پەکەکە هەڕەشە لە توێژەر گوڵستان یارکن و بنەماڵەکەی دەکات

پەکەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕێگریی لە ڕەخنەگرتن و پرسیارکردن لەسەر ئۆجەلان و پەکەکە لەناو گەلی کورددا بکات.
گولستان یارکن، کۆمەڵناس و توێژەر، بەهۆی لێدوانەکانی لە سۆشیال میدیا هەڕەشەی لێدەکرێت.
دوێنێ یارکن لە پەیجی “X”ی خۆیدا ڕایگەیاند، هەڕەشە لە خۆی و خێزانەکەی کراوە. ئەو بەڵگانەی کە یارکن بڵاوی کردوونەتەوە، هۆکاری ئەم هەڕەشانە بە ڕوونی نیشان دەدەن؛ هەڕەشە لە هەژمارەکانی عێراق، ئەندەنوسیا و هتد..ـەوە نێردراون.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، لەو پەیامانەی کە بۆ دایکی نێردراون، نووسراوە: “پێشنیارمان ئەوەیە کە تۆ کچەکەت تەربییەت بکەیت. کچەکەت بەشێوەیەکی خراپ قسە لەسەر تەڤگەرەکەی ئێمە دەکات، تەڤگەرەکەی ئێمە بێ خاوەن نییە”. لەو پەیامانەشدا کە بۆ خۆشکەکەی نێردراوە، هاتووە: “خۆشکەکەت بە لێدوانی خراپ لەسەر تەڤگەرەکەمان ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە”. لەو پەیامانەدا کە تێیدا هەڕەشە لە گوڵستان دەکرێت و ئیدیعای ئەوە دەکرێت کە سووکایەتی بە شەهیدان و ئۆجەلان کراوە. ئەو کەسانەی هەڕەشە دەکەن، خۆیان وەک “فیدایی ڕێبەر ئاپۆ” ناساندووە و هەروەها زانیارییە شەخسییەکانی یارکن و بنەمالەکەشی بڵاو دەکەنەوە.
گوڵستان یارکن لە ڕاگەیاندراوێکدا سەبارەت بەو هەڕەشانە گوتوویەتی: “ئەم کەسانە لە پەیامە هەڕەشەئامێزەکانیاندا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە من سوکایەتیم بە ‘ئاپۆ و پەکەکە و شەهیدان’ کردووە” و هیچ بەڵگەیەکیش بۆ پشتڕاتکردنەوەی ئەم ئیدیعایە نەخراوەتەڕوو. ئەگەر مەسەلەکە لەسەر دەربڕینی هزری من بێت، ئەمە فاشیزم و دیکتاتۆریەتە. من ئەم بابەتە دەخەمە بەر دیدی ڕای گشتی”. گولستان بەمشیوەیە داوای لە ڕای گشتی کرد کە لە بەرامبەر ئەم کردەوانەدا وریا بن.
یارکن کە لە چاوی ڕای گشتیدا بە لێکۆڵینەوە سەربەخۆکانی ناسراوە، کەسێکی عەلەوییە و بە گشتی بە پشتیوانیکردنی لە خەباتی ژنان دەناسرێت. لەم دواییانەدا یارکن بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی “ئەنتەگراسیۆن”ی ئۆجەلان ناسراوە. ڕەخنەکانی بە بەڵگەی سیاسی و بە بێ ئەوەی بچووکترین سووکایەتیی تێدا بێت، خستووەتەڕوو. هەڕەشەکردن لە یارکن، کاردانەوەیەکی گەورەی لە ناو ڕای گشتیی کورد و کوردستاندا لێکەوتۆتەوە.
یارکن یەکەم کەسی سەربەخۆ نییە کە لەلایەن پەکەکەییەکانەوە هەڕەشەی لێ بکرێت. هەموو ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانەی کە لەگەڵ سیاسەتی ئەنتەگراسیۆنی ساڵی 2025ی ئۆجەلاندا هاوڕا نەبوون، بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشەیان لێکراوە. لەم دواییانەدا لیستی ناوی بەشێک لەو کەسانەی کە کراونەتە ئامانج لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە.
وەک دەبینرێت پەکەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕێگریی لە ڕەخنەگرتن و پرسیارکردن لەسەر ئۆجەلان و پەکەکە لەناو گەلی کورددا بکات. ئامانجیشی ئەوەیە کە بە بێدەنگکردنی ڕەخنەگران ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەڵوێستە بکات. وەک دەردەکەوێت پەکەکە هەڵوێستە هێرشکارانەکەی، بەتایبەتی بەرامبەر ئەوانەی کە ڕەخنەکانیان لەسەر بنەمای بەڵگەی سیاسی و ڕەوا بنیات دەنێن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکات.