لە ناخی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، زیا گۆکاڵپ و ئالپارسلان هاتنەدەرەوە
لە ڕێکەوتی 20ی تەمووزی 2026دا، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکەی هەڵوەشاوە کۆبۆوە. پەکەکە وەکوو هەمیشە ئەو دیدارەشی بۆ ڕای گشتی وەک “کۆبوونەوەیەکی مێژوویی” وەسفکرد.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، پەیامەکەی ئۆجەلان چوار خاڵی سەرەکیی لەخۆگرتبوو:
1- بانگەوازی 27ی شوبات بەردەوامە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە هیچ ئاستەنگێک لە پرۆسەکەدا نییە.
2- ئۆجەلان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیادا، پێڤاژۆی قانوونی و یاسایی پەسەند دەکات.
-
ئۆجەلان لەبری ناوی کوردستان وشەی “ئەنادۆڵ”ی بەکارهێناوە.
4- ئۆجەلان ڕایدەگەیەنێت “ئەگەر کورد لە تورک جیابکەیتەوە، کورد نامێنێت؛ ئەگەر تورکەکانیش لە کورد جیابکەینەوە، تورک نامێنن”.
باڵۆنێک کە لە هەوادا تەقیەوە
بە واتایەکی تر ئەوەی وەک “کۆبوونەوەی مێژوویی” ئۆجەلان پێشکەش دەکرێت، لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ پشتگوێخستنی کورد و پەراوێزخستنیان لە مێژوودا. پەکەکە ساڵانێکە باڵۆن دەفڕێنێت و هەموو شتێک بە شێوەی “ڕاگەیاندراوی مێژوویی”، “کۆبوونەوەی مێژوویی”، “هەنگاوێکی مێژوویی” و “بڕیارێکی مێژوویی” ناودەبات. بەڵام لە کۆتاییدا هەموو باڵۆنەکان لە هەوادا تەقینەوە و بە بەتاڵی کەوتنەخوارەوە. لە دوایین دیداری عەبدوڵا ئۆجەلانیشدا، باڵۆنێک تەقیەوە و زیا گۆکاڵپ و ئالپارسلان تورکەش لە ناویدا هاتنەدەرەوە.
زیا گۆکاڵپ کێیە؟
زیا گۆکاڵپ (1876-1924) کوردێکی خەڵکی ئامەد بوو؛ بەڵام ژیانی خۆی بۆ تورکایەتی تەرخان کرد و دەیان کتێبی نووسی و ئامۆژگاری تورکەکانی کرد و ڕێگای پیشان دان کە چۆن بتوانن کورد کۆنتڕۆڵ بکەن. هەر بۆیە تورکەکان بە “باوکی ناسیۆنالیزمی تورک” ناوی دەبەن. گۆکاڵپ سەبارەت بە کورد دەڵێت: “کوردێک کە تورکەکانی خۆش نەوێت، کورد نییە؛ تورکێکیش کە کوردی خۆش نەوێت، تورک نییە”.
لە لایەکی دیکەوە ئاڵپارسلان تورکەش (1917-1997) دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکەمی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)یە و بە “باشبوگ” (ڕێبەری سەرەکی)ی ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستیی تورک دادەنرێت. ئەویش لەبارەی کوردەوە وتوویەتی: “ئێمە بەو ڕادەیەی کە تورکین، ئەوەندەش کوردین، ئەوانیش بەو ڕادەیەی کە کوردن، ئەوەندەش تورکن”.
قسەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەو کۆبوونەوەیەدا، تێکەڵەیەک بوو لە قسەکانی زیا گۆکاڵپ و ئەلپارسلان تورکەش. گۆکاڵپ و تورکەش ئەم قسانەیان دەگوت بۆ ئەوەی کە کورد ڕازی بکەن تا وەک ژێردەستە و داگیرکراوێک بمێننەوە. قسەکانی ئۆجەلان ئامانجیان جەختکردنەوە نییە لەسەر پەیوەندییە مێژوویی و جوگرافییەکانی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە؛ بە پێچەوانەوە دەیانهەوێت هێزە داگیرکەرەکان دیسان کورد لە مێژوو وەدەربنێن.
ئۆجەلان باسی مافی چارەی خۆنووسین و مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد، یان دانپێدانان بە کورد لە دەستووردا ناکات؛ ئەو تەنانەت ناوی کوردستانیش بە “ئەنادۆڵ” پێناسە دەکات.
لە مێژوودا هیچ کەسێک کێشەی کۆلۆنیالیزمی میللەتێکی بە پاڕانەوە چارەسەر نەکردووە. نە ماندێلا و نە گاندی و نە عومەر موختار و نە ئێرلەندیەکان و نە کەتەلۆنیەکان لە بەر هێزە داگیرکەرەکان نەپاڕاونەتەوە. بەڵام ئۆجەلان نەک هەر دەپاڕێتەوە، بەڵکوو هاوکات هەولدەدات کە بە ناوی هێزە کۆلۆنیالیستەکانەوە، کورد فریو بدات.
لە ئەنجامدا باڵۆنەکەی ئۆجەلان کە خۆی بە “ڕێبەری گەلی کورد” ناودەبات، تەقیەوە. لە سەدەی 21دا دەرکەوت کە لە ناخی ئۆجەلاندا کەسایەتییەکی هاوکاری داگیرکەران هەیە کە دەیهەوێت گەل فریو بدات.