هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان لە میدیای پەکەکە و تورکیادا

ئەگەر تۆ باوەڕت بە جوگرافیای کوردستان هەبێت، بۆچی ناوە ڕەسەنە کوردەوارییەکان بەکار ناهێنیت؟!!
زمان دەربڕینی جەستەیە، واتە مرۆڤ بە چ شێوەیەک بیر بکاتەوە بەو شێوەیەش لە ڕێگای زمانەوە دەری دەبڕێت، بەڵام بە مەرجێک زمان ڕاستگۆ بێت لەبەرامبەر بیری مرۆڤدا.
ئەمڕۆ ئیمە تۆزێک میدیای تورکیا و پەکەکە هەڵدەسەنگێنین، ئێمە بە گشتی هەواڵەکانی هەردوو لا دەربارەی هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی زناری چیای کێستە کە چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە، بڵاو دەکەینەوە.
شەڕ و دەرئەنجامەکانی نابنە بابەتی ئەم نووسینە، بەڵکوو زمانی خستنەڕووی شەڕ لە لایەن هەردوو لایەنەکەوە بابەتی ئەم نووسینەمان دەبێت.
شەڕ لە نێوان دوو لایەندایە، ئەو لایەنانەش سوپای تورکیا و هێزی پاراستنی گەل “هەپەگە”یە. ئەو شوێنەی کە شەڕەکەی تێدا ڕوودەدات نە وڵاتی تورکیایە نە باکووری کوردستان، بەڵکو شوێنەکە کە لە کوردەواریدا پێی دەڵێن باشووری کوردستان و بە یاسایی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستانی عێراق.
لە میدیای هەردوو لایەندا، هەواڵی ڕاست و دروست لەسەر چۆنیەتی شەڕ و دەرئەنجامەکانی ساز ناکرێت. هەردوو لایەن خۆیان بە سەرکەوتوو پیشان دەدەن. بە ڕاستی ڕاگەیەندراوەکانیان جێگای پێکەنینە. ڕاگەیەندراوەکانیان تا رادەیەک جێگای پێکەنینە کە هەپەگە نوسیویەتی: “ئێمە لە ناو تونێلەکاندا لە زناری چیای کێستە سەگێکمان کووشتووە و دەستمان گرتووە بەسەر کامێرای چاودیریدا”. ئێمە دەمانهەویت بڵێن کە هەردوو لایەن شوێنی شەڕەکە بە چ ناوێک دەخەنە ڕوو. لە میدیایی تورکیادا دەڵێن لە باکووری عێراق، ئەو ناوبردنە شتێکی ئاساییە لەبەر ئەوەی تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکار و دوژمنی کوردانە و هەموو کەس باش دەزانێت کە بۆچی لە میدیای تورکیادا بەو شێوەیە ناوی باشووری کوردستان دەهێنرێت. بەڵام سەرنجڕاکێش ڕاگەیەندراوی پەکەکە و هەپەگەیە کە نە لە دوور و نە لە نزیک ناوی دروستی شوێنی شەڕەکە ناڵێن. ئەگەر کوردانە بیر بکەنەوە پێویستە بڵێن باشووری کوردستان، ئەگەر بە یاساییش بیر بکەنەوە پێویستە بڵێن هەرێمی کوردستانی عێراق ـ پارێزگای دهۆک ـ قەزای ئامێدی، بەڵام ئەوان دەڵێن هەرێمەکانی میدیا و مەتین.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە:
ئەگەر تۆ هێزێکی کوردی بیت، بۆچی بە کوردەواری ناوی شوێنی شەڕەکە ناخەیتە روو؟
ئەگەر تۆ باوەڕت بە قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان هەبێت، بۆچی ناوی ئەو شوێنانە بە ناوی یاسایی هەرێمی کوردستان ـ عێراق ناو نابەی؟
ئەگەر تۆ باوەڕت بە جوگرافیای کوردستان هەبێت، بۆچی ناوە ڕەسەنە کوردەوارییەکان بەکار ناهێنیت؟!!
ئایا ئێوە وەکوو پەکەکە ناوی هەر شوێنێک بە پێی بەرژەوەندییە حیزبیەکانی خۆتان بەکار دێنن؟!!!
ئایا دەبێت مۆدێرنیزمی دێموکراسیەتی ئێوە گەیشتبێتە ئاستی گۆڕینی جیۆپۆلیتیکی کوردستان؟!!
“با بچێنیت، گێژەڵۆکە دەدووریتەوە”
ئەو وتەیە ڕاستە کاتێک دەڵێن تۆ چی بچێنیت ئەوە دەدووریتەوە.
لەو ڕۆژەوەی کە پەکەکە لە ئەنقەرە دامەزراوە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دانەمەزراوە، لەبەرئەوەی دامەزرێنەرانی کەسانی نەتەوەیی نەبوون، بەڵکو کەسانی مارکسی بوون. ئێوە چەندەش هەوڵ بدەن خۆتان وەکوو هێزێکی نەتەوەیی یان کوردستانی پیشان بدەن، قەد ناتوانن. لەبەرئەوەی لە کۆتاییدا ئێوە هەر دەگەڕێنەوە سەر ئەو ستراتجییە کە لە ئەنقەرە بۆتان دانراوە کە ئەویش بریتییە لەبرایەتی ساختەی گەلان.