زاڵمای خەلیلزاد: ئیدی کاتی لەناوبردنی میلیشیاکانی عێراق هاتووە

خەلیلزاد: “میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەدەن”.
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، میلیشیاکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسدارانی ئێران هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، داواش دەکات واشنتن توانای سەربازیی ئەو گرووپانە تێکبشکێنێت و فشار بخاتە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ رێگریکردن لێیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) نووسیویەتی: “میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیان لەوێ”.
خەلیلزاد رەخنەی لە هەڵوێستی حکوومەتی عێراق گرت و ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت تەنیا راگەیاندراوی سەرکۆنەکردن بڵاو دەکاتەوە، بەڵام وا دیارە نەتوانێت یان نەیەوێت رێگری لەم هێرشانە بکات. گوتیشی: “کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا توانای سەربازیی ئەم میلیشیایانە وێران بکات، کە ماوەیەکی زۆرە بە ئارەزووی خۆیان وەک بریکاری ئێران کار دەکەن.”
هەروەها باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا جەختی کردەوە، کە دەبێت فشار بخرێتە سەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوەکوو بە هێزەوە دژی ئەم بریکارە تیرۆریستانە بجووڵێتەوە و کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنێت.