فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا: لە سووریا 35 داعشمان کوشت

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا: لە سووریا 35 داعشمان کوشت

“هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە، بە تووندی بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی تواناکانی داعش”.

سێنتکۆم دەڵێت، هێزەکانیان چەند پێگەیەکی داعشیان لە سووریا کردووەتە ئامانج و 35 ئەندامی ئەو رێکخراوەیان کوشتووە. هەروەها دەڵێت، ئەم هێرشانە بۆ پەکخستنی تواناکانی رێکخراوەکەیە.

 رۆژی چوارشەممە 30/10/2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) بڵاویکردەوە “هێزەکانی سێنتکۆم زنجیرەیەک هێرشیان لە دژی چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش لە سووریا کرد. هێرشەکان لە 28ـی ئۆکتۆبەر کران و لە ئەنجامدا 35 ئەندامی داعش کوژران.”

 سێنتکۆم هەروەها رایگەیاند، هێرشەکان لە چەند ناوچەیەکی بیابانی سووریا کران و تێیاندا چەندین سەرکردەی داعش کرانە ئامانج.

 ڕاگەیاندراوەکە باسی ئەوەشی کردووە، “هیچ ئاماژەیەک نییە کە خەڵکی سڤیل بەر هێرشەکان کەوتبن.”

 لەبارەی مەبەست و ئامانجی هێرشەکە سێنتکۆم رایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانییانە دەبنە هۆی پەکخستنی توانای داعش بۆ “پلاندانان، رێکخستن و هێرش لە دژی خەڵکی سڤیل، هاوپەیمانە ئەمریکییەکان و هاوبەشەکانی دیکە لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە.”

سێنتکۆم لە کۆتاییدا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە، بە تووندی بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی تواناکانی داعش بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی بە بەزیوی دەمێننەوە.

پوستێن ھەمان بەش