بۆچی جەمیل بایک ڕەخنەی لە مەزڵووم عەبدی گرت؟

جەمیل بایک، یەکێک لە کەسایەتیە گرینگەکانی ناو پەکەکە، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بە توندی ڕەخنەی لە مەزڵووم عەبدی گرت لەسەر ئەوەی کە ڕۆڵی ڕاوێژکاریی قبووڵ کردووە.

بایک گوتی: “سەرەتا گوتی هیچ پۆستێک ناگرم، بەڵام دواتر ڕۆڵی ڕاوێژکار (موستەشار)ی قبووڵ کرد. لەکاتیکدا ئەو ڕاوێژکاری کاروباری کوردان نییە، بەڵکوو تەنها ڕاوێژکارێکی بیرۆکراتە. ئەو ڕەخنانەی کە لەوبارەوە گیراون دروستن و ئێمەس ڕەخنەی لێدەگرین. نەدەبوو ئەو پۆستەی قبووڵ کردبا”.

بایک بە ڕەخنەکانی مەزڵووم عەبدیی کردە ئامانج، بەمشیوەیە بایک ئاراستەی سەرجەم ڕەخنەکانی بەرەو مەزڵووم عەبدی سووڕاند.

بایک وێنایەکی وەهای پیشاندا کە گۆیا قەندیل “ئەرێ”ی بۆ ئەم ئەرکەی مەزڵووم عەبدی نەکردووە و ئەو بۆخۆی سەربەخۆ جووڵاوەتەوە.

بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟

مەزڵووم عەبدی کادیرێکی پەکەکەیە. لە ڕۆژئاڤا هەر لە سەرەتاوە، هەموو شتێک هەر لە ڕێکخستنی کادیرەکانەوە تا ئابووری، سیاسەت و دیپلۆماسی، هەمووی بەپێی ئەو بەرنامانەی کە قەندیل دایناون و بە ڕەزامەندی ئەوان بەڕێوەچووە. تەنانەت دوای ڕووخانی ئەسەد، هەموو ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا، لەلایەن پەکەکەوە پێکهات. هەردوو ڕێککەوتنی 19ی ئادار و 29ی ژانیڤەری، لەسەر داوا و بەڕەزامەندیی پەکەکە واژۆ کران.

سیپان حەمۆ، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، هەموویان بە فەرمانی پەکەکە ئەرکیان وەرگرتووە.

بە واتایەکی تر، ڕەخنەکانی جەمیل بایک لە مەزڵووم عەبدی، کە وەک ڕەخنەی هاووڵاتییەکی ئاسایی و بێ ئاگا ددەگیردرێن، تەنیا تاکتیکێکە بۆ فریودانی ڕای گشتی و خۆپاراستن لە کاردانەوەی ڕای گشتی. جەمیل بایک ئامانجی ئەوەیە هەموو فشارەکان بخاتە سەر مەزڵووم عەبدی بۆ ئەوەی کە ئۆجەلان و پەکەکە و سەرکردایەتییەکەی بپارێزێت.

بەڵام، مەزڵووم عەبدی تەنها مۆرەیەکە و ئەوەی کردووە کە پێی وتراوە.

سیاسەتی داوا نەکردنی قەوارەیەکی تایبەت بۆ ڕۆژئاڤا لەژێر ناوی کانتۆن و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکدا کە 12 ساڵە لە ڕۆژئاڤا بەڕێوەچوو، بەرهەمی ئۆجەلان و پەکەکە بوو.

ڕۆژاڤا کە هەتا ساڵی 2025، بە داهاتی نەوت و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەبوونی لەشکەرێکی گەورە وەک دەوڵەتێک مامەڵەی دەکرد، لە ئەنجامی پەیمانی ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلاندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، لە ماوەی دوو ساڵدا دەستکەوتەکانی لەکیس چوون.

لە ڕۆژئاڤا، دوای گیانلەدەستدانی هەزاران گەنجی کورد، پەکەکە مافی سێ کاتژمێر وانەی هەڵبژاردە، موستەشاریەتی مەزڵووم عەبدی و پارلمانتاریەتی ئیلهام ئیحمەدی بەدەستهێنا. بە دڵنیاییەوە لەهەمبەر ئەمانەشدا ئەو گۆڕستانانە هەن کە بە هەزاران لاوی کوردی تێدا نێژراون.

ئەم ئەنجامە وێرانکەرە، تەنیا بە دانانی مەزڵووم عەبدی وەک موستەشار ڕاڤە ناکرێت. بەرپرسیاری سەرەکیی ئەم پێڤاژۆیە هەمووی لە ئەستۆی پەکەکەیە.

Share