میدیاکانی ئێران: قۆناخی یەکەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بە بێ ئەنجام کۆتایی هات

میدیاکانی ئێران: قۆناخی یەکەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بە بێ ئەنجام کۆتایی هات

ڕۆیتەرز: بابەتی گەرووی هورمز گەورەترین خاڵی بەریەککەوتنی نێوان هەردوولایە.

میدیاکانی ئێران رایانگەیاند کە قۆناغێکی دیکەی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان کۆتایی هاتووە، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێشتا چەندین ناکۆکی جددی لە نێوان هەردوولادا ماونەتەوە؛ سەرچاوەیکیش رایگەیاندووە، سەرەڕای ناکۆکییەکان، دانوستانەکان بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12/4/2026، بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئێران، سەرەڕای بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لە پاکستان، هێشتا هەندێک جیاوازیی قووڵ لە نێوان شاندی ئێرانی و ئەمریکیدا هەیە کە ڕێگرن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

میدیاکانی تاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا “تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە” و سەرکەوتنی پرۆسەکە بەستراوەتەوە بە گۆڕینی هەڵوێستی واشنتن.

لەو چوارچێوەیەدا، تاران داوا دەکات لایەنی ئەمریکی واز لە “زیادەڕەوییە هەمیشەییەکانی” بهێنێت و لەبری ” سەرکێشانە مامەڵەکردن، ڕێچکەیەکی “واقیعبینانە” بگرێتە بەر بۆ ئەوەی دانوستانەکان بگەنە ئەنجام.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران بڵاو کردووەتەوە، سەرەڕای ناکۆکییەکان، بەڵام دانوستانەکان بەردەوام دەبن

هەروەها هەر بەر لە بەڕێوەچوونی قۆناخی سێیەم، ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردبووە، لەکاتێکدا هەردوولا گەیشتبوونە قۆناخی ئاڵوگۆڕی دەق بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستان، بەڵام تیمی ئەمریکی بە داواکارییە نوێیەکانی کە وەک “زیادەڕۆیی مەرسوم” وەسف کراوە، ڕێگری لە پێشوەچوونی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، شاندی ئێرانی لەسەر مێزی دانوستان جەختی کردبووەوە، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازییەکانی نابێت و سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هێشتا بەردەوامن بەڵام ئاسۆکە لێڵ بووە.

هەروەها ئاماژە بەوە دابوو کە بابەتی گەرووی هورمز گەورەترین خاڵی بەریەککەوتنی نێوان هەردوولایە. لە کاتێکدا ئەمریکا باس لە پاککردنەوەی گەرووەکە دەکات، ئێران ئەم بابەتە بە بەشێک لە سەروەری و دەستکەوتە سەربازییەکانی خۆی دەبینێت و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ و جددی لەناو ژووری دانوستانەکاندا.

Share