هێزەکانی ڕووسیا لە قامیشلۆ دەکشێنەوە

هێزەکانی ڕووسیا لە قامیشلۆ دەکشێنەوە

رووسیا لە ساڵی 2019ـەوە فڕۆکەخانەی قامشلۆی بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەکار دەهێنا.

رووسیا هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆوە دەکشێنێتەوە و دەیگوازێتەوە بۆ ژمارەیەک بنکەی سەربازیی سەر سنووری سووریا.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، ماوەی چەند رۆژێکە هێزەکانی ڕووسیا دەستیان بە کشانەوە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ کردووە. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی دیکەیان گواستووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرباز، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە بۆ بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە “لازقیە”ـی سەر سنووری سووریا دەگوازرێنەوە.

رووسیا لە ساڵی 2019ـەوە فڕۆکەخانەی قامشلۆی بۆ چاودێریکردنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەکار دەهێنا.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا هەیە. کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) رایگەیاندووە، بەهۆی ئەم گرژییانەوە، دەیان هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون.

Share