مستەفا ئۆزچەلیک: پێویستە زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و لە دەستووردا گەرەنتی بکرێت

مستەفا ئۆزچەلیک: پێویستە زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و لە دەستووردا گەرەنتی بکرێت

سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: “زمانی کوردی، هەبوونی نەتەوەی کوردە و پێکهاتەی نەتەوەیی ئێمەیە”.

مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، ئەمڕۆ چوارشەممە 14/5/2025، بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردەوە، “بۆ خاوەندارێتی کردن لە زمانی کوردی، پێش هەموو شتێک دەبێ بە زمانی کوردی قسە بکەین و پێویستە فێری زمانی کوردی بین”.

دەقی پەیامەکەی مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی (PWK):

بۆ خاوەندارێتی کردن لە زمانی کوردی، پێش هەموو شتێک دەبێ بە زمانی کوردی قسە بکەین و پێویستە فێری زمانی کوردی بین.

جەلادەت بەدرخان و هاوڕێکانی لە 15ی ئایاری 1932دا یەکەمین ژمارەی گۆڤاری “هاوار”یان بڵاوکردەوە و هەتا ساڵی 1943، توانرا 87 ژمارەی گۆڤاری هاوار بڵاو بکرێتەوە.

گرنگی گۆڤاری هاوار لەوەدایە کە یەکەم گۆڤاری کوردییە کە بە ڕێنووسی لاتینی دەربچێت.

هەر بۆیە 15ی گوڵان لەلایەن هەندێکەوە وەک ”جێژنی زمانی کوردی” و لەلایەن هەندێکی دیکەشەوە وەکوو ”ڕۆژی زمانی کوردی” پیرۆز دەکرێت.

ئێمە بە ڕێزەوە یادی جەلادەت بەدرخان و هاوڕێکانی بەرز ڕادەگرین و سوپاسیان دەکەین.

بەڵێ، بە ڕۆژی 15ی ئایاریشەوە، چەندین چالاکی جیاواز بۆ زمانی کوردی (کورمانجی، کردکی/زازاکی) بەڕێوەدەچێت و کاری بۆ دەکرێت.

بێگومان هەموو چالاکی و هەوڵەکان بۆ زمانی کوردی گرنگ و پیرۆزن و پێویستە پشتیوانیان بین.

بەڵام بە بڕوای من هاوکات لەگەڵ ئەو هەوڵ و چالاکییانە، ئێستا دەبێ لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەم چوار شتە بنەڕەتییە بۆ زمانی کوردی، جێبەجێ بکرێن.

یەکەم: هەر کوردێک کوردی نەزانێت دەبێت فێری بێت. هەموو خێزانێکی کورد دەبێت منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکەن؛ پێویستە زمانی سەرەکیی ئێمە لە ماڵ و لە هەموو بوارەکانی ژیانماندا زمانی کوردی بێت و ئێمە دەبێ بە زمانی کوردی قسە بکەین.

دووەم: بە ڕادەی گرینگیی ئەم هەنگاوە یەکەمە، شتێکی دیکەی گرنگ هەیە کە بەداخەوە زۆر لایەن و زۆر کەس پشتگوێی دەخەن، ئەویش وانەی ئیختیاری (بژاردە)ی کوردییە. لە لایەکەوە ژمارەیەکی زۆر کەم لە خێزانە کوردەکان داوای وانەی بژاردەی کوردی بۆ منداڵەکانیان دەکەن و لە لایەکی ترەوە وەک ئەوەی دەوڵەت لە وانەی بژاردەی کوردی بێزار بووبێت، ئاستەنگ دروست دەکات و مامۆستایەکی زۆر کەمی بۆ دادەمەزرێنێت. بەهۆی ئەم ڕاستییەوە دەبێت ئەم بابەتە بە جیددی وەربگرین. پێویستە بتوانین ساڵانە 200 هەزار منداڵی کورد بۆ خویندنی وانەی بژاردەی کوردی، تۆمار بکەین و بەرە بەرە ژمارەکە زیاد بکەین. بۆ خوێندنی 200 هەزار قوتابی، پێویستیی بە لانیکەم دوو هەزار مامۆستا و ملیۆنان کتێبی خوێندن دەبێت. ئایا ئەمە هەیەجانتان پێنادات؟

ئەم دوو هەنگاوە ڕێگای گەیشتن بە مافی خوێندن بە زمانی کوردی و فەرمیبوونی زمانی کوردی خۆشتر و بەهێزتر دەکات.

سێیەم: پێویستە کارێکی بەرفراوان بکرێت بۆ ئەوەی زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی و خوێندن بە زمانی کوردی قبووڵ بکرێت و هەروەها ئەو مافانە لە دەستووری بنەڕەتی و سەرجەم یاسا پەیوەندیدارەکاندا، گەرەنتی بکرێن.

چوارەم: پێویستە هەموو شارەوانیەکانی کوردستان زمانی کوردی (کورمانجی، کردکی/زازاکی) وەک زمانی فەرمی شارەوانی بەکاربهێنن. کردنەوەی باخچەی ساوایان بە زمانی کوردی و قوتابخانەی زمانی کوردی بکرێنەوە. پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە پیشەییەکانی کوردستان خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی قسەکردن و فێربوونی زمانی کوردی، تەرخان بکەن بۆ ئەوەی کەرەستە و ئیمکانیاتی پێویستی بۆ دابین بکرێن.

بەڵێ ئەم چوار هەنگاوە بەشێوەیەکی بەرچاو سیستمی ئاسیمیلاسیۆن دەهەژێنێت و زەمینە خۆش دەکات بۆ ملیۆنان کورد کە کوردی نازانن تا بتوانن بە زمانی کوردی قسە بکەن و فێری زمانی کوردی بن.

زمانی کوردی، هەبوونی نەتەوەی کوردە و پێکهاتەی نەتەوەیی ئێمەیە. بۆ ئەوەی ڕێگری لە چەوساندنەوە و ئاسمیلەکردنی کورد بکەین، وەرن با بە جێبەجێکردنی ئەم چوار هەنگاوەوە دەست پێبکەین.

پوستێن ھەمان بەش