لە مەرەش کارەسات ڕویدا؛ هێرش کرایەسەر قوتابخانەیەک و 4 کەس گیانیان لەدەستدا

پارێزگاری مەرەش: یەکێک لە کوژراوان مامۆستایە و سێیەکەی دیکەیش قوتابی بوون.
لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، کارەساتێکی گەورە ڕوویدا و مامۆستایەکی قوتابخانەکە و 3 قوتابی گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 20 کەسی دیکەش بریندار بوون. وەک ڕاگەیاندراوە، هێرشبەرەکە تەمەنی 14 ساڵان بووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15/4/2026، لە قوتابخانەی ئایسەر چاڵک لە شارۆچکەی 12ـی شوباتی سەر بە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویداوە.
موکەڕڕەم ئونلوئەر، پارێزگاری مەڕەش رایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە و بەگوێرەی بەدواداچوونی سەرەتایی، 4 کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندارن.
فڕات گۆرگەر، سەرۆکی شارەوانیی مەرەش رایگەیاند، رووداوەکە گەورەیە و تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بە گوتەی پارێزگاری مەڕەش، یەکێک لە کوژراوان مامۆستایە و سێیەکەی دیکەیش قوتابین.
پارێزگاری مەڕەش ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشکارەکە دوو پۆلی کردووەتە ئامانج و بە پێنج چەک و 7 مەخزەنەوە هێرشەکەی کردووە و دواجار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 14/4/2026، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ بەناوی عومەر کەت لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستاندا هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی پیشەیی و دەستڕێژی گولـلەی کرد. لە ئاکامدا 16 لە مامۆستا و قوتابی بریندار بوون.