ئایا پەکەکە و دەوڵەتی تورک پرۆسەکەیان ڕاگرتووە؟

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی پەکەکە لێدوانی نەرێنییان سەبارەت بە پڕۆسەی تەسلیمبوون داوە.

لە بەیاننامەیەکدا لە مانگی ئەیلولدا بڵاوکرابۆوە، بایک ڕایگەیاندبوو، “ئێمە بۆ شەڕێکی گەورە ئامادەین”.

لە 6ی ئۆکتۆبەردا مستەفا قەرەسو وتی، “پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە خاڵێکی بێ چارەسەر؛ هیچ هەنگاوێکی بەرچاو نانرێت.”

بەسێ هۆزات وتی: “تورکیا هیچ هەنگاوێک نانێت، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ناچار دەبین بچینە ناو نیقاش و هەڵسەنگاندنی جیاوازەوە…”

ئایا بەڕاستی پرۆسەکە گەیشتووەتە خاڵێکی بێ چارەسەر و هیچ هەنگاوێک نانرێت؟

سەرەتا دەبێت بپرسین: پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و تەسلیمکردنی چەک بە دەوڵەتی تورک، چ مەرجێکی دانابوو کە ئێستا چاوەڕێن تا دەوڵەت تورکیا هەنگاوی یەکەم هەڵبگرێت؟ خودی ئۆجەلان لە نامەکەی 25ی شوباتیدا ڕایگەیاندووە کە داوای هیچ شتێکی وەک دەوڵەت، فیدراسیۆن، مافی ڕۆشنبیری و سەربەخۆیی بۆ کورد نەکردووە.

تاقانە مەرجی ئۆجەلان ئەوەیە کە ئازاد بکرێت و گەرەنتی ئەوەی پێ بدرێت کە بتوانێ لەگەڵ میدیاکان بدوێت. بەڕێوەبەرانی پەکەکە هەرگیز باسی مافە دەستوورییەکانی کورد یان ئەو جۆرە بابەتانە ناکەن. ئەوان دەڵێن پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکرێت، بەڵام لە واقیعدا هەوڵ دەدەن خۆیان بخەنە ناو هاوکێشەکانەوە و بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن کە مسۆگەری بکات ئەوانیش ‘لە چاوی خەڵکدا وەک پاڵەوان دەمێننەوە’.

سەرکردەکانی پەکەکە سەردانی ئیمرالی دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە. ڤێلایەک بۆ ئۆجەلان دروستکراوە و بەم نزیکانە ڕۆژنامەنووسان لەوێ سەردانی دەکەن.

بە واتایەکی تر هەموو ئەو مەرجانەی کە ئۆجەلان ویستوویەتی جێبەجێ کراون.

بۆچی سەرکردەکانی پەکەکە لێدوانی نەرێنی دەدەن؟

چونکە ڕێککەوتنێک لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا هەیە. ئەوان پێکەوە کار دەکەن. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت پەکەکە چەکەکانی خۆی ڕادەست بکات، بەڵام نایهەوێت ئەمە ڕووبدات تا دۆخی ئێران ڕوونتر دەبێتەوە.

ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە لە ڕێگای ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دژی ئێران یان لە نیقاشەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە، کاریگەریی دابنێت. دەوڵەت ئۆجەلان بەڕیوە دەبات؛ ئۆجەلانیش پەکەکە بەڕیوە دەبات؛ و پەکەکەش سەرکردایەتی پژاک دەکات؛ بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک کاریگەریی خۆی لەسەر داهاتووی ئێران دادەنێت. ئەمەیە پلانەکە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێدەچێت پەکەکە و دەوڵەتی تورک وێکڕا بڕیاریان دابێت کە پرۆسەکە خاو بکەنەوە.

وەکوو دیکە،  پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەڕوات؛ هەموو مانگێک شاندەکان بۆ کۆبوونەوە سەردانی ئیمرالی دەکەن. میکانیزمێکی هەمیشەیی و سیستەمێکی تەلەفۆنی ڕۆژانە لە نێوان دەوڵەت و قەندیلدا هەیە. پەکەکە دەتوانێت هەموو جۆرە چالاکییەک لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕێکبخات کە ستایشی ئۆجەلان و پرۆسەکە دەکات. بە واتایەکی تر پرۆسەکە لە پشت پەردەوە درێژەی هەیە.

مەسەلەکە تەنیا ئەوەیە کە دۆخی ئێران ڕوونتر بێتەوە.