ئایشەگوڵ دۆغان: پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئاشتی

ئایشەگوڵ دۆغان: پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئاشتی

وتەبێژی دەم پارتی: ساڵێک بەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا تێپەڕ بووە و ئەندامانی ڕێکخراوەکە چەکەکانی خۆیان سووتاند، بەڵام کەچی هێشتا دەوڵەت یاسای پێویستی دانەناوە.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی، سەرنجی خستە سەر دواکەوتنی پەیڕەوی یاسایی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و ڕایگەیاند کە باشترکردنی بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی کە ئاشتییەکی هەمیشەیی بەرقەرار بکرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتەکەی، لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان دا. دۆغان لە وتارەکەیدا ئاوڕێکی لە دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و پێشنیارەکانی پرۆسەی ئاشتی و قەیرانی یاسایی دایە و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی خستەڕوو.

“تورکیا پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە”

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پێشنیاری دەوڵەت باخچەلی کردووە سەبارەت بە “ڕێکخەری سیاسی” و وتی: “پێداویستیی بنەڕەتی تورکیا چارەسەرێکی دیموکراتیکە، ئێمە وەک دەم پارتی، کردنەوەی ڕێگا دیموکراتیکەکان زۆر بە گرنگ دەزانین و بایەخێکی زۆر بەو پێشنیارانە دەدەین کە لەم بوارەدا دەکرێن، بەڵام ئەمە پێویستیی بە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز و ڕوون هەیە”.

پێگە ئۆجەلان و ئاشتی

دۆغان جەختی لەوە کردەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەکتەری سەرەکی پڕۆسەی ئاشتییە و ئاشتی بەبێ باشترکردنی بارودۆخی ئەو، بەدی نایەت: هەم بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و هەم بۆ کردنەوەی ڕێگا سیاسییەکان دەبێت بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان باشتر بکرێت. پێگەی ناوبراو پێویستییەکی بنەڕەتییە، لە ئێستادا، چەقبەستوویی و دواکەوتن لە پرۆسەکەدا هەیە و دەبێ هەمووان بەرپرسیارانە لەم بابەتە نزیک ببنەوە”.

ڕەخنە لە دواخستنی یاساکان

وتەبێژی دەم پارتی بە توندی ڕەخنەی لە دواکەوتنی هەنگاوە یاساییەکان گرت و ڕایگەیاند کە ساڵێک بەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا تێپەڕ بووە. دۆغان گوتیشی: لە دوای ئەو بڕیارە، هەنگاوی مێژوویی گیرانەبەر، ئەندامانی ڕێکخراوەکە چەکەکانی خۆیان سووتاند، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک ساڵ کەچی یاسای پێویست دانەنراوە. پێویستە سیاسەت هەنگاوی بوێرانە بنێت، زمانێکی سەردەمی نوێ بەکاربهێنێت و بەستێنێکی یاسایی بخوڵقێت بۆ ئەوەی کە ئاشتی بە کۆمەڵایەتی بکرێت.

داوای دیداری ڕاستەوخۆ

لە کۆتایی قسەکانیدا دۆغان داوای کرد کە شاندەکەیان دەستبەجێ لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئۆجەلان بتوانێت ڕاستەوخۆ بیروڕاکانی خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و ڕای گشتیدا باس بکات، بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی ناو کۆمەڵگا بڕەوێنەوە و پرۆسەکە بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت.

Share