1200 خێزانی عەفرین لە حەسەکەوە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بە فەرمی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشقدا ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ی ئایاری 2026، کاروانێکی نوێ و گەورە لە ئاوارەکانی عەفرین لە شاری حەسەکەوە بەرەو هەرێمی عەفرین بەڕێکەوتن. ئەم کاروانە نوێیە کە لە 1200 خێزان پێکهاتووە، بەشێکە لە هەوڵە فەرمییەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەن بۆ سەر زێدی خۆیان.
ئەحمەد ئەل ـ هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە، ئامادەکارییە تەکنیکی و ئەمنییەکە تەواو بووە بۆ ئەوەی 1200 خێزانی عەفرین بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سەرچاوە خۆجێیەکان لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕایانگەیاند کە لە سەرلەبەیانیی زووەوە جموجوولێکی گەورە هەیە و خێزانەکانیش بە کەلوپەلی خۆیانەوە ئامادەبوون.
ئەم هەنگاوە وەک درێژەپێدەری کاروانەکانی پێشوو سەیر دەکرێت؛ هەروەک لە 14ی نیسانی ڕابردوودا کاروانێکی دیکەی 800 خێزان لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە گەڕاونەتەوە عەفرین. زیادبوونی ژمارەی خێزانە گەڕاوەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی گەڕانەوە چووەتە قۆناغێکی خێراتر و پلان بۆ داڕێژراوتر.
گەڕانەوەی ئەم کاروانانە بە فەرمی لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام دەدرێت کە لە 29ی ژانویەی 2026دا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق واژۆ کراوە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە ئاسانکاریی پێویست دەکرێت بۆ ئەوەی کە سەرجەم ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچە جیاجیاکانەوە بە شێوەیەکی فەرمی بگەڕینەوە سەر زێدی باوباپیرانی خۆیان.