هێرشەکەی ئێران تەنیا بۆ سەر هەولێر نەبوو، بەڵکو هێرش بۆ سەر ئایندەی ئازادی هەموو کورد بوو

هێرشەکەی ئێران تەنیا بۆ سەر هەولێر نەبوو، بەڵکو هێرش بۆ سەر ئایندەی ئازادی هەموو کورد بوو

قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی باشووری کوردستان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسکەوتێکی گرنگە بۆ کورد و زامنی داهاتوویەکی ئازادە. هەر کوردێک کە هێرش بۆ سەر کوردستان وەک هێرشێک بۆ سەر ژیانی کەسیی و بنەماڵەیی خۆی نەبینێت و هەوڵی پاراستنی کوردستان نەدات، ئاگاهانە یان نائاگاهانە دەبێتە شەریک و هاوبەشی داگیرکەران.

بەناوی ماڵپەڕەکەمانەوە بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئێران دەکەین کە لە شەوی 15ی ژانیڤەری 2024 بە مووشەکی بالیستیک پەلاماری هەولێری پایتەختی کوردستانی دا و بەهۆیەوە 5 هاوولاتی سڤیل شەهید بوون کە یەکیان منداڵێکی تەمەن 11 مانگ بوو.

سەرۆک بارزانی بە کورتی ئەم هێرشەی وەها ناوبرد: ئامانج تەسلیم کردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە

ئامانجی ئێران لەم هێرشە چی بوو؟ ئەم بابەتە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ نیقاشی لەسەر دەکرێت. پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دوای هێرشەکە، “دەتوانن بمانکوژن، بەڵام دڵنیابن ناتوانن ئیرادەمان لێ بستینن”، بە کورتی و جەوهەری ئەم هێرشەی لە بواری سیاسی ـ سەربازی و جیۆپۆلەتیکدا پێناسە کرد و ڕوونیشی کردەوە کە پێویستە چی بکرێت.

ئەم هێرشە تیرۆریستییەی ئێران سەیر و سەمەرە و بۆ پەیامێک بوو. دەنا دژی هێزێک نەکراوە کە هەڕەشەی لێدەکات. هەروەها کات و ئامانجی ئەو هێرشە دەریدەخەن کە ئێران بە شێوازی خۆی پەیام دەنێرێت. کەسانێک کە هەوڵیان دا ماڵی ئەو کاسبکارە کوردە وەکوو بارەگای مۆساد پیشان بدەن، بە تەرمی سووتاوی ژینای تەمەن 11 مانگ و قورئانەکانی ناو ماڵەکە شەرمەزار و ڕووڕەش بوون. عێراقیش ناچار بوو ڕابگەیەنێت کە خێزانێکی مەدەنی کراوەتە ئامانج. ئێران لە مێژووی خۆیدا هیچکات هیچ بنکەیەکی مۆسادی نەکردۆتە ئامانج.

ئەگەر بڵێین ئێران بەهۆی حوزووری ئەمریکاوە هێرشی کردووە، دەبێت ڕاستییەکتان وەبیر بهێنینەوە: ئەمریکا لە زۆر شوێن بنکەی خۆی هەیە. لە تەنیشت خاکی ئێراندا بە قەتەریشەوە، بارەگای گەورەی ئەمریکا بوونی هەیە و تا ئێستا ئێران تاقە یەک هێرشی نەکردووەتە سەریان. هەروەها بنکەیەکی گرنگی سەربازی ئەمریکا لە ناوەندی شاری سلێمانی هەیە. ئەم بارەگایەی ئەمریکا تەنیا 3 کم لە بارەگاکانی ئێرانەوە دوورە. هەروەها ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاکانە فڕۆکەخانەی سلێمانی بەکاردەهێنێت، بەڵام ئێران هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنانەت بە قسەش ئەمەی نەکردۆتە بنەما بۆ ڕۆژەڤی خۆی.

لە سەدەی بیستەمەوە قڕکردن لە دژی کورد و هەوڵدان بۆ تەسلیمبوونیان بەردەوام هەبووە. لە لایەکی ترەوە لەم سەدەیەدا هەولێر سیمبولی خەبات و تێکۆشان و دەستکەوتەکانی کوردە. لەراستیدا هەولێر لە بواری سیاسی، ئابووری، سەربازیی و بەها نەتەوەییکاندا تەمسیلی نەتەوەی کورد دەکات.

