامئۆغڵو لە ڕێگەی ئۆزەرەوە پەیوەندیی بە ڕەمزی کارتالەوە کردووە و مامەڵەکە بەمشێوەیە کراوە. هەروەها باس لە بڕە پارەیەکی زۆریش دەکرێت کە ئیمامئۆغڵو لە ڕێگەی ئۆزەرەوە داویەتی بە کارتال…
لە لایەکی دیکەوە ئۆزەر بۆ هەڵبژاردنەکانی 2015دا لە سەر لیستی هەدەپە لە وان بەربژێری پەرلەمان بوو.