پەکەکە لە نێوان چەکدانانی سەمبۆلیک و واقیعی مەیدانیدا

پەکەکە لە نێوان چەکدانانی سەمبۆلیک و واقیعی مەیدانیدا

بەرپرسی میت: “گرینگترین هۆکاری پشت شکستی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە، پێشهاتەکانی ئێرانە”.

هەرچەندە پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاندووە و چەکی داناوە، بەڵام هێشتا چالاکە. لە کۆی 100 ئەشکەوت و تونێل، تەنها 30 ئەشکەوت و توونێلی چۆڵکردوون و 70 ئەشکەوتی هێشتا لەژێر کۆنترۆڵدایە. لایەنی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ هەنگاوێکی کردەیی و گشتگیر بۆ چەکدانانی پەکەکە نابیندرێت.

هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چەکدانانی پەکەکە هەڵنەگیراوە

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکانی تورکیا و بەتایبەتی لە ڕۆژنامەی “حوریەت”دا بڵاوکراونەتەوە، لایەنی تورک جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ هەنگاوێکی کردەیی و گشتگیر بۆ چەکدانانی پەکەکە نەنراوە. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا گیراونەتەبەر زیاتر “ڕەنگێکی ڕەمزی”یان هەبووە و نەگەیشتوونەتە ئاستی چەکدانانی تەواو یان کۆتاییهێنان بە حزووری چەکداری لە ناوچە شاخاوییەکاندا.

لە کۆی 100 ئەشکەوت، تەنها 30 ئەشکەوتیان چۆڵکردووە و هێشتا 70 ئەشکەوتیان لەژێر کۆنترۆڵدایە

هەروەها باس لەوەش کراوە کە لە کۆی 100 ئەشکەوت و تونێل، پەکەکە تەنها 30 ئەشکەوتی چۆڵ کردووە و 70 ئەشکەوتەکەی دیکەی هەتا ئێستاش لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ڕێکخراوەدایە.

لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی حورییەتدا باس لەوە کراوە کە دەبێ دەزگای هەواڵگری تورکیا (MİT) و هێزە چەکدارەکانی پشتڕاستی بکەنەوە کە ئایا پەکەکە چەکەکانی داناوە یان نا؛ دوای ئەوە ڕێسا یاساییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەگیرێنەبەر.

ڕۆژنامەکە هەروەها نووسیویەتی: بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نییە کە ئەندامانی پەکەکە چەکەکانیان دانابێت؛ بەپێچەوانەوە چالاکییە ڕێکخراوەییەکانی پەکەکە سەرنجڕاکێشن.

هیچ پێشهاتێکی نوێی بەرچاو لەسەر زەوی ڕووی نەداوە

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیبراهیم کالن بەرپرسی میت لە دوایین کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا ڕایگەیاند کە جگە لە چەکدانانێکی سیمبۆلیک، هیچ پێشهاتێکی نوێی گرینگ لەسەر زەوی ڕووی نەداوە. گرینگترین هۆکاری پشت شکستی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە، پێشهاتەکانی ئێرانە.

چاودێران دەڵێن نایەکسانی نێوان لێدوانە سیاسییەکان و واقیعە مەیدانییەکان وایکردووە پرسی داماڵینی چەک هێشتا پرسێکی پڕ لە ئاستەنگ بێت. لەکاتێکدا کە حکومەتی تورکیا داوای چەکداماڵینی تەواوەتی دەکات، لایەنی بەرامبەر زیاتر باس لە چارەسەری دیموکراتیک و سیاسی دەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە هیچ نەخشەڕێیەکی پەسەندکراو بۆ هەردوولا نەبێت.

Share