لەو ڕۆژەوە کە شەڕی پەکەکە و تورکیا دەربازی سلێمانی بووە، خەڵکی سلێمانی بوونەتە قوربانی شەڕ و پێکدادانێکی لێڵ و نادیار.
ئێراوەی ڕۆژی دوشەممە 18ی ئەیلوول، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، بوردومان کرا. ئەگەرچی سەبارەت بەو بوردومانە، شرۆڤەی زۆر کراوە بەڵام دیسانەوە پرسیاری بێ وەڵام و ئاڵۆز هەن. هەتا ئێستاش ئەو پرسیارە کە تەقینەوەکە لەناو شوێنەکە ڕوویدواە یانیش هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر ئەو شوێنە، بەتەواوی وەڵام نەدراوەتەوە. سەبارەت بەو ڕووداوە نە ئێران و نە تورکیاش هیچ ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو نەکردۆتەوە. بەڵام وەزارەتی بەرگریی عێراق ناڕاستەوخۆ “ئاماژەی بە تورکیا کردووە”.
دیارە هێندێک پرسیار هەن کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە. لەو پرسیارانە وەکوو کێ هێرشەکەی ئەنجامداوە؟ ئەو کەسانە بۆچی لەوێدا بوون؟ هەڵبەت گرینگترین پرسیاریش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی کێ بوون؟
رووداوەکە لە شوێنێکدا روویداوە کە هێزەکانی “دژە ـ تیرۆر”ی یەنەکەی لێبوون. یەنەکە ڕێگای نەدا هیچکەسێک لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک ببێتەوە و سەربارەت بە وردەکاریی ڕووداوەکەش هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردەوە.
ئێمە وەکوو “دارکامازی” لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە هێندێ زانیاریمان دەستکەوتووە و وەڵامی ئەو پرسیارانەی پێدەدەینەوە.
فڕۆکەخانەی عەربەت بۆ بواری کشتوکاڵیی بەکار دەهێندرێت یان بۆ دروستکردنی درۆنان؟
فڕۆکەخانەی عەربەت کە لەساڵی 2005دا بۆ کاری کشتوکاڵی دروست کرا و لەساڵی 2007دا کەوتە بواری خزمەتەوە، تەنها 50 کیلۆمیتر لە شاری سلێمانیەوە دوورە. پێشتە بۆ بوارەکانی چاند، کوژاندنەوەی ئاگر و چالاکی دیکەی لەوشێوەیە بەکار دەهات.
بواری کارکردنی فڕۆکەخانەکە لە گوڵانی ڕابردووەوە گۆڕانی بەسەردا هات. ئەو شوێنە ل ئێستادا لەلایەن هێزەکانی “دژە ـ تیرۆر”ی یەنەکەوە بەکاردەهێندرێت. سەرەتا مانۆڕێکی سەربازیی تێدا بەڕێوەچوو، دواتر فڕۆکەخانەی عەربەت بوو بە ناوەندێک بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تێیدا لەوبارەوە مەشق و ڕاهێنان دەکرا. یەکێک لەوکەسانەی کە لە ڕووداوەکەدا گیانی خۆی لەدەستداوە، “ڕابەر ئەنوەر” بوو کە بە شارەزای دروستکردنی درۆن دەناسرێت.
“ڕابەر ئەنوەر” وەستای درۆنانە. ئەو درۆنانەی کە دروستی دەکردن بۆخۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوی دەکردنەوە. “ڕابەر ئەنوەر” پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا گوتبووی: “خولیای هەرە گەورەی من، دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە”. “ئەنوەر”ی بابی “ڕابەر” یەکێک لە ئەندامە دێرینەکانی یەنەکەیە و لە ئێستادا وەکوو بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دەڤەری ماوەت کار دەکات کە زۆربەی ئەو دەڤەرە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە.
ئایا ئەوە ڕاستە ئە کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پەکەکەییشیان تێدا بووە؟
هەتا ئێستا هیچکەس بەرپرسایەتی هێرشی سەر فڕۆکەخانەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ. بەڵام میدیاکانی پەکەکە و یەنەکە، بەرلەوەی کە دووکەڵی شوێنی ڕووداوەکە بەرز ببێتەوە گوتیان هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدراوە. ئەو ڕاگەیاندراوە گرینگ بوو بۆ ئەوەی کە ئێمە ناسنامەی ئەو کەسانەی لەوێ بوون بزانین. دەوڵەتی تورک لە سلێمانی و دەوروبەریدا، ئەندامانی پەکەکە دەکاتە ئامانج. یەنەکە و پەکەکەش لە یەکەم ساتی ڕووداوەکەدا دەوڵەتی تورکیان پیشاندا و ئەوەش وەکوو دانپێدانانێک بوو لەسەر ڕووداوەکە.
هاوکات ناسنامەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە لەلایەن یەنەکەوە بە شاراوەیی ماوەتەوە. پاش تەقینەوەکە ئامبووڵانسێکی زۆر ڕۆیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام هێزەکانی “دژە ـ تیرۆر”ی یەنەکە ڕێگایان نەدا تیمەکانی تەندروستی بڕۆنە شوێنی ڕووداوەکە و ئەوان بۆخۆیان بریندارەکانیان هێنایە دەرەوە. سویچەکان لە شوفێری ئامبۆڵانسەکان وەرگیران و ئەندامانی “دژە ـ تیرۆر”ی یەنەکە بۆخۆیان ئامبووڵانسەکانیان هاژوتبوو.
هەروەها لەکاتێکدا کە لە ڕووداوی لەو شێوەیەدا بریندارەکان یەکسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار دەکران، بەڵام ئەمجارە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شۆڕش کران. هاتووچۆ بۆ ناو نەخۆشخانەکە قەدەغە کرا و تەنانەت هێندێ لە کارمەندانی تەندروستییش نەیاندەتوانی بڕۆنە ناو نەخۆشخانەکەوە.
