پارتی کرێکارانی کوردستان، وەکوو شێرپەنجە بەربووەتە باشووری وڵات و هەموو لایەنەکانی تووشی زیان کردووە. لە روانگەی ئەو حیزبەوە، شەڕ لەگەڵ باشوور واجبترە لە شەڕکردن لەگەڵ تورکیا. لەسەر ئەو روانگەیەش چەکدارەکانی پەروەردە دەکات. تێکدانی تاکە پارچەی رزگارکراو بە تێکۆشانێکی ڕەوا بۆ خۆی دادەنێت. چەکدارەکانی “برایەتی گەلان” بە سەدان گوندی باشووری کوردستانیان داگیر کردووە، هاوکات زیانێکی زۆر گەورەیان لە کەرتەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ داوە. بە کورتی پەکەکە بۆتە بەڵایەک و کەوتۆتە گیانی باشووری کودستان و وەکوو شێرپەنجە هەرتا دێت زەرەرو زیانەکانی زیاتر دەبن.
باشووری کوردستان بە چیا، دەڕە، رووبارو دەشتەکانیەوە ناسراوە. لەبواری جوگرافیەوە 4 وەرزی هاوسەنگی هەیە. دەوڵەمەندبوونی لەبواری هونەری و کلتووریەوە بە خاڵێکی بنەڕەتی دادەنرێت بۆ ئەوەی گەشتیارانی جیهان رابکێشێت. لایەنی ئاسایش فاکتەرێکی هەرە گرنگە بۆ ئەوەی گەشتوگوزار وەکوو فاکتەرێکی ئابووری بەهێز و تەندروست گەشە بکات.
پەکەکە لەوکاتەوە هاتۆتە ناو باشووری کوردستان تەنها گرفتی خوڵقاندووە. بە سەدان گوندی داگیر کردوون کە تایبەتمەندی گەشتیاری و وەرزێری دەوڵەمەندیان هەیە و ناوی سەیروسەمەری وەکوو “هەرێمی میدیا”ی لێناون. خاڵی پشکنینی تێدا داناون و باج لە خەڵک وەردەگرێت. پەکەکە 650 گوندی باشوور بەتایبەت پارێزگای دهۆکی داگیر کردوون و کردوونیەتە ناوچەی سەربازی. ئەمەش وایکردووە هەم لەبواری کشتوکاڵی و هەمیش لەبواری گەشتیاریەوە بێ بەرهەم بن.
پەکەکە 658 گوندی باشووری کوردستانی داگیر کردووە
پەیامنێرەکانی “دارکا مازی” لە باشووری کوردستان راپۆرتێکیان لەبارەی زیانەکانی پەکەکە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ئامادە کردووە و زانیاریی زۆر تایبەتیان دەست خستووە.
بەپێی ئەو زانیاریانە، 658 گوندی باشووری کوردستان بەهۆی پەکەکەوە چۆڵ کراون و دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون. ئەو گوندانە لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلیمانی هەڵکەوتوون بەڵام زۆربەیان سەر بە پارێزگای دهۆکن.
پەکەکە چەندەی زیان بە دهۆک گەیاندووە؟
361 گوندی باشووری کوردستان لە پارێزگای دهۆک هەڵکەوتوون و زۆربەیان سەر بە دەڤەری ئامێدین. ئەگەر بە ڕێژەی سەدی باسین بکەین، رووبەری دەڤەری ئامێدی کە 2716 کیلۆمەتری دووجایە، زیاتر لە 70٪ی لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە.
لە دەڤەری زاخۆ نزیکەی 150 گوند لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوەو دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون. لەسەرجەم رووبەری سنووری زاخۆ کە 1378 کیلۆمەتری دووجایە، 30٪ی خاکەکەی لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە.
لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک بە گشتی، 34٪ی خاکی ئەو پارێزگایە کە دەکاتە 553 کیلۆمەتری دووجا، لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراوە.
