هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەمجارە بوو بە قەڵغان بۆ ئێران: با ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەمجارە بوو بە قەڵغان بۆ ئێران: با ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت

تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی کە لە ڕابردوودا بەرگریی لە ڕژێمی ئەسەد دەکرد، ئەمجارە بوو بە قەڵغان بۆ ڕژێمی ئێران و دژایەتیی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دەربڕی.

حاتیمۆغولاری لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ژنانی پارتەکەی لە پەرلەمان ڕایگەیاند: “چارەنووسی ئێران گەلانی ئێران دیاری دەکەن؛ کورد، ئازەری، بەلوچ و فارسەکان دیاری دەکەن. دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل بەپەلە کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن. چارەسەری لە کۆماری دیموکراتیکی ئێراندایە.”

حاتیمۆغولاری ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد و سەرکۆنەی کردن و وتی: ئێمە وەک ژنان بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین.”

حاتیمۆغولاری لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکان وتی: “لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەردەوام بوون، هێرشیان کردە سەر ئێران. ئەگەری ئەوەی ئەم شەڕە تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە زۆر بەهێزە و هەر ئێستا عێراق، لوبنان و وڵاتانی کەنداوی گرتووەتەوە و ناوچەکە بەرەو ئاژاوەیەکی خوێناوی دەچێت. لەم هێرشانەدا قوتابخانەیەکی کچان لە ئێران بۆردومان کرا. هەمووتان بینیتان، لەو قوتابخانەیەدا نزیکەی 170 کچ یان زیاتر کوژران. بە سەدان بریندار هەن؛ دیسان کوژرانی ژنان، دیسان کوژرانی منداڵان و دیسان دەرەنجامی ئەو شەڕانەی کە پیاوان هەڵیانگیرساندووە. ئێمە وەک ژنان بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین. لەم خاکەدا خوێنێکی زۆر ڕژاوە، ئیتر بەسە.”

حاتیمۆغولاری: “چارەسەری لە شەڕدا نییە، لە ئێرانی دیموکراتیک دایە”

حاتیمۆغولاری ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئێران شەرعییەت وەرناگرێت و وتی: “چارەسەر لە شەڕدا نییە، چارەسەر لە ڕژێمی ئۆتۆریتاردا نییە، بەڵکو چارەسەری لە بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیکی ئێراندایە.”

حاتیمۆغولاری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ئۆجەلان و لێدوانەکەی 27ی شوبات کرد و وتی: “ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتی (تێکەڵبوونی دیموکراتی) هێندەی دامەزراندنی کۆمار گرنگە.”

حاتیمۆغولاری باسی لە داخوازییەکانی گەلی کورد کرد و ئیدیعای کرد کە ئەم داخوازییانە تەنیا بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ تەواوی تورکیا بە واتای دیموکراتیزەبوون دێت. بەڵام سەبارەت بە داواکاریە نەتەوەئیەکانی گەلی کوردەکان هیچی نەوت، تەنیا داوای کرد کە پێگەیەکی فەرمی بۆ ئۆجەلان دیاری بکرێت.

ئەم بانگەوازەی “دیموکراتیزەکردنی ئێران” و ڕەوانەبینینی هێرشەکان بۆ سەر ئێران (ڕژێمێک کە زوڵمێکی زۆر لە گەلی کورد دەکات و سەرکردەکانیانی لەسەر مێزی گفتوگۆ شەهید کردووە)، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە. ڕۆژهەڵاتییەکانی کوردستان کە چاودێری میدیای تورکی دەکەن، دوای بانگەوازەکەی دەم پارتی و حاتیمۆغولاری، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتی “STOP DEM Parti” یان دەستپێکرد.

Share