مەسەلەکە “مافی بڵاوکردنەوە”ی مەم ئارارات نییە؛ مەسەلەکە دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە لەلایەن پەکەکەوە

مەسەلەکە "مافی بڵاوکردنەوە"ی مەم ئارارات نییە؛ مەسەلەکە دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە لەلایەن پەکەکەوە

ئێستا لە تەڤگەری ئاپۆیی بەناو دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک، ئازادیی جینسی و کۆمۆنی دیموکراتیکدا، هەمان سیستەمی ئەسەد و سەدام بەسەر کورددا دەسەپێندرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناکۆکی “مافی بڵاوکردنەوە” لە نێوان هونەرمەندی خۆشەویست مەم ئارارات و کۆمپانیای “KOM Music”، لە نیوا کورداند بووەتە بابەتێکی گرنگ.

هەڵوێستی مەم ئارارات بەڕاستی هەڵوێستێکی ئیبراهیمی بوو، تێکشکاندنی بتەکان بوو. ئێمە نازانین ئایا لە پشت هەڵویستەکەی خۆیەوە دەوەستێت یان نا و نازانین کە مەسەلەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام لە کۆتاییدا مێرخاسێک ئەم پرسیارەی کرد کە “بۆچی کڕنۆش بۆ ئەو بتانە ببەین کە بە دەستی خۆمان دروستمان کردوون”؟!

هەرچەندە ڕای گشتی مەسەلەکە لە چوارچێوەی “کۆم میوزیک ـ مەم ئارارات و مافی بڵاوکردنەوەی مۆسیقا”شدا ببینێ، بەڵام لە ڕاستیدا مەسەلەکە زۆر فراوانتر لەوەیە. کۆمپانیای KOM Music کۆمپانیایەکی مەدەنی و سەربەخۆ نییە؛ دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیری و هونەریی پەکەکەیە. بە واتایەکی تر ئەرداڵ ئاڤجی، بەرپرسی کۆمپانیای KOM Music، بە دەستپێشخەری خۆی مامەڵە ناکات، بەڵکوو بە پێی بڕیارە ناوەندییەکانی پەکەکە دەجوڵێتەوە. سبەی ڕۆژ ئەرداڵ دەڕوات، عەلی ـ وەلی دێت. بۆیە گرنگە لەم سیستەمە ڕزگارمان بێت. بێگومان مەم ئارارات و هونەرمەندانی دیکە بەهۆی بواری کارکردنیانەوە، ئاساییە کە لەگەڵ گرووپی KOM Musicدا کار بکەن. بەڵام کاتێک شیکاری دەکەین کە بەڕاستی چی ڕوویداوە، دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکی دامەزراوەی کۆم میوزیک نییە، بەڵکو قۆرخ کردن و مانۆپۆلاسیۆنی ئەو دامەزراوانەیە کە پەکەکە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لە ئەوروپا و باکووری کوردستان-تورکیا دایمەرزاندوون.

پەکەکە هەمیشە ئەوکەسانەی کە لە خۆیان نەبن، بە سیخوڕ و خائین ناوزەد دەکات

پەکەکە هەمیشە ئەو کەسانەی کە ئەندامی ئەوان نین، بە سیخوڕ و خائین ناوزەد کردووە. بەڵام بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا لە ساڵی 1999دا ئەم دۆخە گۆڕدرا. لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆکردنەوەی کورد لە هەندێک ناوەندی دیاریکراو بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، دەوڵەت وەک تاکە کەناڵی شەرعی دەرگای بەڕووی گرووپ و دامەزراوەکانی سەر بە پەکەکەدا کردەوە. بەم شێوەیە پەکەکە بوو بە سیستەمێک کە بتوانێ هەموو کۆمەڵگەی کوردی بە هەموو ئاراستەیەک لە باکووری کوردستان و ئەوروپا کۆنترۆڵ بکات و هەژموونیەکی یەکدەنگ، یەکڕەنگ، یەک حیزب و یەک سەرۆک دابمەرزێنێت.

مۆدێلێکی هاوشێوە لە ئەوروپاش جێبەجێ کرا. دواتر ئەم مۆدێلە دەربازی ڕۆژئاڤاش بوو. بەڵام بە گشتی پەکەکە بەرە بەرە لە هەموو ئەو ناوچانەی کە باڵادەست بوو، خۆی ڕێکخست و لە هەموو بوارەکاندا خۆی زاڵ کرد کە بوارەکانی میوزیک، شانۆ، تەلەفزیۆن، سەندیکای کرێکاران، ڕێکخراوی زەحمەتکێشان، ژوورە بازرگانییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، شارەوانی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەخۆی دەگرێت. وەکوو کادر و بنکە سەربازییەکان و هەموو ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵاتی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هیچ کەسێک یان ڕێکخراوێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەو نەجووڵێتەوە. تۆڕێکی مافیایی دامەزرا کە تۆ چەندە بەهرەمەند و زانا و نیشتمانپەروەر و لایەنگری کوردیش بیت، سەرەتا دەبێ بچیت و بەیعەت بە دامودەزگاکانی پەکەکە لە باکوور یان ئەوروپا بدەیت. ئەگەر دەتەوێت مۆسیقا دروست بکەیت، دەبێت بچیتە لای دامەزراوەکانی ئەورووپا یان باکووری پەکەکە بۆ ئەوەی دەرگایەک بۆ خۆت بکەیتەوە. ئەگەر دەتەوێت لەبواری مافەکانی مرۆڤدا کاربکەیت دەبێت بچیت و بەیعەت بە کۆردیناسیۆنی مەیدانیی پەکەکە بدەیت. ئەگەر دەتەوێت لە ئیکۆلۆژیدا پێشبکەویت، دەبێت بچیت و بەیعەت بە لیژنەی ئیکۆلۆژی پەکەکە بدەیت. ئەگەر دەتەوێت ببیتە ئەندامی پەرلەمان یان سەرۆکی شارەوانی، دەبێ مۆڵەت لە کۆردیناسیۆنی ئەورووپا و قەندیلی پەکەکە وەربگریت. ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو دەستەی کارگێڕی سەندیکایەکی ترەوە، دەبێت بچیتە ناو کۆمیتەی کرێکارانی پەکەکە-کەجەکەوە. ئەگەر بتەوێت تەندەر لە شارەوانی وەربگریت (لە ڕابردوودا کە گەریلا لە باکوور هەبوو، دەبوو مۆڵەت لە فەرماندەیی پارێزگای هەپەگە وەربگریت، دەبوو مۆڵەت لە لیژنەی دارایی پەکەکە لە باکوور یان ڕاستەوخۆ لە کەسایەتییە باڵاکانی پەکەکە وەربگریت).

ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان سیستەمێک هەیە بەناوی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئاپۆیی کە لەلایەن ئەو ئەندامانەی پەکەکەوە دامەزراوە کەوا ماوەی 30 ساڵە لە زینداندان. هەرکەسێک بیهەوێت کارێک بکات، بیەوێت دەست بە پرۆژەیەک بکات، ناچارە کە بچێت پێی ئەو کوردیناسۆنە ماچ بکات تا پەسەند بکرێت و بە دوژمن ڕانەگەیەنرێت.

دۆخێک هەیە کە سیستەمێکی وەها دامەزراوە کە زۆر لە سیستەمی حزبی بەعس دەچێت. لە سیستەمی بەعسدا کەسانێک کە ئەندامی حیزب نەبوون تەنانەت بۆ بەشەکانی زانکۆش وەرنەدەگیران. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بازرگانییەک بەڕێبخات، نانەواخانەیەک بکاتەوە، خولێکی تایبەت وەربگرێت یان ڤیزە بۆ وڵاتێکی بیانی وەربگرێت، دەبوو ئەندامی حزبی بەعس بێت. لە قوتابخانە و دامودەزگاکاندا هەمووان دروشمی “بە گیان بە خوێن، ئێمە لەگەڵتداین ئەی سەرۆک”یان دەگوتەوە. ئەوانەی نەیاندەویست ڕووبەڕووی تووڕەیی دەوڵەت ببنەوە، وێنەی سەدام حوسێن یان حافز ئەسەد، سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس لە وڵاتەکانیان، لە ماڵەکانی خۆیاندا هەڵدەواسی. سیستەمێکی هاوشێوە لە کۆریای باکووریشدا هەیە.

لە سیستەمی بەعسدا ڕەخنەگرتن لە حیزب، داخوازیی ماف، بە دوژمنایەتی دادەنرا و ئەوانەی ئەو کارەیان دەکرد تووشی هەموو جۆرە سزایەک دەهاتن.

ئێستا لە تەڤگەری ئاپۆیی بەناو دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک، ئازادیی جینسی و کۆمۆنی دیموکراتیکدا، هەمان سیستەمی ئەسەد و سەدام بەسەر کورددا دەسەپێندرێت. بە خەڵک دەگوترێ: “یان تۆ دەبیتە ئەندامی حیزب، یان دەبیتە ئاپۆچی، یان دەبێ لەو زێدەدا بار بکەیت”.