پایتەختی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی دووەم
پارێزگای هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان، پاش دهۆک لە ریزبەندی دووەمدایە. پەکەکە لە هەولێر 240 گوندی داگیر کردووە کە 67 یان سەر بە سۆرانن، 13 گوند لە چۆمان و 16 گوندیش لە مێرگەسوور هەڵکەوتوون.
قەندیل شوێنێکی ستراتجی بۆ کشتوکاڵ و سامانی ژێرزەوینی
بناری قەندیل کە بە جێگایەکی سەرەکی پەکەکەو سەرکردایەتیەکەی دادەنرێت، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی هەڵکەوتووە. لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورەو پەکەکە لە نۆهەتەکانی سەدەی رابردووەوە داگیری کردووە.
قەندیل بە ناوچەیەکی هەرە گرینگ لە بواری کشتوکاڵ و سامانەژێرزەوینیەکانی وەکوو نەوت دیتەئەژمار. بەهۆی پەکەکەوە باشووری کوردستان نەیتوانیوە هیچ سوودێک لەو سەرچاوانە ببێنێت. پەکەکە لەو دەڤەرە زیاتر لە 50 گوندی داگیر کردووە کە 49 گوندیان سەر بە پارێزگای سلێمانین. لانیکەم 3 هەزار بنەماڵەی بناری قەندیل بەهۆی پەکەکەوە ئاوارە بوون.
شێرپەنجە بەربۆتە شنگالیش
پاش ساڵی 2014، پەکەکە پانتایی ئەو خاکەی فراوانتر کرد کە لە باشوور داگیری کردوە. لە ئێستادا شنگال و 8 گوندی سنووری شنگالیشی داگیر کردووە. زیانەکانی پەکەکە بۆ ئەو ناوچانە تەنها داگیر کردنیان نیە بەڵکوو بەهۆی پەکەکەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
پەکەکە لەو گوندانەدا چی دەکات؟
پەکەکە لەوکاتەی ئەو گوندانەی داگیر کردووە رێگا بە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان نادات ئاوەدانیان بکاتەوە. هەرچەند حکوومەتی هەرێم لە سەرەتای نۆهەتەکانەوە، دەستی بە ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان کردبوو، خزمەتگوزاریی بۆ دابین دەکردن بەڵام پەکەکە ئەو گوندانەی داگیرکرد و وێرانی کردن. خاڵی پشکنینی لە دەوروبەری گوندەکان دانا، باج لە دانیشتوانەکەی وەردەگرێت. بارەگای سەربازی و مەشق و راهێنانی چەکدارەکانی و مەقەڕی حیزبیی لێ دامەزراندوون و چەک و تەقەمەنییشیان تێدا دەشارێتەوە. بە کورتی ئەو گوندانەی کردۆتە ناوچەی بەتەواوی سەربازی.
پەکەکە ئەو گوندو ناوچانەی لە دهۆک داگیری کردوون، بەسەر چەند هەرێمدا دابەش کردووە. ئەوانیش هەرێمەکانی “حەفتەنین، مەتین، زاگرۆس، زاپ، هەروەها گارەو بەری گارە”، لە هەر هەرێمێکدا بارەگا، گۆڕستان و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەخۆی دروست کردووە. لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە لە هەولێرو سلیمانی داگیری کردوون، ناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی لەسەر داناون. ناوی هەرێمی سەربەخۆی لەسەر شنگالیش داناوە.
پەکەکە لەباتی چالاکی سەربازی، باجی لەسەر هاتووچۆو گواستنەوەی کەلوپەلەکان داناوەو هەرکەسیش ئامادە نەبیت باج بدات یەکسەر دەیکووژن. پەکەکە ئەو ناوچانەی وەکوو مەنفەزێک بۆ قاچاخچێتی لەنێوان ئێران، عێراق و تورکیا بەکار دێنێت. بە واتایەکی دیکە ئەو ناوچانەی کردۆتە هێڵێکی ترانزیتی بۆ قاچاخی ماددەی هۆشبەر و ئەمەش چەندین جار لە لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتیەکاندا سەلمێندراوەو ئینتەرپۆلیش پشتڕاستی کردۆتەوە.
