28 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی دێزودا تێدەپەڕێت کە پەکەکە 16 کوردی تێدا شەهید کرد

ئێمە نابێ ئەو کارەساتەی گوندی دێزو لەبیر بکەین، چوونکە ئەوە هەقێقەتی سیاسەتی پەکەکەیە.
کۆمەڵکوژیی گوندی دێزو نموونەی سیاسەتی پەکەکەیە بەرامبەر بە خەڵکی باشووری کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکاندا. شەوی 21-22ی ئۆکتۆبەری 1997، کۆمەڵێک گەریلای پەکەکە هێرشیان کردە سەر گوندی دێزو. ڕێک 28 ساڵ بەسەر ئەم هێرشەدا تێپەڕ بووە. گوندی دێزو سەر بە ناوچەی مێرگەسۆر و ناحیەی شێروانەی گەورەیە. 28 ساڵ لەمەوبەر هێرشێکی بێویژدانانە کرایە سەریان و پەکەکە پەلاماری گوندەکەی دا و 16 کەسی لە دوو بنەماڵە شەهید کرد. لە نێو شەهیدەکاندا ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو هەبوون و تەنانەت یەکێک لە ژنەکان دووگیان بووە. هەروەها شەش منداڵی خێزانێک کە تەمەنیان لە نێوان ١-١٢ ساڵدایە شەهید بوون. گەریلاکانی پەکەکە بۆمبێکیان فڕێدایە ناو پۆلێک لە منداڵان و تەنانەت بەوەشەوە نەوەستاون و دوای کۆمەڵکوژییەکە ئاگریان لە تەرمەکانیان بەردا.
کاتێک ئەم قسە و سەرنجانە دەخرێنەڕوو، هەندێک کەس دەڵێن “ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، ئەمە پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورکیایە”. کۆمەڵکوژیی گوندی دێزوو واقیعێکە و خەڵک شایەتحاڵی زیندوو لەو ڕووداوانەن و ساڵانە دەچنە گۆڕستان بۆ سەر گۆڕی ئەو شەهیدانە و بۆ شەهیدەکانیان دەگرین. لە گوندی دێزو، منداڵیە هەژارەکانی کورد بە دەستی کورد کوژران. ئەوانەی لە ساڵی 1987-1988 لە ئەنفالەکانی سەدام ڕزگاریان ببوو، دوای 10 ساڵ لەلایەن پەکەکەوە ئەنفال کران. ئەمە تەنها ڕووداوێک نەبوو، بەڵکوو ئەمە نموونەی سیاسەتی پەکەکەیە بەرامبەر بە باشووری کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکاندا.
لە ساڵانی 1990دا پەکەکە و سوپای تورکیا بە هاوکاری و هاوئاهەنگی شەڕیان هێنایە حەفتەنین، بادینان، بارزان و خواکورک. پەکەکە دەیهەویست سیاسەتێکی نامرۆڤانە لەو ناوچە ستراتیجیانەدا پەیڕەو بکات و بیانکاتە گۆڕەپانی شەڕ. بەم شێوەیە دەیانویست خەڵک ناچار بکەن بە هەژاری و بێ زەوی و بێکاری بکەن و بەمشێوەیە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە باشووری کوردستان دروست بکەن. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەو کوردانەی کە لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە ئاوارە ببوون، نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵ و خاکی خۆیان. گوندی دێزوویش یەکێک لە قوربانییەکانی هەمان سیاسەت بوو.
دەوڵەتی تورک لە ساڵی 1997دا زۆرێک لە قەڵاکانی پەکەکە بەتایبەتی زاپ و ئاڤاشینی لێسەندەوە و کۆنترۆڵی کردن. لە بەرامبەر ئەم شکستەدا فەرماندەکانی پەکەکە بۆ ئەوەی کادیرەکانیان سەرقاڵ بکەن، دەستیان بە هێرشکردنە سەر گوندەکانی باشوور کرد.
کاتێک کۆمەڵکوژی دێزو ڕوویدا، فەرماندەکانی پەکەکە دەیانگوت ئەمە تۆڵەی شەهیدانی ئاڤاشینمانە. کادیرانی پەکەکە لە ئاڤاشین لەلایەن چەکدارانی تورکیاوە کوژرابوون و دانیشتوانی گوندی دێزو دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بەم بابەتە نەبوو. ئایا مەعقولە منداڵێکی کوردی تەمەن 1 ساڵان بەناوی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن کوردەوە بکوژرێت؟ ئەمە تۆڵە نەبوو، ئەم کوردکوژی بوو.
کاتێک ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجامدرا، جەمیل بایک بەرپرسی بڕیارگەی ئارگەکە بوو، دوران کاڵکان کارگێڕی ئەو ناوچەیە بوو کە بە “زاگرۆس” ناودەبرا. ئەوەی کە ڕاستەوخۆ ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕێکخست و تەقەی لە فەرماندەیەکی پەکەکە کرد کە هێشتا لە ژیاندا بوو، ئەویش “ئامەد مەلازگرت”ـە. ڕەنگە ناوی ئامەد مەلازگرت بۆ ئێوە نامۆ نەبێت و بیستبێتان، چونکە لە ئێستادا زۆرجار دێتە سەر شاشەی میدیاکانی پەکەکە و باس لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، بەڵام باسی کوشتنی منداڵێکی تەمەن یەکساڵان ناکات. بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئامەد مەلازگرت لە کاتی کۆنگرەی پەکەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد کە هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. ئامەد گوتی “بە بۆچوونی من ئەگەر کوردستانێک دروست ببێت و سەرکردە ئاپۆ تێیدا نەبێت، واباشترە ئەو کوردستانە هەر نەبێت”. ئەم ئامەد مەلازگرتە، کە بەم شێوەیە باسی ئۆجەلان دەکات، فەرمانی کوشتنی منداڵانی دەرکردبوو، ئەم یادەوەرییە ڕاستییەکی زۆر گرنگ ئاشکرا دەکات، گوندەکانی دێزو و میرۆز و دەیان گوندی دیکە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی پەکەکەدا دەربەدەر بوون و گوندەکانیان چۆڵ بوون. ئەم جۆرە سیاسەتانەی پەکەکە، هەتا ئەمڕۆش بە شێوازی جیاواز بەردەوامن. ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەکەکە ئامادە نییە بچووکترین ڕەخنە لەسەر ئەو جۆرە کارەسات و رووداوانە قبووڵ بکات، بەڵکوو هێشتا هەر خۆی بە مافدر دەزانێت و هەنووکەش بە هەمان لۆژیک بەردەوامە.
ئەوانەی کە مێژوو لەبیر بکەن، داهاتووی خۆشیان نابینن. بۆیە نابێ ئێمە ئەم کارەساتەی گوندی دێزو لەبیر بکەین و لەبیری خەڵکی ببەینەوە. گوندی دیزۆ تەفەروعات نیە، بەڵکوو هەقێقەتی سیاسەتی پەکەکەیە، هەربۆیە دەبێت بە ڕەحمەت و بە حورمەتەوە یادی ئەو شەهیدانە بەرز ڕاگرین و ئەو لایەنەش لەعنەت و شەرمەزار بکەین کە ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە. نەتەوەی کورد نابێ هیچکات ئەم کارەساتە لەبیر بکات.