هەسەدە: ”ئەو هێرشانەی کە ئەنجام دەدرێن، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن و بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی حکومەتی کاتی سووریادایە. هێزەکانی ئێمە مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن و وەڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە”.
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 4/8/2025 شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و ئەرتەشی حکومەتی کاتی سووریادا ڕوویداوە.
لەو چوارچێوەیەدا هەسەدە بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: ”هێزەکانی حکومەتی کاتی سووریا هێرشیان کردۆتە سەر پێگە سەربازییەکانمان لە قەزای دێرحافر لە باکووری سووریا و هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و پێکدادان ڕوویداوە”.
هەسەدە هەروەها ڕاشیگەیاندووە: ”ئەو هێرشانەی کە ئەنجام دەدرێن، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن و بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی حکومەتی کاتی سووریادایە. هێزەکانی ئێمە مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن و وەڵامی هەر هێرشێک بدەنەوە”.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان شەڕڤانانی هەسەدە و چەکدارەکانی سوپای سووریا لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەوڵەتی کاتیی سووریا، لەسەر هەندێک خاڵ واژۆکرا و یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەش ئەوە بوو کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری سووریا، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە.