برایەتی گەلان و بومەلەرزەکەی باکووری کوردستان

برایەتی کورد لەگەڵ گەلانی داگیرکەری “تورک، عەرەب و فارس” کە هەموو هەوڵیان بۆ لەناوبردنی کورد بووە، هیچ مانایەکی نیە.
پاش ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە شەوی 24/1/2020دا باکووری کوردستانی هەژاند و زەرەر و زیانێکی زۆری مەعنەوی و ماددیی لێکەوتەوە، بابەتی سەرنجڕاکێش و جێگای داخ ئەوەیە کە پاش بوومەلەرزەکە تورکەکان سەبارەت بەو بوومەلەرزیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باسیان لەوە دەکرد کە “ئایا ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووەو گیانیان لەدەست داوە تورکی ڕەسەنن یان تورکی شاخین؟” هەموو کەس باش دەزانێت کە مەبەست لە تورکی شاخی کێن؟
ئەو پرسیارە کە زۆرترین گەڕان بەدوای وەڵامەکەیدا لە گووگڵ ئەنجامدراوە، پرسێکی سادە و هاکەزایی نیە. بەڵکوو شوناس و مەرامی راستەقینەی فاشیزمی گەلی تورک، ئەو گەلەی کە ئێستا ئۆجەلان و پەکەکە و بەتایبەتی گرووپی ئەنقەرە دەیانهەویت وەکوو برای کوردان ناویان بنێن و بناسرێن، پیشان دەدات. هۆڤییەت و شوناسێکی وا لە ناو گیانداراندا زۆر دەگمەنن و بە زەحمەت دەکرێ هۆڤییەتێکی وا لەم دونیادا ببیندرێت کە لە بارودۆخێکی وا هەستیاردا بەوشێوەیە کەرامەتی نەتەوەیەکی لێقەوماو خەوشدار بکرێت.
برایەتی گەلان لەکوێ سەریهەڵدا؟
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە پاش گیرانی ئۆجەلان و تەسلیم بوونی ناوبراو لە زینداندا، ئۆجەلان بە کردەوە کەوتە خزمەت تورکیا و دەیەوەیست بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت، ستراتجی پەکەکە کە پێشتر خۆی خەباتی بۆ کردبوو، هەروەها بە هەزاران لاوی کورد لە پێناو ئەو ستراتجیە و لە ریزەکانی پەکەکەدا گیانیان بەخت کردبوو، بگۆڕێت. ویستی ئەو ستراتجیە بەجۆرێک بگۆڕێت کە لە بەرژەوەندی تورکیاشدا بێت. ئۆجەلان ستراتجی برایەتی گەلانی دیاری کرد. ئۆجەلان بە بێ ڕاوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە و بە بێ راوێژ لەگەڵ هیچ کەسێکی دیکەی نیشتمانپەروەر و لە قوژبنە تاریکەکانی زیندانی ئیمرالیدا بڕیاری لەسەر ئەو ستراتجیە دا و دواتر لە رێگای پارێزەرەکانیەوە وەکوو فەرمانێکی ئاسمانی و ئیلاهیی و نەگۆڕ بۆ گرووپی ئەنقەرەی لە قەندیل رەوانە کرد.
ئۆجەلان ستراتجی برایەتی گەلانی بە بێ راوێژ لەگەڵ هیچ نیشتمانپەروەرێک و لە قوژبنە تاریکەکانی ئیمرالیدا دیاری کرد
ئۆجەلان و پەکەکە بەم ستراتجیە نوێیەیان کە بێگومان تەنها خزمەت بە گەلانی سەردەست و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکات، سەرجەم ئارمانج و بەڵێن و فەلسەفەی رابردووی خۆیان کە زۆرێک لە لاوانی وڵات گیانیان لە پێناویدا بەخت کردبوو، وەلانا و لەبیریان کردن. بەمشێوەیە پەکەکە لە ستراتیجی دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردستان دابەزی بۆ داواکارییەکی بچووکی وەکوو برایەتی لەگەڵ گەلانی داگیرکەر و، کۆمەلگای کوردستان بە بابەتێکەوە سەرقال دەکات کە هیچکات وەدی نایەت.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەو راستیە کە شەڕی سیاسیی کوردان زیاتر لەوەی پێویستی بە چوونەناو قووڵایی فەلسەفە و شەڕی زاراوە سیاسیەکان بێت، پێویستی بە سیاسەتیکی ریئالیستی و پراگماتیک هەیە، بەڵام ئۆجەلان دەیهەوێت ئەو شەڕە بە فەلسەفەی شکڵانیەت و عەقلانیەت بەڕیوە ببات. ئۆجەلان هەتا ئێستاش لەژێر کاریگەریی شتی سەرەتایی و کۆمەڵێک بەها و ویتی ویتی دایە کە هیچ دەرەنجامێکی واقیعیان لێناکەوێتەوە و لەگەڵ واقعیەتدا یەک ناگرنەوە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوە کە ئۆجەلان هەتا ئێستا لەگەڵ بابەتی نوێ و واقعی و دەرەنجام و کاریگەریەکانیان لە مەیدانی سیاسیی تورکیادا مامەڵەی نەکردووە، ئێستاشی لەگەڵ بێت ئۆجەلان لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک چەمکی ژەنگ گرتووی سەردەمی شەڕی سارد و دەورانی کۆلۆنیالیزمی پورتوگال و ئیسپانیا و هۆڵەند و دەوڵەتانی دیکەی وەکوو ئەوان لە ناوچەکەدایە.
ئۆجەلان هێشتا لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک چەمکی ژەنگ گرتووی سەردەمی شەڕی سارد دایە
بەکارهێنانی چەمکی ئیمپەریالیزم و چەمکەکانی دیکەی هاوشێوەی لە سەردەمی جیهانی تاک جەمسەریدا، جگە لە خۆ خەشیم کردن لە جەوهەری دۆزی نەتەوەیی هیچ واتایەکی دیکەی نیە. ئەو برایەتی گەلانەی کە ئۆجەلان و پەکەکە باسی لێوە دەکەن لەگەڵ گەردەلوولی رێکەوتن و بەرژەوەندیی هێزە ناوچەیی و هەرێمیەکاندا تێکەوەپیێچراو جارێکی دیکەش دامەزراندنەوەی ئیمکانی نیە.
بە کورتی دەتوانین بڵێین کە باسکردن لە برایەتی گەلان بەتایبەتی برایەتی لەنێوان کوردان لەگەڵ گەلانی وەکوو “تورک، عەرەب و فارس” کە بە درێژایی مێژوو هێزی خۆیان بۆ لەناوبردنی کورد بەکارهێناوە و هەردەم بە خوێنی کوردان تینوو بوون، هیچ مانایەکی نیە و تەنها بۆ فریودانی کوردان و خزمەت کردنی پەیمانی میللی تورکیایە.
هەرکات گورگ لەگەڵ مەڕ بوو بە برا ئەو کاتەش تورک و کورد دەتوانن برایەتی بکەن ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە.