تیرۆر کردنی دامەزرێنەری ریزی پێشەوەی کۆنسەی پەکەکە

محەممەد شنەر لە رێکەوتی 1/11/1991دا لەبەردەم قوتابخانەی تشرین لە شاری قامیشلوو لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کرا.
ماهر حەسەن
ماوەیەکی کورت پاش راگەیاندنی کۆنسەی پەکەکە، زۆر گرفت و ئاستەنگ سەریانهەڵدا و رەوشی کوردانی ئاڵۆزتر کرد. گرفتەکان گەیشتە ئاستێک کە هەوڵی کوشتن و ئەشکەنجە کردنی وەحشیانە و تاوانبار کردن بە خیانەت و کردەوەی چەواشەکارانە پەرەیان سەند. بەوشێوەیە پەکەکە بەپێی ستراتژی خۆی کار دەکات و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە روداوی هەڵخەڵەتینەر وئەدەبیاتی تایبەت بە خۆیەوە لە ناو جەماوەری خۆیدا هەروا بەردەوامە.
جیابوونەوەی چەند سەرکردەیەکی دامەزرێنەر
پشتیوانی “حافز ئەسەد” لە کۆنسەی پەکەکە لە ئەنجامی هەڵەیەکەوە نەبووە بەڵکوو هۆکارهایەکی راستەقینەی هەیە. بۆ ئەوە زۆر درێژی نەکەینەوە، من لەم نووسینەدا باس لە سەرکردەکانی ریزی پێشەوە و بەڕیوەبەرانی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دەکەم و بۆتان دەڵێم هۆکاری چی بوو کە ئەو گرووپە لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لە پەکەکە جودا بوونەوە ولە بەرانبەریدا راوەستان. ئەوەش ناوی چەند کەسیانە:
محەمەد شەنەر، شاھین دۆنمەز، ئولدەرم مەرکەت، سەلیم گۆرکایا، و دوکتور سلێمان کە لە شەڕ دژ بە تیرۆریستانی داعشدا شەھید بوو، “چەتین گونگۆر” ناسراو بە “سەمیر” کە بەرپرسی ئورووپای پەکەکە بوو و لە ئێستادا لە سوید دەژیت و زۆر کەسی دیکە بۆ نموونە عوسمان ئۆجەلانی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە پەکەکە جودا بوونەتەوە و دواتر تۆمەتی خیانەتیان دراوەتە پاڵ.
دیارە لێکۆڵینەوەکان پێچەوانەی ئیدیعاکانی پەکەکە دەسەلمێنن.
هەموو ئەو کەسانەی کە پەکەکە تۆمەتی خیانەت کردنی داونەتە پاڵ، سەرجەم توانا و ژیانی خۆیان بۆ کوردایەتی و نیشتمانپەروەری تەرخان کردووە، هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە پەکەکە بە ئەدەبیاتێکی دوژمنکارانە باسیان دەکات. شەهیدی پێشمەرگە دوکتور سلیمان، نموونەیەکی ئەو کەسانەیە.
پەکەکە بە کرداری ناڕەوا و نادروست و لەبەر بەرژەوەندیە تەسکە گرووپیەکەی خۆی و لەسەر بنەمای ئەجیندای وڵاتە ئیقلیمەکان و داگیرکەرانی کوردستاندا بەتایبەت دەوڵەتی تورک و رێژیمی بەعس، لەسەر نیەتی خراپی خۆی بەرانبەر بە کوردانی نیشتمانپەروەر هەڵسوکەوتی کردووە. کۆنسەی پەکەکە بەوشێوەیە هەوڵ دەدات کە هۆشمەندی کوردەکان ئاڵۆز بکات. پەکەکە خۆی وا پیشان دەدات کە دەیهەوێ لە وشیاری و رزگاریی قارەمانەتیەک دروست بکەن و خۆی وەکوو حیزبیکی ژیر، گارانتی شۆڕش و ژیان دادەنێت و وادەنوێنێ کە گۆیا سەرکردایەتیەکەی بووەتە بزاڤێکی تیئۆریک و وەڵامی سەرجەم پێویستی و داخواز و هیواکانی کۆمەلگەی کوردی پێیە.
هۆکارەکانی تیرۆر کردنی محەممەد شەنەر
محەممەد شەنەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یەکێک لە کادرە دامەزرێنەرەکانی پارتی کریکارانی کوردستان بوو. بەر لە 12ی ئەیلوولی 1980، لەلایەن ئەنجومەنی سەربازیەوە دەستگیر دەکرێت و لە دیاربەکر زیندانی دەکرێت. بەسەرهاتی شەنەر لەناو زیندانی دیاربەکردا لە هەوەڵ هەتا ئاخری تراژیک بوو. لەبەرانبەر بازجووەکانیدا بەرگریی کرد و لەناو زیندانیشدا بەرپرسایەتی ناو رێکخستنەکانی گرتە ئەستۆ و بۆ ماوەی 44 رۆژ مانی لە خواردن گرت. لە ساڵی 1990دا دیسان دەستی بە چالاکی کردەوە و خۆی دەسپێرێ بە ئەحمەد باییک بە نازناوی مستەفا کە برای جومعەیە و بەناوی جەمیل باییک دەناسرێت. شەنەر لەگەڵ ئەحمەددا لەسەر هۆکارەکانی خەمساردیی بەڕیوەبەرایەتی و نەبوونی بڕیار و رێکاری پێویست و رێنیشاندەر بۆ کاروبارەکان قسەی کرد.
مستەفا قسەکانی شەنەری گێڕایەوە بۆ براکەی خۆی (جەمیل باییک) ، جومعەش لە وەڵامدا گوتبووی “ئێمە هەموومان کەوتووینەتە ژێر چەتری کەسیرە یڵدرم”، هاوژینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بۆ ئەوەی لەبیری نەکەین ئەو کچانەی کە لە ئورووپاوە تێکەڵ بە پەکەکە ببوون، ئەوانیش لە گلەیینامەیەکدا جەخت دەکەنەوە کە لەنێوان شەنەر و جەمیلدا دڵئێشە و ناخۆشی دروست ببوو.
کاتێک کە جومعە بڕیاری دا خۆی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیک بکاتەوە، بە بی ئامادەبوونی شەنەر لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆی کرد. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە شەنەر ئیسراری ئەوە بوو کە هەرسێکیان پێکەوە کۆ ببنەوە بەڵام جومعە بە توندی رەدی کردەوە.
شەنەر لە چوارەمین کۆنگرەی پەکەکەدا کە لە کۆتاییەکانی سالی 1990دا بەسترا، پێشنیارەکانی خۆی خستنەڕوو.
گرینگترین پێشنیارەکانی شەنەر ئەمانە بوون:
ناوەندی بریاردانی حیزب کۆمیتەی ناوەندییە وپێویستە بڕیارەکانی ئۆجەلان سنووردار بکرێن و وەلا بنرێن.
دیاری کردنی دارایی پەکەکە لە سووریە، لوبنان و ئورووپا بەتایبەت لەم ساڵانەدا، هەروەها شیکردنەوەی داراییەکانی پەکەکە لە ئێران کە لە دەستی عوسمان ئۆجەلان (فەرهاد)دا بوو.
پێویستە راپەڕین گرنگترین ئامانج بێت لە باکووری کوردستاندا و دەبێ بەهێز بکرێت و بەردەوامیی پێ بدرێت و هێزەکانی گریلا بەهەموو تواناوە رووبەڕووی چەکدرانی تورک ببنەوە.
یەکێک لە بریارەکانی کۆنگرەی چوارەمیش ئەوە بوو کە بە هەموو تواناوە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە بکرێت لە بەرانبەر هێرشەکانی عێراقدا و بەتایبەتی پاش ئەوەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە دوای داگیرکرانی کوەیت لەلایەن عێراقەوە سەددام حوسینیان مەحکووم کردوە و بڕیاریان داوە پێشی بگرن.
پرۆسەی تیرۆر کردنی شەنەر:
خانم کچی موختاری گەڕەکی “ئانتاری” لە قامیشلوو کە بە دیجلە دەناسرا، نامەیەکی بۆ شەنەر نارد و تێیدا ناوی ژمارەیەک لە هاورێیەکانیشی نووسیبوو کە تێیدا پشتگیری خۆیان لە پێشنیارەکانی شەنەر پیشان دابوو و ناڕازی بوونی خۆیان لە رێبەرایەتی (ئۆجەلان، جەمیل، دوران، موراد و…) دەربڕیبوو. یەکێک لە دێرکی حەمکۆش ئەو پەیامەی رادەستی فورات، برازای ئۆجەلان کرد و ئەو پەیامە بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو ناوانەی کەوا لە نامەکەدا هاتبوون، دەستبەسەر بکرێن و دواتر ئەشکەنجە بدرێن و بکووژرێن.
کۆنفرانسێک لەژێر ناوی “خیانەت کردنی شەنەر و هاوڕێیەکانی”دا ساز کرا وبەرپرسی زیندان وکۆردیناتۆری گشتی “عەبدولڕەحمان کاکج” ناسراو بە “فایێق” لە دەسپێکدا بۆ کوشتنی شەنەر دیاری کرا. بەڵام پرۆسەکە بە ئەنجام نەگەیشت. بەپێچەوانەی پلانەکەی پەکەکە، فایێق بەشداریی لە رزگار کردنی شنەر و تێکدانی پلانەکەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکەدا کرد. بە مەبەستی پاراستنی گیانی شەنەر، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاری کرد تاوەکوو لە باشووری کوردستاندا بمێنێتەوە، بەڵام شەنەر ئامادە نەبوو ئەوە قبووڵ بکات و گوتی لەگەڵ هاوڕێیەکانی خۆمدا دەمێنمەوە و دژ بە پاوانخوازیی سەرکردایەتی پەکەکە خەبات دەکەم.
بەڵام لە رێکەوتی 1/11/1991دا محەممەد شنەر لەبەردەم قوتابخانەی تشرین لە شاری قامیشلوو تیرۆر کرا. شایانی باسە کە هیچکام لە ئەندامانی پەکەکە نەیانوێرا دژایەتی خۆیان لەهەمبەر بڕیارە هەڵە و چەوت و خراپەکانی پەکەکەدا دەرببڕن ولەبەرانبەر حیزبێکدا هەڵویست بگرن کە جگە لە تیرۆر کردن هیچ کاریکی دیکە نازانێت.