پەیامی سەرەخۆشیی لەیلا زانا بۆ شەهیدبوونی 6 پێشمەرگەی کوردستان

لەیلا زانا: ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، لەیلا زانا، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە، بە بۆنەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشێکی مووشەکی ئێراندا.
لە پەیامەکەدا هاتووە “بە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە. سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە کەسوکاریان و ئێوەی بەڕێز و گشت پێشمەرگە رادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین. یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و ڕێگەیان بەردەوام دەبێت”.
سەرۆکی حکوومەت لە وەڵامی پەیامەکەدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە “شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون و رێ و رێبازەکەشیان بەردەوام و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت”.