بێگومان هەموو سیستەمە خۆپەرستەکان لقی لاوەکی خۆیان دروست دەکەن، سیستەمێکی ڕانتی دەست پێدەکات و لە ئەنجامدا دیکتاتۆریەتێکی دڕندانە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا بڵاودەبێتەوە. دیکتاتۆرێک هەیە، بازنەیەک لە دەوری دیکتاتۆردا هەیە، ئەمانە دەبنە دیکتاتۆری بچووکتر و بەم شێوەیە بەرەو خوارەوە بڵاودەبێتەوە. سەرۆکی بچووک ـ بچووک دەست پێدەکەن. بۆیە ئێستا لەو دامەزراوانەی کە پەکەکە دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنیانی هەیە، تەنها هاوارکردنی “بژی سەرۆک ئاپۆ” بەس نییە. ئەگەر لە ئەورووپا بیت، پێویستت بە دڵخۆشکردنی کۆردیناسیۆنی ئەورووپای پەکەکە هەیە، یان ئەگەر نەگەشتیتە ئەو، کۆردیناسیۆنی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژیت دڵشاد بکە، پێویستە ستایشیان بکەیت، گاڵتەیان پێ نەکەیت، بە دیاری و شتی دیکە دڵخۆشیان بکەیت. ئەگەر لە باکووریت، پێویستە خۆت بە کۆردیناسیۆنی “نهێنی” پەکەکە بناسێنیت، بە دیاری و قسەی خۆش و هتد…، ئەگەر کارەکەت گرنگ بێت، ئەوا تا قەندیل درێژ دەبێتەوە. بە واتایەکی تر وەک ئەو وتە بەناوبانگە دەڵێ: “نەک لیاقەت بەڵکو سەداقەت”، “نەک ماف و دادپەروەری، بەڵکوو سەردانەواندن” گرنگە.

ئەم سیستەمە لەخۆیدا بەشێکە لە سیستەمێکی ڕانتی و گەندەڵە. زۆر کەم کەس لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان باوەڕیان بە ئایدۆلۆژیای پەکەکە هەیە. لە سەنتەرەکەدا ڕانت هەیە و هەمووان هەوڵ دەدەن پشکێک لەم ڕانتە وەربگرن. لە ناو ئەو پشێوییەی باکووری کوردستاندا، ئەو کەسانەی لە زیندانەکاندا ئازاریان چەشتووە، باجەکەیان داوە و بوونەتە قوربانیی شەڕ، پشکێکی کەمیان لە بەڕێوەبردنی باڵای دامەزراوەکاندا هەیە. پلەبەندی لەناو دامەزراوەکاندا لەسەر بنەمای دەسەڵاتداری و ڕانت و ناوەندگەرایی دامەزراوە. لەبەرئەوەی خەڵک لەم ڕانتەدا شەریکن، کێبڕکێی گەورە و دووڕوویی و قەشمەرایەتی سیاسی و دامەزراوەی گەندەڵ لە باکووری کوردستان دامەزراون. لە سەندیکاکانی پارێزەراندا، پارێزەرەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ببنە ئەندامی پەرلەمان و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەیانەوێت بە کۆردیناسیۆنەکەی پەکەکەدا هەڵبڵێن؛ بە هەمان شێوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سڤیلیش لە سەندیکاکاندا هەمان کار دەکەن. لە ڕاستیدا جگە لە نزمترین ئاستی جەماوەر، هەمووان زۆر بە ڕوونی ئەم سیستەمە دەبینن. بەڵام ئەوان بەهۆی بەرژەوەندی خۆیانەوە بەشێکن لە سیستەمەکە.

بۆ نموونە هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە هەندێک لە پارێزەران کە دەبوو لە دۆسیەی مەم ئاراراتدا بێلایەنانە و دادپەروەرانە مامەڵەیان بکردایە، بەڵام کەچی بەداخەوە وەک لایەنگرەکانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر هونەرمەندی گەورە مەم ئارارات و تەنانەت کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤیش بەمشێوەیە کۆیلەی سیستەمی مافیایی پەکەکەیە.

هاوکێشەیەکی لەمشێوەیە سەریهەڵداوە:

سەروەریی پەکەکە + گەندەڵی دامەزراوەکان + حیسابی شەخسیی تاکەکان = ڕزیوبوون و بۆگەنبوون

کارکردن لە دژی ئەمانە زۆر قورسە.

لە کۆتاییدا قسەیەکی هانا ئارێنت هەیە کە زۆر بە باشی باسی ئەم جۆرە سیستەمە دەکات:

“لە ڕێکخراوە تۆتالیتارییەکاندا هەمووان دەزانن کە ڕێبەر ـ سەرۆک درۆ دەکات، بەڵام ئەوەش دەزانن ئەگەر ڕێبەر – سەرۆک بیدۆڕێنێت، ئەوان هەموویان دەیدۆڕێنن، بۆیە بێدەنگ دەبن. کێشەکە فێڵی سەرۆک نییە، بەڵکو نەدۆڕاندنە؛ ئەگەر باوەڕ بەم شتە کۆتایی پێبێت، دونیای خەیاڵیی تۆتالیتاریزم بە یەکجار دەڕووخێت و هەقێقەت زاڵ دەبێت”.

بەڵێ، بۆ ئەوەی کە ئەم سیستەمە گەندەڵە شکست نەهێنێت، هەمووان یەکتر دەپارێزن. دێموکرات و نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی کورد دەبێ بۆ لەناوبردنی ئەم سیستەمە تێبکۆشن، ئەگینا ئەم نەخۆشییە لە هەموو کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاو دەبێتەوە.

Share