نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 170 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 170 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ زۆر خراپە و بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی سەر شارەکەوە ژیان تێیدا زەحمەتە.

نووسینگەی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، زیاتر لە 170 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە 6ی ئەم مانگەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا لە پارێزگاکانی حەلەب، ڕەققە و حەسەکە، شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون ناوچەکەی گرتووەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریشی داوە لەبارەی دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێ و ڕایگەیاندووە: دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ زۆر خراپە و ژیانی خەڵک تێیدا سەخت بووە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی سەر شارەکە و بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو و هێڵەکانی ئینتەرنێت.

سەبارەت بە هەوڵە مرۆییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان. ئاماژەی بەوەش داوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە توانیویانە پێداویستییەکانی وەک دۆشەک، بەتانی و کەرەستەی گەرمکەرەوە بۆ نزیکەی 450 هەزار کەس دابین بکەن، هەروەها خۆراک و پێداویستی تایبەتیان بۆ 1500 منداڵ دابین کردووە.

Share