مامەڵەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک لەسەر دەڤەری گارە…

مامەڵەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک لەسەر دەڤەری گارە...

دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان لەسەر ڕادەستکردنی گارە بە سوپای تورکیا ڕێککەوتوون.

ناوی چیای گارە و گردی بەهار لەم دواییانەدا زۆر دەبیسترێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە میدیاکان هەواڵیان لەسەر دروست دەکەن. بەپێی هەواڵەکان: “پەکەکە لە ناوچەی سیانێی گارە و گردی بەهار لە دەڤەری نهێلی کشاوەتەوە و دەوڵەتی تورک لەوێ جێگیر بووە”.

سەرچاوەی ئەم هەواڵە میدیای تورکیایە. بەپێی بەدواداچوونی پێگەی “دارکا مازی”، تا ئێستا هیچ ئامار و بەڵگەنامەیەک لەبەردەستدا نیە کە دەریبخات پەکەکە کشابێتەوە و چەکدارانی تورکیا چووبێتنە گارە. بەپێچەوانەوە، پەکەکە هێشتا لە سیانێ ـ ئەرگەنا، کافیا، کەلها بابل و ناڤسەری گارەدا، بە چڕی خەریکی هەڵکەندنی تونێلە.. بۆیە ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا لەسەر گارە بڵاودەکرێنەوە ناڕاستن.

بابەتی گردی بەهار لەوەش سەرنجڕاکێشترە. گردی بەهار دەکەوێتە سەرووی گوندەکانی بەلاڤە و بەرچی کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن گرێ بانێ یان گرێ تاتێ. ئەم تونێلە لە کۆتایی ساڵی 2023دا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆدرا، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2025دا پەکەکە بە پرۆتۆکۆل ئەم تونێلەی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرد و دەوڵەتی تورکیاش گەریلاکانی پەکەکەی بە ئۆتۆمبێل ڕەوانەی دەڤەری بەری گارە کرد. بۆیە ئەم هەواڵەش هی ئێستا نیە و کۆنە.

بۆچی میدیای دەوڵەتی تورک ئەم هەواڵە ناڕاست و کۆنانە جارێکی دیکە دەخاتە ڕۆژەڤی ڕای گشتییەوە؟

چونکە دەوڵەتی تورک دەیهەوێت لە گارە جێگیر ببێت. چیای گارە تەنیا شاخێکی ئاسایی نییە؛ گارە ناوچەیەکی زۆر گەورە و ستراتژیکە. لە بواری ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا، دەڤەرێکی زۆر گرینگە. گارە بۆ دەشتی نەینەوا وەکوو سەنگەرێکی پاسەوانییە. لە هەمان کاتدا ڕێگاکانی هەولێر، سۆران، بارزان، دەشتی زێ، ئامێدی، دهۆک، ئاکرێ و تەنانەت ڕەواندزیش بەیەکەوە دەبەستێتەوە. زێدی هۆز و میرنشینەکانە. بە کورتی؛ گارە بە واتای بیری نەوت، کێڵگەی غاز و پشکی شێری داهاتی هەرێمی کوردستان دێت. جگە لەوەش قەڵایەکی ستراتژیکی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

پەکەکە کەوا لە ساڵی 1988 بەملاوە ناوچە ستراتیژییەکانی دەڤەری بادینان (لەوانە هەفتەنین، بەرواری باڵا، نێروێ، ڕێکان، ئاڤاشین و برادۆست)ی بەدەستەوەیە، لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024 هەموو ئەو ناوچانەی ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد. تەنانەت لە کاتی ئاگربەست و کشانەوە لەو ناوچانە، ئامادە نەبوو یەک سانتیمەتر لە خاکی ئەو دەڤەر بە هێزەکانی پێشمەرگە یان هەرێمی کوردستان بسپێرێت. بەپێچەوانەوە بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ڕۆیشتنی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بە هۆکاری شەڕ دادەنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە پەکەکە لە زۆربەی ناوچەکانی بەرواری باڵا، هەفتەنین، خواکورک و خنێرە، بەبێ هیچ شەڕ و پێکدادانێک کشایەوە و سەرجەم ئەو سەنگەر و تونێلانەی کە ساڵانێک بوو بەدەستیانەوە بوو، یەکجێ ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کردن. لە ئێستادا تاکە هەرێمێکی ستراتژیک کە لە دەستی پەکەکەدا ماوە، دەڤەری گارەیە، بەڵام خەریکن ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی کە ئەو شادەمارەی هەرێمیش ڕادەستی تورکیا بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی پەکەکەوە دەستمان کەوتوون، دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان لەسەر ڕادەستکردنی گارە بە سوپای تورکیا ڕێککەوتوون. کاتێک ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت لە ڕێکەوتی 2ی تەمموزی ئەمساڵدا سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ سەبری ئۆک و بەسێ هۆزات، دوو سەرکردەی پەکەکە، کۆبۆوە، بابەتی گارە بە وردی تاوتوێ کرا. ئەوان پلانیان داناوە کە چۆن دەتوانن بە بێ ئەوەی کە ڕای گشتی هەستی پێ بکات، هەنگاوەکانی ڕادەستکردنی گارە بە تورکیا ئەنجام بدەن و هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی کە بەرە بەرە ڕای گشتی بۆ ئەم دۆخە ئامادە بکەن. هەر بۆیە هەواڵی ڕادەستکردنی گارە خەریکە لە میدیاکانی تورکیا و پەکەکەدا دەبێتە بابەتی سەرەکی. مامەڵەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک لەسەر دەڤەری گارە، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەو ناوچەیە. دەبێ خەڵکی ناوچەکە ڕێگە بەم دەستدرێژییەی پەکەکە نەدەن.

Share