Skip to content
دوو لێدوانی گەمژانە

کەماڵیزم و شوناسخوازیی کورد دوو روانگەن کە لە جەوهەر و ناوەڕۆکدا پێکناکۆکن، بۆیە ئۆجەلان کە کەماڵیزمی قبووڵە، ناتوانێ ببێتە سەرۆکی کوردەکان.
لە حەوتووی رابردوودا دوو هەڤپەیڤین لە میدیاکانی پەکەکەدا بڵاو کرانەوە کە یەکێکیان دیمانەیەک بوو لەگەڵ بەسێ هۆزات ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا و ئەوی دیکەشیان وتووێژێک بوو لەگەڵ خەتیب دیجلە، پەرلەمانتاری پێشووی DEPدا. ناوەرۆکی هەردووی ئەو هەڤپەیڤانە پێویستییان بە لێوردبوونەوە و لێکۆڵینەوە هەیە، چوونکە لە لێدوانی ئەو دوو بەرپرسەی پەکەکەدا سەرلێشیواوی پەکەکە لەبواری کوردایەتی، کوردستانیبوون، داگیرکاری، ئازادی، پرسی ژن و هتد… بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا دەردەکەوێت.
بەسێ هۆزات تاریفی کێ دەکات؟
لە لێدوانەکەی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکەدا بۆ ANF، بابەتی زۆر سەرنجراکێش دەبیندرێن. بەسێ هۆزات هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لێدوانەکەی سەرنجڕاکێش بوو، بە ئاشکرا راستییە مێژوویەکانیشی چەواشە کردووە.
لە قسەکانی بەسێدا دۆخ و داهاتووی کوردەکان بەمشێوەیە باسی لێوەکراوە
بەسێ هۆزات لەو 3 گوتارەدا رەوشی کوردەکان و چارەنووسی ئەوانی وەکوو کێشەیەک وێنا کرد کە بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت. وادیارە بەسی هۆزات پێیوایە ئەو لایەنگرانەی کە ئەو کردوونی بە موخاتەب بە بێ ئەوەی بیر بکەنەوە لەخۆڕا چەپڵە لێدەدەن، هەر بۆیە چەند رستەیەکی لەبر کردبوو و دەیگوتنەوە. بەتایبەتی پاش هەر رستەیەکیش باسی لە ئازادی ژن و کۆیلایەتی ژن و هتد… دەکرد. بەسێ هەوڵی دەدا کە لەو لێدوانەیدا وێنەی مرۆڤێکی ئازادیخواز لەخۆی پیشان بدات. بەڵام بەسێ هۆزات نەیتوانی خۆی کۆنترۆڵ بکات و کاتێک کە ویستی تاریف لە ژنان بکات لەبەر پەلەپەلیان تاریفی لە رۆژنامەوانێکی تورک بەناوی “سەدەف کاباش” کرد و ئەوی کرد بە شابەیتی قسەکانی.
سەدەف کاباش کێیە؟
هۆزان گوتی: “سەدەف کاباش رۆژنامەوانێکی لێهاتوو، رەخنەگر و ئاکادیمیسیەنە. ئەو کەسێکە کە لەلایەن بەشەکانی کۆمەڵگەوە بە گرنگیەوە گوێی لێدەگیردرێت. بەڵام ئەو رەخنانەش کە سەدەف کاباش لە ئەردۆغانی فاشیستی گرتن بەس نین… لە شەخسی سەدەف کاباشدا ژن، رۆژنامەوان و رۆشنبیر دەترسێندرێن. فاشیزم چی دەکات با بیکات، ئیدی ناتوانێ دەسکەوتی زۆر بەدەست بهینێت”.
سەدەف کاباش کێیە؟ سەدەف کاباش رووی راستەقینەی کەماڵیستەکانی دەوڵەتی تورکیەیە.
روانگەی کەماڵیزمەکان بەرانبەر بە کوردەکان چیە؟ بێگومان فاشیزم، قڕکردن، ئینکار و سڕینەوەیە.
بەڵێ سەدەف کاباش، کەماڵیستە و بەرگریی لە دەوڵەتی تورکەکان دەکات. سەدەف کاباش ئەو کەسەیە کاتێک کە عەفرین داگیر کرا، هاتە سەر شاشەی تلویزیۆنی تورکەکان و گوتی: “پەلاماردانی عەفرین، هەنگاوێکی بەتەواوی راستە، بەڵام درەنگ ئەنجامدرا و پێویست بوو زووتر ئەو هێرشە کرابا”. سەیری ڤیدیۆیە کۆنەکانی سەدەف کاباش بکەن، لێوانلێون لە دوژمنایەتی کردنی کوردەکان. کاباش تەنانەت دژبەری دانوستانەکانی تایبەت بە پرۆژەی چارەسەری و ئاشتی بوو و بە هەوڵێکی مەترسیداری لە قەڵەم دەدا.
بەڕاستی هۆکاری گەمژەیی بەسێ هۆزات کە دێت و تاریفی کەسێکی وا دەکات چیە؟ بێگومان کە سەرلێشێواوی فکری کوردایەتی و کوردستانیە و دوورکەوتنەوەیە لە روانگە و باوەڕی نەتەوەیی.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بەملاوە بە ئاشکرا و نهێنی هەوڵ دەدات کە کوردەکان بکاتە دۆستی کەماڵیزم و دەیهەوێت بە چالاکان و حیزب و رێکخراوەکان و سەرجەم کوردەکانی بقەبووڵێنێت کە ئیدئۆلۆژی ـ سیاسی کەماڵیزم، دۆستی کوردەکانە. هەوڵ دەدات کوردان میژووی کەماڵیزم لەبیر بکەن و دەیهەوێت نەتەوەی کورد، کۆمەڵکوژیەکانی زیلان، دێرسیم و هتد.. لەبیر بکەن کە لەلایەن کەماڵیستەکانەوە دژ بە کوردەکان بەڕێوە چوون. ئاپۆ دەیهەوێت رووی کەماڵیزم سپی پیشان بدات و دەیهەوێت وابنوێنێت کە ئیدئولۆژی کەماڵیزم دۆستی کوردانە و نایهەوێ کە کوردەکان بتورکێنێت و قڕیان بکات. هەربۆیەشە کە پەکەکە و چالاکە سیاسیەکانی، کەماڵیزم و کەماڵیستەکان بە دۆستی کوردان دادەنێن. بەڵام واقعیەتی کوردان ئەوەیە: هیچکەسێک ناتوانێت هاوکات هەم کەماڵیست بێت، هەمیش دۆستی کوردەکان بێت چوونکە ئەو دوو روانگەیە لە جەوهەر و ناوەڕۆکدا پێکناکۆکن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە تاریف لە کەماڵیزم دەکات و قبووڵیەتی، ناتوانێ ببێتە سەرۆکی کوردەکان و ناشتوانێت ببیتە کەسایەتییەکی کوردستانی. پەکەکەیەک کە کەماڵیستەکان بە دۆست دەزانێت، ناتوانێت ببێتە بزاڤێکی کوردستانی و بەسێ هۆزات کە بە شان و باڵی کەماڵیستەکاندا هەڵدەڵێت و بەرگری لە کەسێکی وەکوو سەدەف کاباش دەکات کە پشتیوانیی لە داگیرکردنی عەفرینی کردووە، ناتوانێ نوێنەرایەتی ژنانی کورد بکات.
گەمژەیی دووەم: خەتیب دیجلە
پارلمانتاری پێشووی DEP، خەتیب دیجلە ساڵانیکی زۆر لە زینداندا بووە. کاتێک کە سەیری روخساری دەکرێت وەکوو مرۆڤێکی ژیر و تێگەیشتوو دەبینرێت و وادەردەکەوێت کە شتێک لە سیاسەت تێدەگات بەڵام کاتێک دێتە گۆ، وەکوو گەنجێکی 18 ساڵە قسە دەکات.
