بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی جێژنیکانی سەر بە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر، خرایە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان لە دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازدا ڕایگەیاند، لە نێوان کاتژمێر 10:50 بۆ 10:55 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەمموززی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو، لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خرانە خوارەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی یەکەمی دژەتیرۆری کوردستان “ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 10:55 خولەک، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.”
لە ڕاگەیەنراوی دووەمیشدا هاتووە ” ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 10:50 خولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی سوورێژەی سەر بە ناحیەی شەمامکی پارێزگای هەولێر خرایە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.”
ئەمە لە کاتێکدایە، کاتژمێر 01:27 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، 17ی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی جێژنیکانی سەر بە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر، خرایە خوارەوە.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممەش، 16ی تەممووزی 2025، نزیکەی کاتژمێر 19:10 خولەک، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی ‘هەنت ئۆیل’ـی ئەمەریکی لە باعەدرێ، لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک. هێرشەکە جگە لە زیانی ماددیی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
بەیانیی هەمان ڕۆژ، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرش کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتی؛ دووانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ئەوەی دیکەشیان لە قەزای شێخان، سنووری پارێزگای دهۆک.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بوون. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نەکەس دەستگیرکراوە و نەکەسیش سزا دراوە.