بەیاننامەی کۆنگرەی پەکەکە و هۆڵی کۆنگرەکە چیمان پێدەڵێت؟

ئەوانەی بڕیارەکان دەدەن بریتین لە باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان و لەسەر مێزەکەشان پرسی کورد بوونی نییە.

پەکەکە دوازدەهەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەست. بەگوێرەی بەیاننامەکەیان، پێکهاتەی ڕێکخراوەیی خۆیان هەڵوەشاندۆتەوە و کۆتاییان بە خەباتی چەکدارانەیان هێناوە. ئێستا هەندێک وردەکاری و دیمەنی نوێی کۆنگرە بڵاودەکرێنەوە. بەڵام ڕوونە کە ئەم گرتە ڤیدیۆییانە بە دەیان سافیدا تێپەڕ دەکرێن دواتر بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەوەی هیچ شرۆڤەیەکیان لەسەر نەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێدوانەکانیان و هۆڵی کۆنگرەکە زۆر ڕاستیمان بۆ دەخەنە ڕوو.

کۆنگرەکەی پەکەکە، ڕەنگ و ڕۆحی کوردستانیی تێدا نەبوو

لە هۆڵی کۆنگرەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرکردە کوردەکانی وەک شێخ سەعید و هتد… نەبوون، هەروەها ئەو دروشمانەی کە بە دیواری کۆنگرەکەدا هەڵواسرابوون، تاقە یەک وشەی کوردستانییان تێدا نەبوو. تەنیا دروشمی سۆسیالیستییان دانابوو. لە هەمان کاتدا ئەو سوێندخواردنەی کە لە کۆتایی کۆنگرە خوێندرایەوە، یەک وشەی لەبارەی ئازادی کورد و کوردستانەوە تێدا نەبوو. لە بەیاننامەی کۆنگرەدا ئاماژە بە دروشمی چەپەکانی تورکیا، وەک “تورکیا لە هەموو بوارێکدا سەربەخۆیە”، هاتووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو دروشمانە دراوە. واتە پەکەکە وازی لە دروشمی خۆی بۆ “کوردستانی سەربەخۆ” هێناوە ئێستا ئیدی کار بۆ دروشمی “تورکیایەکی سەربەخۆ” دەکات.

لە بەیاننامەی کۆنگرەدا هاتووە کە ئامانجیان بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی دیموکراتیکە. لە کۆتایی کۆنگرەکەشدا دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی پەکەکە، ژن، ژیان، ئازادی”یان گوتەوە، بەڵام یەک دروشم بۆ ئەو هەزاران کەسانە نەگوترانەوە کە بۆ سەربەخۆیی کورد و کوردستان هاتبوونە دەرەوە.

بێ ڕۆحیەبوونی جەمیل بایک و بەشێک لە سەرکردەکانی پەکەکە بەرچاوبوو

شتێکی سەرنجڕاکێش لە کۆنگرەدا ئەوە بوو کە بەڕێوەبەرانی پەکەکە زۆر ماندوو و بێ مۆڕاڵ دیاربوون، بە تایبەتی ئەو کۆنگرەیەی کە دوران کاڵکان بەڕێوەی دەبرد. جەمیل بایک، بەسێ هۆزات، سۆزدار ئاڤێستا و هەندێک کەسی دیکە بە تەواوی دیار بوو کە ڕووخاون، هەروەک ئەوەی کە لەسەر تەرمێکدا وەستابن.

جەمیل بایک کە لە ساڵانی ڕابردوودا ببووە ناوی یەکەمی پەکەکە، بە زۆر خۆی لەسەر پێ ڕاگرتبوو. جەمیل بایک و کادرەکانی دیکە باش دەزانن ئەوانەی کە قسەکانی ئۆجەلان ڕەت بکەنەوە و ڕەخنەی لێبگرن، مافی ژیانیان لەدەست دەدەن. هەر بۆیە یەک بە یەک هەستان و سوێندیان خوارد کە شوێن ئۆجەلان بکەون.

