سێنتکۆم: بازرگانی دەریایی ئێرانمان بەتەواوی پەکخستووە

سێنتکۆم: بازرگانی دەریایی ئێرانمان بەتەواوی پەکخستووە

سێنتکۆم: هێزەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی رەهای دەریاییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە

سوپای ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ سەرجەم بەندەرەکانی ئێران بە تەواوی گەمارۆ دراون و جووڵەی بازرگانی دەریایی بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی گشتیی وەستاوە.

جەنەڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا بە تەواوی جێبەجێ کراوە و هێزەکانی ئەمریکا باڵادەستیی رەهای دەریاییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.”

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان،سەدا 90ـی ئابووری ئێران پشت بە بازرگانی نێودەوڵەتی لە رێگەی دەریاوە دەبەستێت. کوپەر دەڵێت: “لە ماوەی کەمتر لە 36 کاتژمێردا لە دەستپێکردنی گەمارۆکە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە تەواوی هاتوچۆی بازرگانی دەریایی ئێران پەکبخەن.”

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی راگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ شکستهێنانی خولی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا کە رۆژی شەممە لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو: “لە ماوەی 24 کاتژمێری یەکەمدا، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە گەمارۆکانی ئەمریکا ببڕێت.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە 6 کەشتی پابەندی رێنماییەکانی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بوون و گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران.

ئەم گەمارۆیە بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیرییەکی زۆر بۆ کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، نەوت و دڵنیایی لە مەترسییەکانی جەنگ. سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هاتوچۆ لە گەرووی هورمز کەمبووەتەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم، بەراورد بەو 130 گەشتە دەریاییەی کە رۆژانە پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە 28ـی شوباتدا ئەنجام دەدران.

Share