ئەنەکەسە: یەکخستنەوەی پێشمەرگە، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پتەوتر دەکات

ئەنەکەسە: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە وەڵامێکە بۆ خواست و هیواکانی خەڵکی کوردستان و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی، پێشوازی لە تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چاودێری وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەم هەنگاوەی بە دەستکەوتێک و گەشەسەندنێکی دامەزراوەیی گرینگ ناوبرد.
سکرتاریای گشتی ENKS لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە ڕاگەیاندنی فەرمی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن، کە ڕۆژی دووشەممە 21ی ئەیلولی 2026، لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
ئەنەکەسە سەرنجی خستە گرنگی ئەم هەنگاوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەنگاوە: “یەکێتی بڕیاردان بەهێز دەکات، وەڵامدانەوەی ئەمنی و سەربازی یەکدەخات، دەستکەوتەکانی هەرێم دەپارێزێت و بناغەی دەستووری خۆی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراتیکدا بەهێزتر دەکات”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە قوربانیدان و مێژووی خەباتی پێشمەرگە کراوە و دەڵێت: “خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پاراستنی خەڵکی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا؛ لە دژی ئەنفال و چەکی کیمیایی و جینۆساید و تیرۆر، بەشێکی قووڵ و بەردەوامی مێژووی گەلی کوردستان و ئەو دەستکەوت و مافانەیە کە بەدەستیان هێناوە”.
ئەنەکەسە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بوونە هۆی سەرخستنی ئەم هەنگاوە بەرز دەنرخێنێت و بە تایبەتی پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەردەبڕی کە ڕۆڵی یەکگرتوویان لە بەڕێوەبردنی ئەم کاروانە و لابردنی ئاستەنگەکاندا هەبووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە وەڵامێکە بۆ خواست و هیواکانی خەڵکی کوردستان و بانگەوازە دووبارەبووەکانی دۆست و هاوپەیمانان، هەروەها لە بارودۆخی گرژییە ناوچەییەکانیشدا، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گرنگی ئەم دەستکەوتە لەوەدایە کە بنەمایەک بێت بۆ تەواوکردنی بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بڕیارە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی هەرێم پارێزراو بێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەهێزتر بێت.