پرسیارێک لە کەنەکە: ئایا کورد نەتەوەیە یان نا؟ ئایا کورد پێویستی بە دەوڵەت هەیە یان نا؟

ڕێکخستنێک بە ناوی کەنەکە واتە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەیە. ئەم ڕێکخستنە لە مانگی حوزەیرانی 2026دا، کۆنگرەی بەست و داوای لە کورد کرد تا “یەکێتیی دیموکراتیک” پێکبهێنێت. هەروەها بڕیاریدا نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنووسێت و داوای ئەوە بکات کە کورد وەک “دەوڵەتێکی چاودێر نائەندام” بناسرێت.

مەسەلەی نووسینی نامە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەناوی کوردەوە، بوو بە بابەتێکی گەرمی میدیاکان. هەروەها کەنەکەش لەسایەی ئەم بابەتەوە وێنەی خۆی نوێکردەوە. بەڵام لە ژیان و سیاسەتدا ڕاستییەکی وەها هەیە: “کردەوەکانی مرۆڤن کە ڕاستییەکانی مرۆڤ پیشان دەدەن نەوەک قسەکانی”. ئێمە لە کردەوەکانی کەنەکە ورد دەبینەوە نەک لە قسەکانی.

کەنەکە لە ساڵی 1999دا لەلایەن پەکەکەوە دامەزرا. تا ئێستاش پێکهاتەیەکە کەوا بەستراوەتەوە بە سەرکردایەتی ئەوروپای پەکەکەوە. ئەم ڕێکخراوە لە ڕواڵەتدا وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی سەربەخۆ پیشان دەدات کە لەلایەن کۆمەڵێک سڤیلەوە دامەزرابێت؛ بەڵام لە واقیعدا سەرکردەکانی پەکەکە وەک نیلوفەر کۆچ و ڕەمزی کارتال و زوبەیر ئایدار بەڕێوەی دەبەن. بە کورتی: کەنەکە = پەکەکە.

پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری، کورد وەک نەتەوە پێناسە ناکەن. ئاپۆ و پەکەکە هەروەها دەڵێن کورد پێویستی بە دەوڵەت نییە؛ تەنانەت ئەوانەی دەوڵەتیان بۆ کورد دەوێت بە “دواکەوتوو، ڕەگەزپەرست و زیانبەخش بە کورد” ناودەبەن.

ئایا هیچکام لە سەرکردە گرنگەکانی کەنەکە هەرگیز گوتوویانە: “ئێمە تێکەڵ بە ڕوانگەکان پەکەکە و ئۆجەلان نابین. کورد نەتەوەیە و وەک هەر نەتەوەیەکی تر پێویستی بە دەوڵەت هەیە”؟ نەخێر، نەیانگوتووە. ئایا بەڕێوەبەرانی کەنەکە هەرگیز گوتوویانە: “با کورد چارەنووسی خۆی دیاری بکات، با ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، کورد وەک نەتەوەیەک بناسن”؟ نەخێر، ئایا تا ئێستا بۆ تاقەجارێکیش کەنەکە وتوویەتی: “با سنووری ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێیدا دەژی – وەک ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا- بگۆڕدرێن”؟ نەخێر.

کەواتە بۆچی کەنەکە لە ساڵی 2026دا لە پڕێکدا داوای کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان کورد وەک دەوڵەتێکی نا ـ نەتەوەیی بناسێت و وەک ئەندامی چاودێر قبووڵیان بکات؟

چونکە پەکەکە و پێکهاتەکانی هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی نوێیان لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردایەتی، بەپێویست زانی. بەهۆی بانگەوازەکەی شوباتی 2025 و ڕووداوەکانی دواتر، ناوبانگی ئۆجەلان زیانێکی زۆری بەرکەوت. خودی جەماوەری پەکەکە بەنهێنی و لە نێو خۆیاندا دەڵێن: “ئاپۆ کوردی فرۆشت”. ئۆجەلان و پەکەکە و دەوڵەتی تورک هەموو کاردانەوەکانی خەڵک دەبینن و لێیان دەترسن. چونکە ئەگەر کورد لە خەتی ئۆجەلان دەربچێت، هەڵوێستێکی نەتەوەپەروەرانە دەگرنەبەر. بۆ کۆنترۆڵکردنی کورد، ئۆجەلان پێویستی بە ڕێبازێک بوو کە تۆزێک بۆنی کوردایەتیی لێبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت کاردانەوەکانی کورد خاو بکاتەوە.

کۆنگرەی حوزەیرانی کەنەکە، کە بە مۆتیڤاسیۆنەکانی “ویستی ئەنجامدانی کارێک” لەسەر بنەمای کوردستانی بەسترا، بەتەواوی کۆنگرەیەک بوو کە هەوڵیدا کاردانەوەکان دژ بە پەکەکە و ئۆجەلان سووک بکات. نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، هەستی کورد بە وخاتەب وەردەگرێت، بەڵام تەنها بۆ ڕاستکردنەوەی وێنەکەیانە. بە واتایەکی تر کورد و کوردستان بۆ پەکەکە و لقوپۆپەکانی تەنها بابەتێکی چەواشەکارین.

ئەگەر کەنەکە ڕاستگۆ و جیددی بوایە، سەرەتا داوای لە تورکیا و عێراق و ئێران و سووریا دەکرد کورد وەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن مافی دەوڵەتبوون بناسرێت، نەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان. کەنەکە لە نامەکەیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا نەیگوت: “کورد نەتەوەیە، مافی سەروەری و خۆبەڕێوەبەریی هەیە”. کەنەکە کوردی وەک کۆمەلەیەکی ئەتنیکی پێناسە کرد.

پێویستە کەنەکە سەرەتا بە پەکەکە بڵێت کە کورد نەتەوەیە و مافی بەدەوڵەتبوونیان هەیە. ئەو ڕێکخراوەی کە کەنەکەی بەخۆیەوە گرێداوە، نکۆڵی لە نەتەوەبوونی کورد دەکات؛ با سەرەتا داوا لە ڕێکخراوەکەی خۆیان بکەن، پاشان دەست بە “نمایش”ی پڕوپاگەندەیی بکەن. ئەوانەی کورد وەک نەتەوە پێناسە ناکەن، ناتوانن باسیش لە مافەکانی کورد بکەن.

Share