9 ساڵ بەسەر داستانی “پردێ”دا تێپەڕ دەبێت

9 ساڵ بەسەر داستانی "پردێ"دا تێپەڕ دەبێت

لە داستانی پردێدا، پێشمەرگەکانی کوردستان بەرەنگاری داگیرکەرەکان بوونەوە و خەونی داگیرکردنی هەولێریان کردە بڵقی سەر ئاو.

ئەمڕۆ، 9 ساڵی تەواو بەسەر داستانی پردێدا تێ دەپەڕێت، کە پێشمه‌رگه‌ی کوردستان لە سنووری پردێ بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی هێزێکی گەورەی دوژمن بوویەوە کە پیلانیان هەبوو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان داگیر بکات.

دوای خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و داگیرکرانی کەرکووک و خورماتوو، هێزەکانی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هێزێکی قورسەوە لە ئاراستەی “پردێ”دا ڕووی هێرشەکانیان کردبووە هەولێر و ئامانجیان ئەوە بوو کە سەرجەم هەرێمی کوردستان داگیر بکەن.

بەڵام پێشمەرگەکانی کوردستان بەرخۆدانێکی مێژووییان بەرانبەر بەو هێرشە داگیرکارانەیە پیشاندا و پیشڕەویی هێزە داگیرکەرەکانیان وەستاند و خەونی داگیرکردنی هەولێریان کردە بڵقی سەر ئاو. لەو بەرخۆدانە قارەمانانەیەدا 7 پێشممەرگەی کوردستان شەهید بوون.

لە کاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017دا، سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشد، بە تۆپبارانێکی قورس لە شارۆچکەی پردێیەوە، بەرەو سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و هەولێری پایتەخت دەستیان بە پێشڕەوی کرد.

بەڵام پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە بەرەنگاریان بوونەوە و لە شەڕەکەدا تانکێکی جۆری ئابرامزی ئەمریکی کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین تانکە جەنگییەکانی جیهان دادەنرێت و بۆ شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعشدا ڕادەستی سوپای عێراق کرابوو، لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە تێکشکێندرا و تەقێندرایەوە.

بەمشێوەیە داستانی مەزنی پردێ، لە مێژووی کوردستاندا وەک “داستانی تێکشکاندنی ئابرامزەکان” تۆمار کرا و ترس و لەرزی خستە دڵی داگیرکەران و پەلاماردەران و ڕێگای نەدا هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان داگیر بکرێت.