هێرشەکە کاتێک کرا کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە داڤۆس بوو؛ پەیامەکەی هەڕەشەی “ئابووری”یە

بەڕێکەوت نییە لەو ڕۆژەی کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە لوتکەی ئابووری جیهانی لە داڤۆس کرد، بازرگانێکی گرنگی کوردستان بوو بە ئامانجی هێرشەکانی ئێران. ئەم هێرشە هەڕەشەیە بۆ سەر گەشەسەندن و پەرەسەندەنە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسیەکانی کوردستان. ئێران دەیهەوێت ئەم پەیامە بە کوردان بدات: “دەبێ ئێوە تەسلیمی ئێمە ببن”.

هەرێمی کوردستان بووەتە بازاڕێکی ئابووری نێودەوڵەتی، ئەمەش پرۆسەی نەتەوەسازی و بەدەولەتبوونی کورد بەرەوپێش دەبات. هەر بۆیە ئابوری کوردستان لەژێرهێرشی هەمەلایەندایە. گەندەڵی، ناکۆکی نێوان خاوەن سەرمایەکان، بانگەشە لەسەر داهاتی نەوت، هەواڵی گەمژانە و هتد…، هەموو هەوڵێکن بۆ لەناوبردنی ئابووری کورد و کوردستان.

سەربەخۆیی ئابووریی کورد هەموو هێزە ناوچەییەکان دەترسێنێت. چونکە ئابوورییەکی بەهێز توانای سیاسەتێکی سەربەخۆ و ڕۆڵیکی بەرچاو لە هاوکیشەی نێودەوڵەتیدا فەخوڵقینێت. دواکەوتووانی ناوچەکە و بەشێک لە نەیارانی کورد لە ڕۆژئاوا، پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی کوردستان نەتوانێت نەوت و بەرهەمەکانی دیکەی بفرۆشێت. سیاسەتی گەمارۆدانی ئابووری و سیاسی کوردستان تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

ئێران دەیهەوێ خۆبەدەستەوەدان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت

ئێران توانیویەتی  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری لەسەر عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن دابنێت و لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتی نزیک لەخۆی دامەزراندووە. ئێران توانیویەتی خۆی بگەیەنێت بە زۆر خاڵ لە عێراقدا کە لە نێویاندا سوننەش هەن. بەڵام نەیتوانی کۆنتڕۆڵی هێڵی سەربەخۆیی بکات کە ناوەندەکەی هەولێرە. ئێران نەبوونی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەولێردا لەبواری سیاسی و ئیعتیباری و جوگرافیایەوە، بە کێشەیەکی گەورە دەبینێت. چونکە حکومەتی هەولێر بەپێی دیالێکتیکی پەیوەندی ـ ناکۆکی لەگەڵ هەر کەس، هەرچی دەبی با ببێ، سیاسەتێکی سەربەخۆ پەیڕەو دەکات. لە ساڵی 2012ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی هەولێر نەبێتە مەیدانی شەڕ و پێکدادانی هێزە ئیقلیمیەکان.

ناڕەزایی مامۆستایان، ناکۆکیەکانی سلێمانی و دەستدرێژیی جاشەکانی پەکەکە هەمووی لەم ئەجێندایەدایە. ئێران پێی وایە کورد وەکوو سەردەمی ڕێککەوتنی ساڵی 1974 وردوخاش دەبێت. ئێران دەیهەوێت بە هێرشی تیرۆریستی ئیرادەی سیاسی هەولێر بترسێنێت و دواتر تەسلیمی و ملکەچی خۆی بکات. بە واتایەکی دیکە دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی 90 ساڵ بە کۆمەڵکوژی و ئەنفال هەوڵیدا کورد تەسلیم بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، کەواتە ئایا ئێران دەتوانێت بە چەند مووشەک ئیرادەی کورد تەسلیم بکات؟

تاقە ناوەندێک کە هیچکات تەسلیم نەبووە: ڕێبازی بارزانی

ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی کەمالیستی، تورکی ئیسلامی و سیاسەتی ئێران – ئەفراس، شکستپێهێنانی ڕێبازی سەربەخۆییخوازانەی بارزانییە. سیاسەتی بارزانی ئەگەر جار جارە ئارامیش بووبێت، بەڵام هەرگیز تەسلیم نەبووە. دوژمنانی کورد ئەم ڕاستییە باش دەزانن.

