نێچیرڤان بارزانی: دەبێ عێراق لە ململانێیە هەرێمییەکان دووربخرێتەوە

نێچیرڤان بارزانی: “لە میانی کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر گرنگیی کارکردن و هەماهەنگیی هاوبەش کراوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆتاییهێنان بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە بەغدا، پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راگەیاند. دەشڵێت؛ لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکان لەسەر گواستنەوەی عێراق بۆ قۆناغێکی نوێ لە گەشەپێدان و سەقامگیری هاوڕا بووین.
ڕۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ “ئەمڕۆ کۆتاییمان بە سەردانێکی “بەرهەمدار و سەرکەوتوو” بۆ بەغدا هێناوە، کە تێیدا زنجیرەیەک دیدارمان لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانێتییەکان، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و هاوبەشە سیاسییەکان ئەنجام داوە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانی کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر گرنگیی کارکردن و هەماهەنگیی هاوبەش کراوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بە تایبەتی لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا.
نێچیرڤان بارزانی، ئاشکرای کرد، کە لە کۆبوونەوەکاندا بە روونی جەختیان لە پرەنسیپی “چەک تەنیا دەبێت بە دەست دەوڵەتەوە بێت” و دۆزینەوەی چارەی خێرا بۆ قەیرانە ئابوورییەکان کردووەتەوە کە بەهۆی لێکەوتەکانی بارودۆخی ناوچەکەوە دروست بوون.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: “لە کۆبوونەوەکانماندا جەختمان لە زامنکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە، هەروەها سووربوونی خۆمان نیشان دا لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان.”
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراقیش، سەرۆکی هەرێم رایگەیاند: کە ئەو پرسەیان لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکان تاوتوێ کردووە و پشتیوانیی تەواوەتیی خۆیان بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دووپات کردووەتەوە، لە پێناو کارکردنی هاوبەش بۆ گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری، گەشەپێدان و پێشکەوتن.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەرموگوڕیی پێشوازیکردن، سنگفراوانی و گفتوگۆ ئەرێنییە بونیادنەرەکان دەردەبڕی کە لە بەرژەوەندیی عێراق دایە.