سەرەتای مانگی ئەیلول سەرکردەکانی پەکەکە لەگەڵ دانیشتوانی کەمپی مەخموور کۆبونەوە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیان پێبدەن کە کەی و چۆن کەمپەکە چۆڵ دەکرێت.
لە ڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دۆخی دانیشتووانی کەمپی پەنابەرانی مەخموور بوو.
پەکەکە نایهەوێت مەخموور چۆڵ بکرێت. ئەمەش لەبەرئەوەیە کەوا کەمپەکە ساڵانێکە لە لایەن پەکەکەوە بۆ مەبەستی سەربازی، سیاسی، پڕوپاگەندە و لۆجستیک بەکارهاتووە.
لە ئێستادا پەکەکە لە ژێر کەمپی مەخمووردا تۆڕێکی بەرفراوانی تونێلی ژێرزەوینیی دروستکردووە کە قەبارەکەی بەقەد شارێک دەبێت. شەڕڤانان لەم تونێلانەدا مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت و چەندین چالاکیی جیاواز لەوێ ئەنجامدەدرێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پەکەکە دەیهەوێت تا کۆتایی پرۆسەکە دانیشتووانی کەمپی مەخموور لە ناو کەمپەکەدا بهێلێتەوە.
خەڵکی مەخموور و بەتایبەت گەنجەکان دەیانەوێت پرۆسەکە خێراتر بکرێت و لە پرۆسەکەدا ئەولەویەتیان پێبدرێت و بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
پەکەکە بەردەوام ئاستەنگ بۆ خەڵکەکە دروست دەکات، چونکە ترسی ئەوەی هەیە خەڵک بە دەستپێشخەریی خۆیان کەمپەکە بەجێ بهێڵن، چوونکە بێ سەبریی خەڵکەکە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.
لەم دواییانەدا دەرکەوت کە فەرمان گارزان ئەندامێکی سەرکردایەتیی پەکەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ خەڵکی کەمپی مەخموور ئەنجامداوە و ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا کەمپەکە چۆڵ دەکرێت و خەڵکەکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
وەک ڕاگەیاندراوە، فەرمان گارزان هۆشداریی بە خەڵکەکە داوە کە بە دەستپێشخەریی خۆیان نەڕۆن و ‘لەو قەرەبووەی کە وەریدەگرن ئاگاداری کردونەتەوە’.
فەرمان گارزان لە کۆبوونەوەکەدا ئیدیعای ئەوەی کردووە کە عێراق و تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) قەرەبووی ئەو خانوو و باخچە و موڵک و ماڵانە دەدەنەوە کە خەڵکەکە چۆڵیان نەکردووە و بەجێیان نەهێشتووە.
گارزان داوای لە خەڵکەکە کردووە کە سەبریان هەبێت و گوتوویەتی: “لە هیچ هەلومەرجێکدا کەس سەربەخۆ کەمپەکە چۆڵ نەکات، چوونکە ئەوانەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئێمە بڕۆن، قەرەبوو وەرناگرن”.
ناوبراو هەروەها بە خەڵکەکەی وتووە: “ئەوانەی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت چوونەتە تورکیا، قەرەبوو وەرناگرن، چونکە بە پەنابەر هەژمار ناکرێن؛ تکایە پاسپۆرتەکانتانمان پێبدەن تا بتوانین هاوکاریتان بکەین”.
بەڵام باس لەوە دەکرێت کە خەڵک ئامادەنین گوێ بە داخوازەکەی فەرمان گارزان بۆ “ڕادەستکردنی پاسپۆرتەکان” بدەن. خەڵک بەردەوامن لە شاردنەوەی پاسپۆرتەکانیان و دەڵێن “ئەوان پاسپۆرتەکانیان دەبەن و جارێکی تر پێمانی نادەنەوە”.
دانیشتووانی کەمپی مەخموور هەم لە ناخەوە دژی ئەو پرۆسەیەن کە لەلایەن ئۆجەلانەوە بەرەوپیش دەڕوات و هەمیش بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕیی ئەو بڕیارانە دەکەن کە لەبارەی ئەوانەوە دەدرێت.