هەتا ئێستاش ناسنامەی ئەو کەسانەی کە ژیانی خۆیانیان لەدەستداوە، بە سەرنجێکی زۆرەوە دەشاردرێنەوە.
لەبەرچی ژمارەی قوربانیەکان گۆڕدرا؟
لە یەکەم خولەکەکانی ڕووداوەکەدا، 6 تەرم لە فڕۆکەخانەی عەربەت هێنرانە دەرەوە. میدیاکان ئەوەیان تۆمار کرد. ڕاگەیاندنی یەنەکەش هەمان ڕاگەیاندراوی بڵاو کردەوە. پاش یەک کاتژمێر، “شارپرێس” کە ناوەندەکەی لە سلێمانیە، ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە 11 کەسن و 20 کەسیش بریندارن کە برینی هێندێکیان قورسە.
بەڵام درەنگانی شەو، زانیاریی دەربارەی زیانە گیانیەکانی رووداوەکە سەرلەنوێ بڵاو کرایەوە. یەنەکە ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوەکان 3 کەس و بریندارەکانیش 6 کەسن. بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو 8 تەرمە بڵاو نەکرایەوە کە بە ئاشکرا گواسترابوونەوە. ئەوانە کێ بوون؟
میدیاکانی نزیک لە لاهوور جەنگی، ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کردووە کە ژیانیان لەدەستداوە
لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕووداوەکەدا، دامەزراوەیەکی میدیایی لە سلێمانی کە بە نزیک لە لاهوور جەنگی دەناسرێت، نووسیبووی کە ئەو کەسانەی کوژراون، پەکەکەیین و چەند مانگێکە کە لەگەڵ هێزەکانی وەهاب هەڵەبجەیی “دژە ـ تیرۆر”ی یەنەکە ئەو شوێنە بەکار دەهینن و لەوێ پەروەردەی درۆنی دەبینن.
پێگەی “دارکا مازی” ئەو زانیاریەی لە زمانی هێندێک ئەندامی یەنەکە و پەکەکەوە پشتڕاست کردبۆوە. بەڵام ئەو سەرچاوانە ویستیان ناوەکانیان ئاشکرا نەکرێت. لەڕاستیدا سەرجەم بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی باڵا و ناوەندی سلێمانی دەزانن کە ئەو ناوچەیە وەکوو کەمپی پەکەکە بەکار دەهات.
وردەکاریی سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە کەمپی پەنابەران لە عەربەت، تەنها چەند کیلۆمیترێک لە شوێنی رووداوەکەوە دوورە. کەمپی عەربەت کە پەنابەرانی ڕۆژئاوای تێدایە، یەکێک لە بارەگا سەرەکیەکانی پەکەکەیە. ئەو کەمپەش هاوشێوەی کەمپی مەخموور، لەلایەن کادرەکانی پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێت. لەناو کەمپەکەدا بەڕێوەبەریی خۆیان دامەزراندووە و ڕاهینانی سەربازی دەدەن بە شەڕڤانە نوێیەکانیان و گەریلا بریندار و نەخۆشەکان بە ناسنامەی پەنابەران لەو کەمپەدا دەمیننەوە. هەروەها کادرەکانی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەکەکە، بە ناسنامەی پەنابەرانی ئەو کەمپەوە بەرەو دهۆک ـ زاخۆ و هتد… ڕەوانە دەکرێن. بە کورتی ناوچەی عەربەت بەگشتی یەکێک لە بارەگا سەرەکیەکانی پەکەکەیە.
هەبوونی پەکەکە و هەڵوێستی لێڵی یەنەکە، سلێمانی دەکێشێتەو ناو تاریکایی
پافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکەی ناکۆک ڕاگەیاندراوێکی توندی بڵاو کردەوە و گوتی: “ئێمە پەلاماردانی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت شەرمەزار دەکەین”. ئەو فڕۆکەخانەیە بە بێ ئاگاداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کردەوەی غەیرە مەدەنی بەکار دەهات. بەهۆی ئەو رەوشە نایاساییەوە، نەک هەر عەربەت، بەڵکوو سلێمانی بەگشتی بۆتە ئامانج و ڕۆژبەڕۆژ ڕەوشی خەڵک خراپتر دەبێت.
بافڵ تالەبانی یەنەکە وەکوو ڕێکخراوێکی مافیایی بەڕێوە دەبات و سلێمانی لەناو تۆڕی پەیوەندییە مافیاییەکاندایە. هاوکات پەکەکەش لەلایەن یاسای نیودەوڵەتیەوە وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت. بەوهۆیەشەوە هیچ پێکهاتە و هیچ دەوڵەت و تەنانەت ئەوانەش کە پەکەکە وەکوو “مقاول” بەکار دەهینن پشتگیری لە پەکەکە ناکەن.
لەو ڕۆژەوە کە شەڕی پەکەکە و تورکیا دەربازی سلێمانی بووە، خەڵکی سلێمانی بوونەتە قوربانی شەڕ و پێکدادانێکی لێڵ و نادیار. بەرپرسێکی پێشووی یەنەکە لەپەیوەندیی لەگەڵ ئەو مژارەدا گوتبووی: “یەنەکە فەشەلی هێناوە، پەکەکەش فەشەلی هێناوە، لە ڕێککەوتنی دوو هیزی شکستخواردوودا جگە لە شکست هیچیکی دیکە بەرهەم نایەت. خەڵکی سلێمانی حەقی بەسەر ئەوەوە نیە و نابێ ئەو ناحەقیە بەرانبەر بە خەڵکی سلێمانی ئەنجام بدرێت”.