دوایین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لە 13ی ئەیلوولی 2026 ئەنجام درابوو.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆل پێک دێت، دوای زیاتر لە دوو مانگ، جارێکی دیکە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتنە دوورگەی ئیمرالی.
شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە مەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، بەرەو دوورگەی ئیمرالی بەڕێ کەوتن.
شاندی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری ڕووها (ئورفا) و ئۆزگور فایق ئەرۆل، پارێزەر، پێکدێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 22/11/2026، بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان گەیشتنە دوورگەی ئیمرالی.
چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە دوورگەی ئیمرالی، ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە ناوەڕۆک و ماوەی کۆبوونەوەکە بڵاو بکرێتەوە.
دوایین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی لە 13ی ئەیلوولی 2026 ئەنجام درابوو، کە یەکەمین دیدار بوو دوای پەسەندکردنی ڕێکخستنی «یاسای چوارچێوە» لە پەرلەمانی تورکیادا ئەنجامدرابوو.
لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوودا، لە کاتێکدا شیکارییەکان باسیان لە «وەستانی» پرۆسەکە دەکرد، میدحەت سانجار لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاندبوو کە ئۆجەلان لە چوارچێوەی زیندانی ئیمرالیدا بۆ شوێنێکی نوێ گواستراوەتەوە، کە تایبەت بۆ ئەو ئامادە کراوە.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، پەروین بوڵدان جەختی کردبووەوە کە ئەو گۆڕینی شوێنە بە واتای دەرچوون لە زیندان یان گۆڕینی پێگەی یاسایی نایەت، بەڵکو تەنیا شوێنێکە بۆ ڕێکخستنی مەرجەکانی کارکردن.