PWK داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیهان دەکات جاڕنامەی مافی مرۆڤ جێبەجێ بکەن

PWK داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیهان دەکات جاڕنامەی مافی مرۆڤ جێبەجێ بکەن

“داوا لە دەوڵەتەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دەکەین کە مەرجەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکەن”.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بەبۆنەی 10ی دیسەمبەر، ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین: “گوێ لە هاواری مرۆیی گەلی کورد بگرن کە زیاتر لە 50 ملیۆن مرۆڤن و داوای بەدیهێنانی مافە ئینسانییە سەرەتاییەکانی نەتەوەی کورد دەکەن”.

جگە لەوەش PWK داوا لە دەوڵەتەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دەکات کە مەرجەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکەن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK):

 

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی جیهان دەکەین کەوا جاڕنامەی گەردوونیی  مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکەن

لە 10ی دیسەمبەری ساڵی 1948دا، جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ کە لە 30 خاڵ پێکهاتبوو، لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسەندکرا و ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پیرۆز دەکرێت.

جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە دوای جەنگی جیهانی دووەم پەسەند کرا، کە لەو سەردەمەدا مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشێل دەکران.

لەدوای ڕووخانی نازیسم و فاشیزم کە شەرمەزارییەکی گەورەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بۆئەوەی مرۆڤایەتی جارێکی دیکە تووشی دۆخێکی وەها نەبێت، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم جاڕنامەیەی پەسند کرد.

بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا دەرکەوت ئەو دەوڵەتانەی کە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤیان قبوڵ کردبوو، خۆیان ئەم بەیاننامەیەیان پێشێل کردووە.

دوای جەنگی جیهانی دووەم دوو بلۆک سەریان هەڵدا. بلۆکی ڕۆژئاوا و بلۆکی ڕۆژهەڵات. بەداخەوە هەردوو بلۆک جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا. هەر بلۆکێک بۆخۆی مافی مرۆڤی پێشێل دەکرد، بەڵام لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بلۆکەکەی دیکەدا، بەرگریی لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەکرد.

لە ڕاستیدا هەردوو بلۆک جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیان پێشێل دەکرد. بەتایبەتی سەبارەت بە گەلانی بێ دەوڵەت، ئەو دوو بلۆکە مافەکانی مرۆڤ و مافی گەلانیان پشتگوێ خست، خاوەندارێتییان لێنەدەکردن و چاویان لە ئاست پێشێلکرانی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی، گەلانی بێدەوڵەت دادەخست.

دوای کۆتایی هاتنی سیستەمی دوو جەمسەرییش، ئەو نادادپەروەریەی کە بەرامبەر گەلانی بێ دەوڵەت و گەلانی دیکە کرا و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەردەوام بوو.

ئەمڕۆکە ئەگەر باسی ئەو گەلانە بکەین کەوا مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانیان پێشێل دەکرێن، بە بێ گومان دەردەکەوێت کە نەتەوەی کورد لە پلەی یەکەمدا دێت.

جێگای داخە کە یەکەمین ڕێکخراو کە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە، مەرجەکانی جێبەجێ نەکردوون و پەیڕەویی لەم جاڕنامەیە نەکردووە، خودی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

هەموو نەتەوەی کورد ولەسرووی هەمووانەوەش خوشک و براکانی کوردی ئێزدیمان، بەپێش چاوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەشێوەیەکی هۆڤانە پەلامار دران ئەمڕۆکەش گەلی کورد، لە پیش چاوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەدەست هێرش و پێشێلکرانی مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانەوە دەناڵێنێت.

ئێستا دەپرسین: با ئێمە کاتەکانی بەر لە ئیمزاکردنی ئەم جاڕنامەیە لەلایەک دابنێێن، بەڵام لە 10ی 1ی 1948 بەدواوە، لەهەمبەر قەدەغەکردنی زمانی کوردی، لە هەمبەر پێشێلکرانی بەربڵاوی ماف و ئازادییە نەتەوەییەکانی کورد، لە هەمبەر سەرجەم ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانەی کە بەسەر کورداندا هاتوون، لە هەمبەر ئەو هەموو ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنانەی کورد، لە هەمبەر پێشێل کردنی مافی ئازادی بیروباوەڕ و بیرکردنەوە و پێشێلکردنی سیستماتیکی گەلی کورد، تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان چی کردووە؟

نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا چی بۆ ئەو کوردانە کردووە کە مافەکانیان لە هەر 30 خاڵەکەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا بە ڕوونی پێشێل کراوە؟

لە یادی 75 ساڵەی پەسەندکردنی ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی پەیوەندیدار و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین: ” گوێ لە هاواری مرۆیی گەلی کورد بگرن کە زیاتر لە 50 ملیۆن مرۆڤن و داوای بەدیهێنانی مافە ئینسانییە سەرەتاییەکانی نەتەوەی کورد دەکەن و بۆ دەستەبەر کردنی ئەو مافانە تێدەکۆشن کە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا پەسند کراون”.

هەروەها داوا لە دەوڵەتەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دەکەین کە مەرجەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)

10.12.2023

Share