فەرهاد شامی: هەسەدە و یەپەژە هێرشی سەر پردی قەرقۆزاقیان تێکشکاند

هەسەدە: گرووپە هێرشبەرەکانی سووریا گورزی قورسیان بەرکەوتووە و کوژراو و بریندارێکی زۆریان هەیە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ڕایگەیاند: شەڕڤانانی هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سوریایان لە باشووری کۆبانێ پووچەڵ کردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ژانویە، فەرهاد شامی بەیاننامەیەکی لەگەڵ نوێترین زانیاری سەبارەت بە دۆخی زەمینی دەوروبەری کۆبانێ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “X” بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر بەرەی پردی قەرقۆزاق کە دەکەوێتە باشووری شاری کۆبانێ، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە بە توندی وەڵامی ئەم هێرشەیان داوەتەوە و گوتی: “هێرشبەرەکان ناچاربوون پاشەکشە بکەن و هەڵبێن”.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) هەروەها ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا، گرووپە هێرشبەرەکان گورزی قورسیان بەرکەوتووە و کوژراو و بریندارێکی زۆریان هەیە.