کێ لە دیوانی کۆنگرەدا بوو؟

جەمیل بایک وەک ئەندامی دامەزرێنەر لە تەواوی دیوانی کۆنگرەکاندا ئامادە بوو، بەڵام ئەمجارە خۆی کشابوویەوە، هەروەها کەسانی وەک مستەفا قەرەسوو و باهۆز ئەرداڵ لە کۆنگرەدا ئامادە نەبوون. ئەو کۆنگرەیەی کە موراد قەرەیلان بەرێوەی دەبرد و هێزی سەربازییەکانی لەخۆگرتبوو، ئەم کەسانەی تێدابوون:

1ـ جەمال، موراد قەرەیلان

لەدایکبووی: ئورفا، 1954

2ـ زۆزان چەولیک، ئەمینە سەرینیەر

لەدایکبووی: بینگۆڵ، 1979

3ـ فەریدە ئاڵکان، تورکان چەتین

لەدایکبووی: هیزان، 1976

4ـ جومعا بلیکی، ئەعەد ئولکەر

لەدایکبووی: شرناخ، 1989

5ـ عیرفان ئامەد، مەهمەت تاهیر کلج

لەدایکبووی: ئامەد، 1966

ئەو کۆنگرەیەی کە دوران کاڵکان بەڕێوەی دەبرد ئەم کەسانەی تێدابوون:

1ـ عەباس، دوران کاڵکان

لەدایکبووی: ئادانا، 1954

2ـ سەبری، سەبری ئۆک

لەدایکبووی: “ئادیامان” سەمسۆر، 1952

3ـ ڕاپەڕین دێرسیم، ئوزلەم ئالپاسلان

لەدایکبووی: دێرسیم، 1974

4- هێلین ئومێد، نیلۆفەر چۆپان

لەدایکبووی: ئیستانبوڵ، 1978

5ـ خالیدە ئەنگیزەک، حەنیفە حوسێن

لەدایکبووی: عەفرین، 1975

ئایا سەرکردەکانی پەکەکە بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە یان نا؟

لە سەرەتای پرۆسەکەوە تا ئێستا عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ڕێگەی ڤیدیۆ و نامەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قەندیل لە پەیوەندیدا بووە. بەڵام دوو حەوتوو بەر لە کۆنگرە، بە تەلەفۆن لەگەڵ هەندێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە قسەی کردووە و ئۆجەلان پێی گوتوون: “ئێوە هیچ شک و گومانێکتان نەبێت، هەموو بەرپرسیارەتیەکەی لە ئەستۆی منە”. محەممەد ئەمین پێنجوینی کە کەسێکی نزیک لە پەکەکەیە، ئاشکرای کرد کەوا ئۆجەلان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بەشداریی لە کۆنگرەکەدا کردووە.

لە زۆر شوێندا ئیدیعای ئەوە دەکرێ کە گۆیا ئۆجەلان لە ئێستادا لە ئیمرالی نییە و لە ئەنقەرە نیشتەجێ بووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە نزیکەوە پرۆسەکە بەڕێوە ببات. دیارە دەبینرێت کە هەر ڕۆژەو نامەیەکی ئۆجەلان بڵاو دەکرێتەوە. تەنانەت ئیدیعای ئەوەش دەکرێت کە لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی بە ناوی “گوڵهانە” نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە. واتە هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئۆجەلان بۆخۆی ڕۆژانە پەکەکە بەڕێوە دەبات. بە واتایەکی تر ئەم قسانە کە دەڵێن دوو لایەنی ئەنقەرە و قەندیل یان دەوڵەت و پەکەکە هەن، ئیدی هیچ مانایەکیان نییە. ئێستا تەنها ئەنقەرە هەیە و هەموو بڕیارەکان لە ئەنقەرە دەدرێن و بە پەکەکە دەسپێردرێن. ئەوانەی بڕیارەکان دەدەن بریتین لە باخچەلی و ئەردۆغان و ئۆجەلان و لەسەر مێزەکەشان پرسی کورد بوونی نییە، بەڵکو تەنها پرسی تێڕوانینی تورکیا هەیە. هەموو وردەکارییەکانی کۆنگرە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە پەکەکە دەستبەرداری توانا سەربازییەکانی خۆی دەبێت، بەڵام دەستبەرداری هێڵی تورکیاییبوون و هەوڵدان بۆ ئەوەی کە کورد بکاتە بەشێک لە تورکان، نەبووە.

پوستێن ھەمان بەش