ناوی نوێی پەکەکە چییە؟ ئێسکەکانی کەمال پیر ئازاریان پێدەگات…

پەکەکە لە مانگی ئایاری 2025دا کۆنگرەیەکی بەست و ڕایگەیاند کە دەستبەرداری خەباتی چەکدارانە دەبێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. ساڵێک بەسەر ئەم بڕیارەدا تێپەڕبوو. لە یەکەم ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا، ڕاگەیاندراوێکی مستەفا قەرەسوو و نووریە کەسبیر (سۆزدار ئاڤێستا) لە بەڕیوەبەرانی پەکەکە لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە. ڕاگەیاندراوەکە زۆر سەرنجی خەڵکی ڕانەکێشا؛ چونکە دووبارەکردنەوەی قسەکانی پێشوو بوو. تەنیا شتێک کە سەرنجڕاکیش بوو، ئەو ناوە بوو کە لە جیاتی پەکەکە بەکارهێنرا: سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی.

بێگومان مشتومڕێک لە سۆشیال میدیادا هاتەئاراوە: “ئایا ناوی نوێی پەکەکە ‘تەڤگەری ئاپۆیی’یە؟”

ئایا بەڕاستی ناوی نوێی پەکەکە، “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی”یە؟ دوای ئەوەی پەکەکە بە فەرمانی ئۆجەلان خۆی هەڵوەشاندەوە، سەرکردەکانی پێشووی پەکەکە هەندێک جار لە ژێر ناوی کەجەکەدا لێدوانیان دەدا. بەڵام بەشێکی بەرچاویان زۆرتر ناوی “ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان”یان بەکاردەهێنا. بەپیی ئەو زانیاریانەی کە ئێمە هەمانە، ئۆجەلان لە ڕێنماییەکانیدا بۆ پەکەکە، بۆ تەڤگەری نوێ، ناوی “تەڤگەرا کۆمۆنێن دەمۆکراتیک”ی پێشنیار کردبوو. بەڵام ئەمڕۆکە ناوێکی ناڕوونی وەک “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی” بەکاردێت.

ئەگەر ناوی نوێی پەکەکە “سەرکردایەتی تەڤگەری ئاپۆیی” بێت، ئەوا ئێسکی دامەزرێنەرانی پێشەنگ، مەزڵووم دۆغان و خەیری دورموش و کەمال پیر کە لە ساڵانی 1980دا لە زیندانی ئامەد ئەشکەنجە دران و کوژراون، ئازاریان پیدەگات. چونکە ئەوان وشەی “ئاپۆچی”یان وەک سووکایەتیکردن بە خۆیان پێناسە دەکرد.

کەمال پیر لە پێشەنگەکانی دامەزرێنەری پەکەکە، کاتێک کە لە ساڵی 1981دا لە زینداندا بوو، لە دادگا دژایەتی قسەی دادوەری کرد کە ئەوانی بە “ئاپۆچی” ناوبردبوو و گوتی دەستەواژەی ‘ئاپۆچی’ بۆ ئەوە دروستکراوە کە ئێمە وەکوو دڵسۆزی تاکە کەسێک پیشان بدەن. بەڵام ئێمە دڵسۆزی شەخسێک نین، هیچ شتێکی وا نیە کە ‘ئەگەر ئاپۆ نابێ، تەڤگەریش نابێ’، عەبدوڵڵاش وەکوو ئێمە ئەندامێکی ئەم تەڤگەرەیە”.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی نییە کە پەکەکە ناوی خۆی گۆڕیوە یان نا، بەڵام بۆ بینینی داڕمان و پووچبوون لە ناو پەکەکەدا ئەم بەراوردکردنە گرنگە: 45 ساڵ دوای کەمال پیر، ئەندامێکی تری پەکەکە بەناوی “ئامەد مەلازگرت” دەڵێت: “ئەگەر کوردستانێک هەبێی و ئەو کوردستانە بەبێ ڕێبەر ئاپۆ بێت، بە بۆچوونی شەخسی من پێویست بە کوردستانێکی لەو شێوەیە ناکات”. لە هەڵوێستی کەمال پیر بڕوانن و هەروەها سەیری هەڵوێستی ئامەد مەلازگرتیش بکەن و هەردووکیان پێکەوە بەراورد بکەن.

ئەمە داڕزین و پووچبوونە. ئەگەر بزووتنەوەیەک بەم شێوەیە بەلاڕێدا چووبێت، ئەوە گۆڕانکاری نییە؛ بەڵکو پووچبوونە، هەڵوەشانەوەیە و خیانەتکردنە لە میرات. بۆیە گۆڕینی ناوی پەکەکە گرنگ نییە. لەدوای ناوەڕاستی ساڵانی 1980، پەکەکە بۆی دەرکەوت کە ناو و لۆگۆیەکی نوێ، هەیەجان و مەراق و هیوای نوێ لای شوێنکەوتەکانی دروست دەکات. بۆیە هەر جارێک کە لەگەڵ ئاڵۆزییەک بەرەوڕوودەبن، ناوێکی نوێ و لۆگۆیەکی نوێ دەخوڵقێنن.

لە ساڵانی 1980ـەوە هەتا ساڵی 1999، بۆ وروژاندنی جەماوەر ناوی “کوردستان”یان لەسەر هەموو دامەزراوەیەکیان دانا. دوای ئەوەی ئۆجەلان ژیانی لە ئیمرالی دەستپێکرد، ناوی “کوردستان” لادرا و وشەی “دیموکراتیک” بە ناوی هەموو دامەزراوەیەکیانەوە لکێندرا. ئێستاکەش لە دوای ساڵی 2025ـەوە ئیدی هیچ شتێک بەناوی کوردستان نەماوە؛ لەمەودوا هەموو شتێک وەک “تەڤگەری ئاپۆیی” و “کۆمۆنیزم” ناودەبرێت…

بە واتایەکی تر ڕێوی چەندە بگەرێتی لە ئەنجامدا هەر دەگەڕێتەوە دوکانی کوورکفرۆش (ئەو دوکانەیە کە تێیدا ڕەوی کەوڵ دەکرێت و کەوڵەکەی دەفرۆشرێت). پەکەکە دەمامکە کوردی و کوردستانیەکەی فڕێداوە و گەڕاوەتەوە سەر جەوهەری خۆی. ئێستا ئیدی پەکەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئەو بزووتنەوەیەکی کوردی و کوردستانی نییە.

پەکەکە بزووتنەوەیەکی موریدانەیە.

Share