وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تیرۆریستن

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تیرۆریستن

سار: “شەڕ لەگەڵ عەلەوییەکان هەیە؛ هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەریی کورد هەیە”.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە باندی تیرۆریستی ناودەبات و دەشڵێت، رژێمێکی ئیسلامییە کە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەموو سووریا بگرێتە دەست.

 رۆژی هەینی، 27-12-2024 گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتەکەی لەبارەی دۆخی سووریا گوتی: “لە جیهاندا خەڵک باسی گۆڕانکارییەکی رێکخراوەیی رژێم لە سووریا دەکەن، بەڵام ئەوەی روویداوە وەک ئەوە نییە حکومەتێکی نوێ بەشێوەیەکی دیموکراسی چووبێتە سەر دەسەڵات.”

 سار بەو جۆرە باسی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریای کرد کە “باندێکی تیرۆریستین کە سەرەتا لە ئیدلیب بوون، دواتر دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەخت و ناوچەکانی دیکەدا گرت.”

 وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل زیاتر لەبارەی دۆخی سووریا قسەی کرد و گوتی: “جیهان دەیەوێت رژێمێکی سەقامگیر لە سووریا ببینێت، چونکە وڵاتان دەیانەوێت ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە پێشتر لە سووریا هەڵاتبوون، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێت بەو جۆرە نییە.”

گیدیۆن سار گوتیشی: “شەڕ لەگەڵ عەلەوییەکان هەیە؛ هەڕەشەی ئاشکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ نەهێشتنی خۆبەڕێوەبەری کورد هەیە؛ هەراسانکردنی کۆمەڵگەی کریستیانیش هەیە.”

 وەزیرە ئیسرائیلییەکە لە کۆتاییدا گوتی: “حکومەتی نوێی سووریا، رژێمێکی ئیسلامییە کە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەموو سووریا بگرێتە دەست.”

ئەم هەڵویستەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە ئەحمەد ئەل ـ شەرع سەرۆکی هەیئەی تەحریر ئەل ـ شام، دوو حەوتوو لەوەپێش ڕایگەیاندبوو کە حکوومەتی نوێی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل گرژی و ناکۆکی دروست ناکات.

پوستێن ھەمان بەش