گریلاکانی پەکەکە سەرەڕای ئەو ستەم و زوڵمەی کە لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان دەکەن، بە شێوەیەکی وەحشیانەو بێ ڕەحمانە خەڵکی ئەو ناوچانە تەسفیە دەکەن کە داوای ماف و خاکی خۆیان دەکەن. بەسەدان کەس لەدانیشتووانی گوندەکانی ئامێدی و زاخۆ بوونەتە قوربانی.
زیانەکانی پەکەکە لەسەر کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بە میلیاردەها دۆلارن
باشووری کوردستان لە ئەنجامی هاتنی پەکەکە بۆ ناو گوند و ناوچەکانی بە میلیاردەها دۆلار زیانی بەرکەوتووە، لەبەر ئەوەی سەرجەم ئەو ناوچانەی کە پەکەکە داگیری کردوون بە ناوچەهایەکی دەوڵەمەند لەبواری کشتوکاڵ و سامانی ژێر زەوینی دێنە ئەژمار. لەوکاتەوە باشوور رزگار کراوە نەیتوانیوە سوود لە سامانی ئەو ناوچانە ببینێت.
کەرتی گەشتوگوزاریش زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە. لەبەر ئەوەی چەکدارەکانی پەکەکە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی تێکدانی ئاسایشی ئەو ناوچانە دادەنرێن و ئەو ناوچانە بەهۆی پەکەکەوەو بەردەوام لەلایەن تورکیاوە هێرشیان دەکرێتەسەر و ئەمەش رێگر بووە لە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری.
پەکەکە شوێنهایەکی زۆر ستراتجیی لەبواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزارەوە داگیر کردوون و هەموو کردەیەکی نایاسایی لەو ناوچانە ئەنجام دەدات. دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە لە رێکەوتی 8 ی مانگی ڕابردوودا لە دەڤەری شەرانش تەقەیان لە ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب کردووەو برینداریان کردوون. لە راستیدا پەکەکە بە ئەنقەست و مەبەستدار ئەو کارانە دەکات. ئابووری هەرێمی باشووری کوردستا دەکاتە ئامانج، چونکە پەکەکە باش دەزانێت کەرتی گەشتوگوزار سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری باشووری کوردستانە.
بەپیی داتاکانی کەرتی گەشتوگوزاری حکوومەتی باشوور، ساڵانە بە دەیان ملیۆن گەشتیارلە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دیکەوە روو لە باشووری کوردستان دەکەن بەلام ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئەو ژمارەیە چەند قات زیاتر دەبوو.
گەلی باشوور دڵنیا بوون کە پەکەکە هیچ خێرێکی بۆ ئەوان ناوێت.
پەکەکە لە نۆهەتەکانی سەدەی رابردووەوە بەردەوام شەڕ بە باشووری کوردستان دەفرۆشێت و هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوامە. ئەو دەیهەوێ باشووری کوردستان لە هەموو لایەکەوە تێک بدات. کاتێک کە هەوڵە قێزەونەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر لەو بوارەدا رووبەڕووی شکست بوونەوە، لە ئێستادا لێدان لە پێگەی ئابووری هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانجی خۆی. تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی باشووری کوردستان باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم قسەیەمان. گەلی باشووریش ئیدی لە واقیعی پەکەکە گەیشتوون و دڵنیان کە ئەو حیزبە نایهەوێت گەلی باشووری کوردستان بە ئاسوودەیی لە ماڵی خۆیدا دانیشێت و پەکەکە وەکوو میوانێکی رەزا گران دەبینن کە تەنها بارگرانی و سەرئێشەیان بۆ دروست دەکات.