یەنەکە خۆی تەسلیم کردووە. یەنەکە بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، بووەت لقێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. گلێشێکی سیاسی وەکوو شاسوار عەبدولواحید و پەکەکەش هاوشێوەی یەنەکە ڕۆڵی لقێکی ناوچەیی ئێران دەگێڕن. هەر بۆیەشە دەڵێن “ئەگەر پاشەکشە بە بارزانی بکرێت، کوردستان دەکەویتە دەست ئێمە”. ئەمە ڕاستییەکی ڕوونە. بە واتایەکی تر، تاکە هێزێک کە دژی سیاسەتی گەمارۆدان و داگیرکردنی کوردستان لە لایەن ئێران و تورکیاوە دەجەنگێت، پێڕەوانی سیاسی ڕێبازی بارزانییە. هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو هێرشانەش کە لە ناوەوە و دەرەوە دەکرێنە سەر خەتی بارزانی، هەر ئەوەیە. ڕێبازی بارزانی بۆ کوردان، سەیوانی کەرامەت و ئازادییە، پێویستە کورد لەژێر سایەی ئەو سەیوانەدا کۆ ببنەوە بۆئەوەی بە ئازادی و ئارامی بژین.

کورد لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە

واقعییەت و دەرئەنجامە سیاسیەکانی هێرشی سەر هەولێر بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕۆژەڤی ئێمەدا نیقاش دەکرێن. ئەگەرێکی زۆری هەیە بەتایبەتی لە بەهاردا قۆناخێکی ناکۆکتر دەست پێبکات. بە گشتی ساڵی 2024 بۆ کورد ساڵێکی سەخت دەبێت. دەیانەوێت جارێکی تر کوردستان دابەش بکەن و جارێکی تر داگیری بکەن. ئەو هەڕەشانەی کە باسمان کرد تەنها بۆ هەولێر نییە، ئەمە بۆ ڕۆژئاڤا و هەموو کورد مەترسیدارە. ئەمڕۆ هەندێک کەس دڵخۆشن بە هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، ئەوان وادەزانن ڕێبازی بارزانی لاواز دەبێت. با کەس خۆی فریو نەدات و دڵخۆش نەبێت چونکە هەولێر چەندەی دوژمن هەیە، ئەوەندەش دۆست و هێز و توانای هەیە. بەڕەوا زانینی هێرشەکانی سەر هەولێر و پاساودانیان، دەتوانێ ڕێگا بۆ داگیرکردنی قامیشلۆی ڕەنگین و لەناوچوونی سلێمانیەش هەموار بکات. پێویستە کورد بە ئازارەکانی یەکدی دڵتەنگ بن نەوەک دڵخۆش بێت.

قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی باشووری کوردستان وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسکەوتێکی گرنگە بۆ کورد و زامنی داهاتوویەکی ئازادە. هەر کوردێک کە هێرش بۆ سەر کوردستان وەک هێرشێک بۆ سەر ژیانی کەسیی و بنەماڵەیی خۆی نەبینێت و هەوڵی پاراستنی کوردستان نەدات، ئاگاهانە یان نائاگاهانە دەبێتە شەریک و هاوبەشی داگیرکەران.

بەڵێ ئێمە ئەوەندە باسی دوژمنمان کرد، بەڵام پێویستە چەند قسەیەکیش لەسەر جاشەکان بکەین. زۆر لەمێژە گوتراوە “گورگ زستان تێپەڕ دەکات، بەڵام قەد سەرماکەی لەبیر ناکات”. بەڵێ ئێمە لە هەمبەر دوژمنانماندا لەسەر پێی خۆمان ڕادەوەستین، بەڵام میدیای پەکەکە قەد لەبیر ناکەین کە لە تەلەفزیۆنەکەیدا هەوڵی ئەوە دەدات ئێران بە بێتاوان نیشان بدات. هەرگیز ئەو کەسانە لەبیر ناکەین کە دڵخۆش بوون بەم هێرشە و سەرەخۆشییان پێشکەش بە قوربانیان نەکرد. وەک چۆن دوژمنە هار و غەددارەکانمان لەبیر ناکەین، دوژمنایەتی جاشەکانیشیان لەبیر ناکەین.

Share