کاتێک کە خەتیب دیجلە رەخنەی لە سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیە دەگرت، لە کەناڵی “میدیا خەبەر”ی پەکەکەدا گوتی: “لەسەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیەوە یەکەم ئامانجی هێزە ئیمپریالیستیەکان، دامەزراندنی کوردستانی بچووک بووە. دامەزراندنی کوردستانێکی بچووک و فیدا کردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان. سەرۆک ئۆجەلان ئەوە وەکوو تەڵەیەک بۆ کوردەکان دەبینێت”. قسەکانی خەتیب دیجلە نیشانەی گەمژە بوونیەتی. نە هۆشمەندیی میژوویی، نە هۆشمەندیی لەسەر پرسی رۆژ و نە هۆشیاریی نەتەوەیی و کوردایەتی لە خەتیب دیجلەدا بەدی ناکرێن. لە مێژوودا ئیمپریالیزم هیچکات نەیویستووە کە وڵاتێک بۆ کوردەکان دابمەرزێت و هەرکات کوردەکان راپەڕیون، بە هەموو هێزیانەوە رێگایان لە گۆڕینی سنوورەکانی عێراق، تورکیە، سووریە و ئیران گرتووە کە بۆخۆیان ئەو دەوڵەتانایەن بۆ داتاشیوین و بەسەر ئێمەی کوردیاندا فەرز کردوون. ئینگلیسیەکان شێخ مەحموود بەرزنجییان بوردومان کرد و لە کۆماری کوردستاندا مەهەبادیان بەتەنها هێشت. کامە هێزی ئیمپریالیستی پشتگیریی لەکامە خەباتی سەربەخۆییخوازانەی کوردستان کردووە؟
ئەگەر بەوشێوەیە پاڵپشتی لە کوردەکان کرابا و لە شەڕی جیهانی یەکەمەوە هەتا ئێستا شارێکی کوردەکان بەناوی کوردستانەوە هەبایە، کوردەکان لەگەڵ مەترسیی لەناوچوون و سڕینەوە و قڕکردن بەرەوڕوو نەدەبوون. هەربۆیەشە کە ئێمە هەموومان وەکوو گلێنەی چاومان پاریزگاریی لە هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین. هەرێمی باشووری کوردستان، بناخەی مانەوە و داهاتووی خەباتی سیاسیی باکوور، رۆژهەلات و رۆژئاوای کوردستانە.
ئەگەر باشووری کوردستان لە ساڵی 1991 بەملاوە دیفاکتۆ نەبوایە، باکووری کوردستان لەناو وەستاندا بوو و پرۆسەی رۆژئاوا بەوشێوەیە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەدەدیت. لەبەرچاو نەگرتنی ئەو دۆخە لە روانگەی خەتیب دیجلەوە، راستەوخۆ بە بیر و ئیدئۆلۆژی ئۆجەلانەوە بەستراوەتەوە.
مۆدێل، عورف و عادات، هەست و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، لە فیلتەری هۆشیاریی مرۆڤەکانەوە تیپەڕ دەبێت و پێکدێت. لەلای مرۆڤەکان رەدکردنەوە و قبووڵ کردنی هەر شتێک بەو راستیەوە گرێدراوە. بەڵام سەیری ئەو دوو کەسە بکەن، بە ئاسانی دەتوانن لە فیلتێری کەماڵیزم تێپەڕ ببن بەڵام ناتوانن تایبەتمەندیی بزاڤی نەتەوەیی و رێبەرانی سیاسیی کورد قبووڵ بکەن. لە هۆشمەندیی ئەوانەوە تورکیە دەتوانێت دەرباز ببێت، سووریە دەتوانێت بەڵام کوردستان ناتوانێت. دەوڵەتی کوردی ناتوانێت. ئەوەش یەکێک لەو نموونانەیە کە بە ئۆنتۆلۆژیی پەکەکەوە بەستراوەتەوە.
خەتیب دیجلە، لە رابردوودا پارادایمەکانی خۆی زۆر بە روونی ئاشکرا کردبوو. ئەو بە سەراحەت دەیگوت: “ئیمە هزری دەوڵەتی کوردیمان هاویشتە ناو زبڵدانی مێژووەوە”. زۆر راستە پەکەکە بیر و هزری کوردایەتی و کوردستانیبوونی فڕێداوەتە ناو “زبڵدانی مێژوو”ـەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە لەبەرچی منداڵانی کورد لەپیناو دیموکراتیزە کردنی تورکیە و سووریەدا گیانیان لەدەست دەدەن؟ لەبەرچی بەدووی ئەو مرۆڤە گەمژانە دەکەون؟