جەودەت یڵماز: دەم پارتی دەبێت دیاریی بکات کە چی بۆ پرۆسەکە دەکات

جەودەت یڵماز: دەم پارتی دەبێت دیاریی بکات کە چی بۆ پرۆسەکە دەکات

یڵماز: “دەبێت بە ڕوونی ببینرێت کە چەکەکان داماڵراون، پەرەپێدانی دیموکراسی بۆ داماڵینی چەک مەرج نییە”.

جەودەت یڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا، لە سەردانەکەیدا بۆ ئامەدی باکووری کوردستان، پەیامی ستراتژیکی سەبارەت بە “پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی”، پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەڵوێستی دەم پارتی خستەڕوو. یڵماز جەختی لەوە کردەوە کە دوای ڕووداوەکانی سووریا و ئێران پێویستیی تورکیا بۆ ئاشتییەکی سەقامگیر، زیاتر بووە و ڕایگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا خێرایی بە هەنگاوە یاساییەکان دەدەن.

جەودەت یڵماز لە “لووتکەی جیهانی کار” لەگەڵ نوێنەرانی بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەوە. یڵماز ڕاشیگەیاند، ڕێگەیان نەداوە ڕووداوەکانی سووریا و شەڕی ئێران ببنە هۆکارێک بۆ ئیستفزاز و پرۆڤۆکاسیۆن لەناوخۆی تورکیادا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پێشهاتانەی لە وڵاتانی دراوسێ هاتوونەتەئاراوە، زیاتر گرنگیی “پرۆسەی ئاشتی”یان نیشانداوە و وتی: “دوای ئەم قۆناغە پڕۆسەکە خێراتر دەکەین و هەنگاوی یاسایی پێویست دەنێین”.

جێگری سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی دەم پارتی گرت و داوای کرد چالاکتر بن. یڵماز ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەم پارتی لەبری ئەوەی داواکاری لەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەت بکات، لەخۆی بپرسێت کە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە چی دەکات. یڵماز بە تایبەتی تیشکی خستە سەر پرسی چەکدانان و وتی: “دەبێت بە ڕوونی ببینرێت کە چەکەکان داماڵراون، پەرەپێدانی دیموکراسی بۆ داماڵینی چەک مەرج نییە”.

یڵماز هەروەها سەرنجی بۆ ئەو شەڕە ڕاکێشا کە بە قسەی ئەو بەهاندانی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستی پێکرد و ڕایگەیاند کە ئەم شەڕە کاریگەری جیددی لەسەر ئابووری ناوچەکە هەبووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئێران دەپارێزێت و داوای کرد دەستبەجێ شەڕ کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتری لێنەکەوێتەوە.

Share